״سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، چارەسەری گرفتەكان دەكات״

12:53 - 2024-05-15
عیراق
224 جار خوێندراوەتەوە
27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عیراقدا نەكراوە

تەها عەبدوڵڵا

27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عیراقدا نەكراوە، بڕیارە 29ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بكرێت. دوێنێش دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عیراق بۆ هەمان مەبەست كۆبووەوە و تاوتوێی دوایین ئامادەكارییەكان بۆ سەرژمێریی گشتی، كرا.
هیچ مەرامێكی لەپشتەوە نەبێت
لە كۆبوونەوەكەدا، كە بە سەرۆكایەتیی دكتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم و ئامادەبوونی ژمارەیەك وەزیر و بریكار و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم، بەڕێوەچوو. بەوردی باس لە هەنگاوەكانی ئامادەكاری بۆ سەرژمێریی گشتی كرا بەتایبەت ئەو كۆبوونەوە و دیدارانەی لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ ئەو مەبەستە كراون. لەوبارەیەشەوە وەزیری پلاندانان رایگەیاندووە: پێداگریی هەرێم بۆ سەرژمێرییەكی سەركەوتوو ئەوەیە ئەنجامەكانی لە بەرژەوەندیی گشتیی دانیشتووانی عیراق و هەرێمدا بێت بەبێ جیاوازی و هیچ مەرام و مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوە نەبێت.
د.خەلیل ئیسماعیل:
بەدووری دەزانم بكرێت
سەبارەت بەو باسە، پ.د.خەلیل ئیسماعیل مامۆستای زانكۆ و شارەزای بواری سەرژمێریی دانیشتوان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، پێیڕاگەیاندین: بەگوێرەی ئەزموونی 20 ساڵەم لە سەرژمێریدا، بەدووری دەزانم عیراق ئەو پرۆسەیە لەمساڵدا بكات، هۆكاری ئەوەش سیاسییە و لێپرسراوانی عیراق وایدەبینن سەرژمێریی گشتی لەم كاتەدا وادەكات رێژەی راستەقینەی كورد لە هەرێم ‌و لە ناوچەدابڕێنراوەكان دەربكەوێت، ئەوەش بەدڵی ئەوان نابێت، بۆیە بیانووی جۆراوجۆر دەدۆزنەوە تا سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان نەكرێت.
راستی و دروستی دەردەخات
هەر سەبارەت بەو پرسە، سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەكوردستانی نوێ-ی وت: ئێمە هیچ بیانوویەك نابینین بۆ جێبەجێنەكردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ئەگەر حكومەت پێیوایە گرفت هەیە، ئێمە دەڵێین ئەنجامدانی سەرژمێری؛ خۆی چارەسەری ئەو گرفتانە دەكات. وتیشی: بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراق لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، پێكهاتەی كۆمەڵگەی عیراقی تاڕادەیەكی زۆر گۆڕانكاری تێداكراوە و بەشێكی زۆر لەوانەی ئاوارە و دەربەدەربوون، ئێستا زۆربەیان گەڕاونەتەوە وڵات و شوێنەكانی خۆیان، بۆیە سەرژمێری؛ راستی و دروستی رێژەی دانیشتوان دەردەخات و پێویستیشە دووربێت لە مەرامی سیاسی و دەستتێوەردانی لایەنەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان