راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
گەشتیاران و فرۆشیارانی دەڤەری ئاکرێ، داوا دەکەن حکومەت گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار لە ناوچەکەیان بدات و پاڵپشتی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری ئاکرێ بکات.
ئاكرێ بە یەکێک لە جوانترین شارەکانی کوردستان دادەنرێت و بە جوانی و سروشتەکەی ناوبانگی دەرکردووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن. کۆنترین شوێنی گەشتیاری لە ئاکرێ سه‌یرانگه‌ی سیپەیە کە دەکەوێتە ناو ره‌زوباخی ناوەندی شاری ئاكرێ و بەرزی تاڤگه‌کەی 18 مەترە و سەرچاوەی ئاوه‌كه‌ش لە کانیی زه‌ركەوە ده‌ڕژێت. له ساڵی 1954 لەلایەن شاکر فه‌تاح ده‌ڤه‌رداری ئەو کاته‌ی قه‌زای ئاكرێ، بۆ یەکەمجار بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە و بۆتە شوێنێکی هەمیشەیی گەشتیاری و خاڵێکی گرنگ بوو بۆ راکێشانی گەشتیاران بۆ دەڤەری ئاکرێ.
رووبەرێکی کەمی هەیە
ژێهات عه‌لی، گه‌شتیارێكی ده‌ڤه‌ری ئامێدییە، لەو بارەیەوە وتی، ئاكرێ به‌تایبه‌تی سه‌یرانگه‌ی (سیپه) دڵڕفێن و سه‌رنجراكێشه، به‌ڵام مەودای سیپه زۆر بچووكه و ئێمە ناتوانین زیاتر لە سەعاتێک تیایدا بمێنینەوە کە گەشتیار خۆی لە خۆیدا بۆ پشوودان دەچنە ئەوێ.
گەشتیارێکی دیکە، بە ناوی خالد زاخۆیی، دەیوت: من له رێگایه‌كی دوورەوە هاتوومەتە سه‌یرانگه‌ی سیپه كه ناوچەیەکی گەشتیاری بەناوبانگە، بەڵام نەبوونی شوێنی حەوانەوە ئاستەنگی بۆ گەشتیاران دروستکردووە، به‌تایبه‌تی ئەگەر خێزانێک روو بکاتە ئەوێ شوێنێکی وەهای نییە تیایدا بمێننەوە کاتێکی خۆش بێ کێشە بەسەر ببەن.
باجی جۆراوجۆرمان لێوەردەگیرێت
ئیبراهیم شاكر، فرۆشیارە لە ئاکرێ، وتی: هه‌بوونی مۆڵ و پڕۆژەی گەشتیاری زیاتر سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت، بەڵام لە شارەکەماندا ئەمە وه‌ك پێویست نییە، جگە لەوەش باجی جۆراوجۆر لە ئێمە وەردەگیرێت، ئەمەش ئاستەنگی زۆری لە بەردەم کارەکانماندا دروستکردووە و هیوادارین حکومەت خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە شارەکەمان بکات و شارەوانیش بەرپرسیاربێت لە پاک راگرتنی شارەکە و دانانی زبڵدانی پێویست.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه پشتیوان ئاكره‌یی، سه‌رپه‌رشتیاری سه‌یرانگه‌ی سیپه له ئاكرێ، وتی: رووبه‌ری سه‌یرانگه‌ی سیپه زۆر كەمە و چیتر فراوان نابێت، لە ساڵی 2017 دا چەند گۆڕانکارییەکمان تێدا کرد و تا راده‌یه‌ك به‌رفراوان بووه، بەڵام خزمەتگوزاری گەشتیاری، وەک باخچەی منداڵان، باخچەی ئاژەڵان و هۆتێل و مۆزه‌خانه‌ی كه‌لتوری لە ئاكرێ پێویستە هەبن و دابمەزرێن، بۆ ئەوەی کاتێک گەشتیار سەردانی ئاكرێ دەکەن، بتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لێره بمێننەوە و لەگەڵ ئەوەشدا خه‌ڵكیش كه‌سابه‌ت و قازانجی خۆی بكات، چونکە ئاكرێ شارێکی تایبەتە لە رووی گەشتوگوزاره‌وه هەموو تایبەتمەندییەکانی تێدایه و ساڵانە هەزاران لە گەشتیاران سەردانی دەکەن.
کەمی بودجە ئاستەنگە
زەینەب كەریم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاكرێ بۆ كوردستانی نوێ وتی: لیژنەی چاودێریمان هەیە و هەر شوێنێک كه‌م وكورتیه‌كی تێدا بێت چارەسەر دەکرێت، ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆ فراوانکردنی شوێنە گەشتیارییەکانی ئاكرێ و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كیش دیزایینمان بۆ كردووه، وه‌ك ترافیك و گوندی گه‌شتیاری له به‌رنامه‌دایه، بەڵام کەمی بودجە و قەیرانی دارایی ئاستەنگی دروستکردووه.
وتیشی: ساڵی رابردوو زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار سەردانی ئاكرێی كردووە و پێشبینی دەكەین، ئەمساڵ نیو ملیۆن گەشتیار تێپەڕێنێت و زۆربەی ئەو گەشتیارانە لە باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە دێن.
ئاكرێ بە یەکێک لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری بادینان و کوردستان دادەنرێت، سەیرانگه‌ی سیپه و كانی زه‌رك و گه‌لی زینتا و گیسكێ و باكورمان ناوچە گەشتیارییەکانی ئاکرێن. لە هەموو وەرزێکی ساڵدا هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن. هەبوونی بەرهەمی خۆماڵی و کورده‌واری تایبەتمەندی ئاکرێیە و هۆکارێکی زۆری ژمارەی گەشتیارانە لە ده‌ڤه‌ری ئاكرێ.