یادت بەخێر شەهید مامۆستا زانا

10:15 - 2024-05-13
کوردستان
260 جار خوێندراوەتەوە
شەهید مامۆستا زانا

ئەوانەی دەبوونە پێشمەرگە و رێگەی شاخیان دەگرتە بەر، بڕیارەكەیان هەروا هاكەزایی و سەرپێیی نەبوو، بەڵكو تێكۆشەری گۆشكراوی رێكخستنەكان و كەسانی خاوەن بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە بوون، لە هۆشیاری و رۆشنبیریی نیشتمانیانەوە ئەو بڕیارەیان دەدا.
مامۆستا زاناش یەكێك بوو لەو تێكۆشەرانە، ئەندامێكی چالاكی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و رۆشنبیرو مامۆستا بوو. 
 هەڤاڵ (رزگار هاودیانی) پێشمەرگەی دێرین و هاوڕێی شەهید وتی: ساڵی 1985 بوو یان  1986، شەهید مامۆستا زانا وەك كادری رێكخستنی كۆمەڵە هاتە تیپی 83ی هەورێ و لەوێوە یەكترمان ناسی،  كەسێكی لەسەر خۆ و هێمن و زۆر بەڕێز بوو، سەبارەت بە رۆحی شۆڕشگێڕانە و بڕیارەكانی سەرووخۆی گوێڕایەڵ و بەدیسپلین بوو، دڵسۆز و مكوڕ بوو لە ئەنجامدان و بە جێگەیاندنی ئەركەكانیدا.
وتیشی: جگە لەوەی وەك قارەمانێك لەكاری پێشمەرگایەتیدا هەمیشە لە ریزی پێشەوە بوو، كادرێكی رۆشنبیر و بە ئاگاش بوو، هەمیشە هەوڵی خوێندنەوە و خۆپەروەردەكردنی دەدا، لە هەوڵی بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی هێزی پێشمەرگەشدا بوو، زۆرجار دەیوت ئێمە هێزێكی ئازاو  شۆڕشگێڕمان هەیە، بەڵام ئەوە بەس نییە، بەڵكو دەبێ لە رووی تیۆرییەوە هێزێكی فكریش دروست بكەین كە گۆشكرابن بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێشكەوتنخواز.
شەهید مەسعود عوسمان عەلی ساڵح ناسراو بە مامۆستا زانا، لە دایكبووی ساڵی 1959ی گوندی (قازیخانە)ی ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێرە.
دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانە لە ساڵی 1979دا و بە مامۆستا لە گوندی (سارتكە)ی قەزای دوكان دامەزراوە. 
ساڵی 1977 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1982 بووە بە پێشمەرگە لە تیپی 83ی هەورێ، ساڵی 1987 كراوەتە لێپرسراوی رێكخستنی ئەو تیپە.
بەشداریی چەندین چالاكی كردووە، لەوانە: داستانی رزگاری، شەڕەكانی چیای نووسەت، گەرەوان، دێگەڵە، بنەباوان و سماقوڵی.
رۆژی 16/3/1988 لە شەڕێكی قارەمانانەدا، لە چیای ورچەچ شەهیدكرا.

حەیدەر مەنتك

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان