ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران:

د.مەلا كەریم شوكر: عیراق پێویستی بە مانەوەی یۆنامی هەیە

11:23 - 2024-05-13
عیراق
235 جار خوێندراوەتەوە
د.مەلا كەریم

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی یۆنامی لە عیراق لەشوێنی خۆی نییە و بەپەسەندی نازانن، پێشیوایە تاكو ئێستا عیراق مەترسی تیرۆری لەسەرە و كێشەی بنەڕەتی لەنێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكاندا هەیە.
د.مەلا كەریم شوكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند:  ئێمە پێمانوایە داوایەكی لەوجۆرە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەركەكانی یۆنامی لە عیراق لەشوێنی خۆیدا نییە و ناكرێت حكومەتی عیراق بیر لە هەنگاوی لەوجۆرە بكاتەوە، چونكە هێشتا ئەم وڵاتە مەترسیی تیرۆری لەسەرە و  ناكۆكی قووڵی سیاسی لەنێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەکاندا هەیە.
 وتیشی: ئەركی یۆنامی لەهەموو جێگایەك بە عیراقیشەوە هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ئەركەكانی خۆیدا، بۆیە بەپێویستی نازانین ئەو داوایە بكرێت.
 پێیوایە: جگە لەوەی هاوكاری حكومەتە، هاوكات یۆنامی هاوكارە لە پرۆسەكانی هەڵبژاردن و چەسپاندنی بنەماكانی ئازادی و  مافی مرۆڤ‌ و هەروەها هەوڵی لەیەكترنزیكردنەوەی پێكهاتەكانی عیراق ‌و نەهێشتنی ناكۆكییەكان دەدات.
د.مەلا کەریم شوکر تەئکیددەکاتەوە:   پێویستە  حكومەتی عیراق بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆی بڕیاری پێویست بدات و رێگا بەدەستێوەردانی دەرەکی نەدات كاریگەریان لەسەر بڕیارێكی لەوجۆرە لەبارەی یۆنامییەوە هەبێت.

 

تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان