سوود و زیانەكانی سیستمی بانكی (هەژماری من)

09:58 - 2024-05-09
ئابووری
69 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەكردنی/ لوقمان مستەفا* 

 

فەرمانبەر بە ئیمزاکردنی گرێبەستی (هەژماری من) پابەند دەکرێت لە هیچ بانکێکی تر هەژماری حسابی نەکاتەوە


ئەم بابەتە تەنها باس لە سوود و زیانەكانی سیستمێك دەكات كە ناوی سیستمی بانكی هەژماری منە. مانای ئەوە نییە كە نوسەرەكەی ئەم سیستمەی پێ پەسەندبێت، بەڵكو تەنها بە شێوەیەكی یاسایی دید و تێڕوانینەكانی  خۆی لە سوود و زیانەكانی روون دەكاتەوە.
سیستمی بانكی هەژماری من:  بریتییە لە دابەشكردنی مووچە لە رێی كارتی بانكییەوە، فەرمانبەر هەژمارێكی بانكی بۆ دروست دەكرێت و لە رێی كارتێكی زیرەكەوە مووچەكەی وەردەگرێت.
ئەگەر دەستی حزب و كەسانی چاوچنۆكی لە پشتەوە نەبێت و بۆ بەرژەوەندی حزبی و كەسی بەكار نەهێنرێت، ئەوە سیستمێكە وەك هەر سیستمێكی بانكی مۆدێرن و بێ كێشەیە.
چونكە ئامانج لەم سیستمە بانكییە وەك خۆیان دەڵێن هەوڵی بە مۆدێرنكردنی كەرتی بانكی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی كوردستاندا و خێراتركردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵكردنی حكومەتە، كە بەشێكی سەرەكییە لە دیدگای كەسانی پسپۆڕ لە بوارەكەدا  كە كوڕی ئەم وڵاتەن و كاربەدەستن لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بۆ بەرەوپێشبردنی چاكسازی و گۆڕانكاری ریشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی كوردستاندا.
بە متمانەیەكی رەهاوە دەڵێن بەهۆی ئەم سیستمەوە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی پارێزراو و شەفاف، لە رێگەی تۆڕێك لە ئامێری پارە (ATM)ەوە كە زیاتر لە هەزار بنكە لە تەواوی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەكانیان بگات، كە ئاسانكاریی دەكات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانكییە مۆدێرنەكان، لەوانەش قەرز، پاشەكەوتكردن و پارەدانی دیجیتاڵی. 
بەم كارە پارەدان بۆ نزیكەی یەك ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەكان و خانەنشینی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی كاش كەمدەكاتەوە وكارایی حكومەت و شەفافیەت زیاتر دەكات، پێیان وایە سوودێكی ئێجگار زۆری هەیە بۆ هاوڵاتیان.

-سوودەكانی سیستمی هەژماری من:
ئەم سیستمە بانكییە وەك باسمان لێوە كرد، ئەگەر بە شێوەیەكی تەندروست بەڕێوەبچێت، ئەوا چەندین سوودی جۆراوجۆری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت و لە بواری ئاسانكاری و سەلامەتی هەژمارەكان دەبێتە هۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی رێكوپێك و لە كاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و كاتی زۆر، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێك بە بەكارهێنانی بانكی مۆبایل - ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەكان.

كاریگەری لەسەر داهات دەبێت 
هەروەها كاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناكار لە پاشەكەوتدا و كڕینی كاڵا، یان خزمەتگوزاری، یان پارەدان بە خەرجییە كەسییەكان لە رێی قەرزی ئاسانەوە، هەروەها لەو رێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ كڕینی كاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەكان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەكان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێوست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بكات.

بەرهەمی ناوخۆیی لێدەكەوێتەوە
لە هەمانكاتدا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە كەرتی بانكیدا و هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەكەوێتەوە و خەرجی بەكاربەرانیش بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاكەكەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی كاری زیاتریش لە كەرتی بانكیدا دەڕەخسێنێت.
بەڵام ئەگەر هاتوو بەشداربوو بە هۆشیارانەوە مامەڵەی لە تەكدا نەكات بەتایبەت لە كاتی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا كە چۆن بەشدار دەبێت و ئەو بڕگە و مادانە چین و چی لە بەرژەوەندیدایە، ئەوا تووشی زیانی مادی دەبێتەوە، وەك هەر گرێبەستێكی تر. هەندێ لە زیان و مەترستەكانی ئەم سیستمە بانكییە دەخەینە روو.

-زیانەكانی سیستمی بانكی هەژماری من: 
 لەم سیستمەدا كەسی بەشداربوو بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكییەكەی بە پێی (هەژماری من) فەرمانگەكەی ئەوە بە زۆەملێ دەبێت حساب بانكی بكەنەوە.
لەو بانكە گرێبەستێكیان بۆ رێكخراوە بەشێك لە مادە و بڕگەكانی جێگای هەڵوەستەیە، لەوانە:
1 - بە ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستە پابەند دەكرێت لەهیچ بانكێكی تر هەژماری حیسابی نەكاتەوە.
2 - بانكم كردە بریكاری خۆم (بەبێ گەڕانەوە بۆمن) هەركاتێك بیەوێت دەتوانێت ئەو قەرزانەی حكومەت داوای لێدەكات دەفعیان بكات و لە مووچەكەی بیهێنێتە خوارەوە.
3 - بانك هەركاتێك بیەوێت (بە رەهایی، هەر لەراستیدا وشەی رەهایان بەكارهێناوە) دەتوانێت عموولەی مووچەكەم بگۆڕیت بۆ هەرچەندێك كە بانك دایدەنێت و پێویست بە گەڕانەوە بۆمن ناكات.

كۆمەڵێك شتی سەیرتر لە مەرجەكان
1 -  تەلەفۆنت بۆ دەكرێت دەڵێن وەرە كارت وەربگرەوە و باسی عەقدی حساب بانكی ناكرێت.
2 -  دوای ئەوەی ئیمزای ئەلكترۆنیت پێدەكرێت ئینجا ئیعلانی دەكەن كە ئەمە  گرێبەستێك ئیمزا كردووە.
3 - بەهیچ شێوەیەك مەرجەكان بە كاغەز نیشانی كەس نادەن.
4 -  نایەڵن مەرجەكانی گرێبەستی كردنەوەی حساب بانك وێنە بگری.
5 - وێنەی گرێبەستە ئەلكترۆنییەكەت پێنادەنەوە.
 ئەنجام 
 گریمان ئەم سیستمە بانكییە لە پێشەوەی هەموو بانكە عیراقیەكانەوەیە لە رووی مۆدێرنێتی و بە باشترین سیستمی بانكی دابنرێت، بەڵام ناتوانی متمانەی خەڵك بەدەستبێنێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی حوكمڕانیەتی خۆیدا  نەك هەر نەیتوانیوە خزمەت بە هاووڵاتییەكانی بكات، بەڵكو بۆتە گرفت و سەرئێشەی بۆ خەڵك دروستكردووە لە سەرجەم سێكتەرەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریدا . 
هەر لە تەك ئەوەشدا پێداگری حكومەت  لەسەر پەیڕەوكردنی سیستمی بانكی هەژماری من بە شێوەی زۆرەملێ خۆی لە خۆیدا بۆتە هۆی دروستبوونی ئەو بێ متمانەییەی هاووڵاتیان.

* پارێزەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان