چوارچێوەی هاماهەنگی گوشار دەكات

دەبێت هێزە سوننەكان پۆستی سەرۆكایەتی (نوێنەران) یەكلایی بكەنەوە

11:00 - 2024-05-14
عیراق
245 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد بەلداوی

چوارچێوەی هەماهەنگی گوشار دەكات، تا هێزە سوننەكان لەنێو خۆیاندا رێبكەون بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، ئێستاش فراكسیۆنە سوننەكان لە هەوڵی ئەوەدان، كەسایەتییەك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكەن كە ماوەیەكی زۆرە لەلایەن موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەشێوەیەكی كاتی بەڕێوەدەبرێت 

كوردستانی نوێ‌- ئیدریس جەبار 

 

 

محەمەد بەلداوی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، لەو بارەیەوە بە (كوردستانی نوێ‌)ی راگەیاند:»سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، گرنگییەكی زۆری هەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، لەسەر ئاستی دەرەوە، نوێنەراتی وڵات دەكات و  سەرۆكی پەرلەمانە عەرەبییەكانە، ئەمەش بەرپرسیارێتی ئەوە دەخاتە ئەستۆی عیراق، تا رۆڵی سەركردایەتی ببینێت لە قۆناغێكی مێژوویی نەتەوەییدا». 
بە وتەی بەلداوی:»لەسەر ئاستی ناوخۆ، نوێنەرایەتی یەكێتی گەلی عیراق دەكات، بۆیە پێویستە سەرۆكایەتییەكی بەهێزی پەرلەمان پێكبهێنرێت كە لە توانایدا بێت سەركردایەتی ئەو دامەزراوەیە بكات كە رۆڵی یاسادانان و چاودێریی دەبینێت، لەكاتێكدا ئێمە لە داڕشتنی چەند یاسایەكی گرنگ نزیك دەبینەوە كە پەیوەندییان بە ئاسایش و سەقامگیریی و گەشەپێدانی وڵاتەوە هەیە». 
ئەو سەركردەیەی فەتح دەڵێت:» لەڕووی چاودێرییەوە، پەرلەمان رۆڵێكی گەورەی هەیە لەبارەی بەدواداچوون و كارنامەی حكومەت و بەرێكردنی كارەكان». 
بەلداوی پێیوایە:» كێشە سەرەكییەكە لە ناكۆكی نێوان هێزە سوننەكان و پەرتەوازیی نەبوونی كۆدەنگیاندایە، بەجۆرێك کە ئەو هێزانە لە چەند هێزێكی بچووك پێكدێن و پێشتر لە دوو هێزی گەورەبوون كە (عەزم و تەقەدوم) بوون، بەڵام ئێستا چەندان هێز و حزبی جیاجیان و هەریەك لەوانەش دەیانەوێت، كاندیدی خۆیان پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرێت». 

راستە بەپێی عورفی سیاسی دەبێت، سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننە بێت لە عیراق، بەڵام ئەوەش پشت بە ئاستی پەسەندكراوی و رازیبوونی هێزەكانی تر دەبەستێت


بەلداوی ئاماژەی بە خستنەڕووی چەند كاندیدێك كرد «لەلایەن هاوپەیمانی (سەدارە)  و هاوپەیمانی (سیادە) كاندیدی خۆیان هەیە، (عەزم)یش كاندیدی هەیە، بۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە شیعەكان و هێزە كوردەكانیش و سەرۆكایەتی حكومەت لە ماوەكانی رابردوودا كارییان كردووە، تا ئەو هێزانە كۆبكەنەوە، بەڵام با راشكاو بین هیچ بەدەنگەوەهاتنێك نەبووە، بەو هۆیەی هەر یەكێك لەو هێزانە دەیەوێت پشكی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆخۆی بێت». 
محەمەد بەلداوی باسی لە كۆبوونەوەی نێوان هێزە سوننەكان كرد، كە دەكرێت لێوەی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشان بكرێت و بە پێچەوانەشەوە وەك ئەو دەڵێت:»راستە بەپێی عورفی سیاسی دەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننە بێت لە عیراق، بەڵام ئەوەش پشت بە ئاستی پەسەندكراوی و رازیبوونی هێزەكانی تر دەبەستێت.
كۆبوونەوەكەی نێوان (تەقەدوم و سەدارە)ش بابەتەكە لەو بارەیەوە یەكلایی دەكاتەوە، لەئێستاشدا كێبڕكێكە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە نێوان مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساویدایە». 
پێشتر هاوپەیمانی فەتح، داوای لە هێزە سوننەكان كردبوو، پەلە بكەن لە یەكلایی كردنەوەی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران. 
هێزەكانی تری نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەمان شێوە، بۆ دواجار داوایان لە هێزە سوننەكان كرد، خۆیان یەكلاییبكەنەوە و كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بخەنەڕوو. 
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵی، لەسەر سكاڵایەكی دادوەریی كە لەلایەن لەیس دلێمی پەرلەمانتارەوە بەرزكرابووەوە، بەهۆی تۆمەتباركردنی بە ساختەكاریی بڕیاریدا كۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بهێنرێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان