ژینگەدۆســت یـــان ژینــــگەدژ!

12:20 - 2024-05-12
ژینگە
333 جار خوێندراوەتەوە

د. جوتیار ژاژڵەیی


ساڵانێکە پرسی ژینگە لە کوردستان لە جاران زیاتر قسەوباسی لەبارەوە دەکرێ. ئەمە جێی دڵخۆشییە، بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا کە بەڕاستی خزمەتی ژینگە دەکەن و هۆشیاریی درووست بڵاودەکەنەوە، چینێکیش لە خەڵک دروستبووە تەنیا بە بڕوای خۆیان «ژینگەدۆستن» و کارەکانیان زیانی گەورە و ترسناکیان لە ژینگە داوە. ئەمانە ئەو کەسانەن وەک ئاکتێکی «ژینگەدۆستانە» خاشاک و پاشماوەکانیان لە سەیرانگە و شوێنە دوورەدەستەکان کۆ دەکەنەوە لە عەلاگەیان دەئاخنن، ئینجا هەر لەو شاخ و دەشت و دۆڵانە خاشاکەکە جێدەهێڵن! ئەگەر ئەم کەسانە رێنمایی نەکرێن، کاریگەریی نەرێنیی کارەکانیان تا سەدان ساڵی دیکە لەسەر خەڵک، خاک، ژینگە، سروشت و ئاژەڵانی کوردستان دەمێنێت. با لە چەند بەشێکی کورتدا روونیبکەینەوە ئەمە بۆچی کێشەیە و چارەسەرەکەشی چەند ئاسانە!
سبەینێ سەیارەی خۆڵەکە نایەت!

ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان باجی گەورەی جێهێشتنی خۆڵ و خاشاک دەدەن لەبەر ئەوەی تێکەڵن لە چەندین مادەی کیمیایی و پلاستیکیی زیانبەخش و شووشەی شکاو

ئەو کەسانەی لەسەرەوە باسکران بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک ئەو هەموو خاشاکە لەو شوێنە دوورەدەستانە جێدەهێڵن وەک ئەوەی زۆر دڵنیابن رۆژی دواتر کارمەندانی شارەوانی دێن و هەمووی دەبەنە تانجەرۆ. دیارە ئەمەش هەرگیز روونادات! ئینجا لە کاتی کۆکردنەوەی خاشاکەکەشدا -ئەمە ئەگەر کۆی بکەنەوە- کاتێک ژینگەدۆستێکی راستەقینە پێشنیاری ئەوە دەکات خاشاکەکە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە و لە شوێنێک فڕێی بدەن کە رۆژانە پاک دەکرێتەوە، خێرا یەکێک لەم «بەناو ژینگەدۆستانە» بە بیانووی تەمبەڵی یان پیسبوونی سندووقی سەیارەکەیەوە هەڵدەداتێ و دەڵێ، «نا، نا، پێویست ناکات، خۆیان دەیبەن!» کێ دەیبات؟ خۆیان کێن؟ دیارە ئەمە تەنیا پاساوێکە بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکە ئەخلاقیی و ئایینی و مرۆییەی بەرامبەر ژینگە لەسەر شانیانە.
ئیکۆسیستەم مەشێوێنن!
ئاژەڵە کێویییەکانی کوردستان باجی گەورەی جێهێشتنی خۆڵ و خاشاک دەدەن لەبەرئەوەی ئەو پاشماوانە تێکەڵن لە چەندین مادەی کیمیایی و پلاستیکیی زیانبەخش و شووشەی شکاو..هتد ئاژەڵانیش هەر زوو خاشاکەکە دەدۆزنەوە و دەست دەکەن بە دڕاندنی عەلاگەکان. هەموومان وێنەی عەلاگەی دڕێندراو و خاشاکی پەرشوبڵاومان بینیوە و زۆربەشمان بەتووڕەییەوە گوتوومانە، «وەڵاهی ئەوە ئیشی مرۆڤ نییە!» بەڵێ، راست دەکەیت، هەر بەڕاستی ئەوە ئیشی مرۆڤ نییە و ئاژەڵانن عەلاگەکانیان دڕاندووە! بەڵام ئەگەر تۆ جێت نەهێشتنایە، ئەوە رووی دەدا؟
سەرەڕای ئەوانەش، چەندین ئاژەڵ بە پاشماوە زیانبەخشەکان مردوون و ژمارەیان کەمی کردووە، لەبەرامبەریشدا هەندێک جۆری دیاریکراو کە توانای بەرگەگرتنیان زیاترە، بۆ نموونە بەراز، بەهۆی پاشماوەکانەوە ژمارەیان تا ئاستێکی مەترسیدار زیادی کردووە، بە شێوەیەک ئێستا هەم مەترسییان بۆ سەر ناوچە گەشتیارییەکان و کەرتی کشتوکاڵ درووست کردووە، هەم خۆشیان مەترسیی کوشتنی بەکۆمەڵیان کەوتووەتەسەر.
عەلاگەکەت بەرگەی تیشکی خۆر ناگرێت!
دەبێت بزانیت ئەگەر ئاژەڵانیش عەلاگە جێهێڵدراوەکەت نەدڕێنن و خاشاکەکە بڵاو نەکەنەوە، پاش ماوەیەک تیشکی بەهێزی خۆری هاوین زۆر بەئاسانی ئەوە دەکات و وردە وردە عەلاگەکە شییدەکاتەوە، دواتریش بایەک بەسە بۆ ئەوەی هەر تۆزەی خاشاکەکە بە لایەکدا بڵاو بکاتەوە. لەم بارەدا تۆ بە جارێک سەدان و هەزاران مەتر لە ژینگەی جوانی کوردستانت پیس کردووە، ژینگەیەک کە هەفتەی دواتر هەر خۆت بۆی دەچیتەوە! بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەم ئەوەندە بەسە بڵێم هەفتەی رابردوو دامەزراوەی ڤیم 300 تۆن خاشاکی جێهێڵدراوی من و تۆی لە بەنداوی دەربەندیخان، ئەو بەنداوەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ملیۆنان کەسە، دەرهێنا!
چارەسەرەکە ئاسانە!
ئەمجارە کە سەیرانەکەتان تەواو بوو، خاشاکەکەتان بکەنە عەلاگەیەک یان چەند عەلاگەیەکەوە و لە سندووقی سەیارەکەتاندا جێیەک بچووکی بۆ بکەنەوە. ئاوی لێ دەتکێت؟ بیکەنە دوو عەلاگەوە! سەیارەکەت بەنرخە و دڵت نایەت؟ راست دەکەیت، بەڵام دڵنیابە سەیارەکەت، کە شتێکی بێهەست و بێگیانە، لە ژینگە و سرووشتی جوان و ئاژەڵانی بێتاوانی ئەم دونیایە بەنرختر نییە. تا زووە سەیارەکەت بکەرە ئامرازێک بۆ خزمەتکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکە مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقییەکانی سەرشانت نەک ئامرازێک بۆ زیانگەیاندن بە دەوروبەر. ئینجا کە خاشاکەکەت کردە سندووقەکەوە، بیهێننەرەوە و لەنزیکترین شوێنی دیاریکراوی فڕێدانی خۆڵ فڕێی بدە، شوێنێک کە دڵنیا بیت شارەوانی پاکی دەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان