لە کوردەواریدا وا باوە لەدوای نانخواردن یان عەسران میوە ئەخورێت، بۆتە کەلتور کەمێک بەر لە بەڕێکردنی میوانەکان لە درەنگانی شەو سفرەی ماڵەکان بە میوەی جۆراوجۆر وەک شوتی و کاڵەک و ترێ و مۆز و ئەوانی تر دەڕازێندرێتەوە، ئایا ئەوکاتانە تەندروستن؟ ئەگەر وانیە ئەی چ کاتێک باشترینە بۆ خواردنی میوە؟
هەموو شارەزایانی خۆراک و بواری تەندروستی دەڵێن: میوە دەبێت لەناو سیستمی خۆراکی مرۆڤ هەبێت و بۆ تەندروستی زۆر باشە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە هۆشیاری هەبێت و بزانرێت چ کاتێک بخورێت تا لەجیاتی سوودەکەی زیانمان پێ نەگەیەنێت.
لەمبارەیەوە یۆهان شمیدت پزیشک و شارەزای خۆراک لە ئەڵمانیا دەڵێت: بەهۆی ئەوەی میوەکان بەڕێژەی جیاواز شەکریان تێدایە نابێت زیادەڕۆیی لەخواردنیان بکرێت و باشترین کاتیش بۆ خواردنیان بەر لە نانی بەیانییە، چونکە ئەوکاتە کۆئەندامی هەرس دەتوانێت زوو ئەو شەکرەی ناوی لەناو ببات، جگە لەوەش جەستە سوود لەو مادە بەسوودانەی ناوی وەک ڤیتامین C و ریشاڵ و دژەئۆکسیدەکان وەردەگرێت کە لەدژی هەوکردن کاری خۆیان دەکەن.
ئەو شارەزایەی خۆراک باسی لەوەشکردووە، خواردنی میوە لەگەڵ ژەمەکان و خواردنی چەور بۆ گەدە زۆر خەراپە وا دەکات ئەنزیمەکانی هەرسکردنی خواردەمەنی نەڕژێنە سەر کاری هەرسی میوەکە و بەهی تر سەرقاڵ دەبن، ئەمەش وا دەکات رێژەی شەکر بەرزبێتەوە و زیانی تەندروستی لێبکەوێتەوە.
بەپێی رێنماییەکانی ئەو پزیشکە پێویستە میوەکان لەیەک جیابکەینەوە بۆ نموونە مۆز نابێت بەهیج شێوەک بەسکی بەتاڵ بخورێت، چونکە بۆ هەرس قوڕسە و رێژەی 25٪ ی شەکرە و کار دەکاتە سەر بەرزی و نزمی ئەنسۆلین لەناو خوێندا، ئەمەش بێتاقەتمان دەکات و هەست بەبرسیەتی زیاتر دەکەین، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەنگوین یان چەرەزات بخورێت ئەوا سوود لە ڤیتامین B و پۆتاسیۆمەکەی ناوی وەردەگیرێت.
سەرچاوە: PrIsma , DW