کەیسەکەی تاریقی بەقاڵ گرژی لێکەوتەوە

09:26 - 2022-06-15
ڕاپۆرت
508 جار خوێندراوەتەوە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی خانەوادەی تاریقی بەقاڵی کرد

راپۆرتی/ کەنار قاسم 

لەکاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکرن و حکومدانی تۆمەتباری چوارەمی کەیسەکەی کوژرانی تاریقی بەقاڵ کە لە ساڵی 2019 دا لە رووداوێکی نامرۆڤانەدا لەلایەن سێ کەسەوە کوژرا و دوای دەستگیرکردنی سێ کەسیان لە تۆمەتبارەکانی ئەو کەیسە و حکومدانیان بە لە سێدارەدان کەیسەکە بە کراوەیی مابۆوە تا دەستگیرکردنی تۆمەتباری چوارەم. پاش تەواو بوونی قۆناغی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، دادگا بڕیاری کۆتایی لە رۆژی 13/6/2022 بۆ ئەو تۆمەتبارەش دەرکرد و حوکمەکە بووە مایەی ناڕەزایی لەلایەن کەسوکاری قوربانیەکەوە، بەو هۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان  پۆلیسەکان و کەسوکاری قوربانیەکەدا دروستبوو، لەو گرژی و ئاڵۆزیەشدا ژمارەیەک ئەفسەر و پۆلیس رەفتاری نەشیاو  و دوور لە بەهاکانی مافی مرۆڤیان بەرامبەر کەسوکاری قوربانیەکە کرد.
 ئەوەش رای گشتی و لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمی بە زوویی هێنایە دەنگ و سەرەڕای داوای لێبووردن لە بەرزترین ئاستدا لە کەسوکاری تاریقی بەقاڵ بڕیاردرا دەستبەجێ ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی تێوەگلاون سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت و رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر. 
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،  لەناو دادگای سلێمانی چەند کارمەندێک لە هێزەکانی پۆلیس هەڵسوکەوتی ناپیشەیی و نا مرۆڤانەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتیان کردووە و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
نووسینگەی تایبەتی قوبادتاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کەسوکاری تاریقی بەقاڵیان لە سلێمانی کرد و قوباد تاڵەبانیش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کەسوکارەکەی کرد.

قوباد تاڵەبانی: ئەرکی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان هۆشیارکردنەوەی کارمەندەکانیانە لەسەر پیشەیبوون و رێزگرتنی کەرامەتی هاووڵاتیان

سەرپێچیکاران سزادەدرێن
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، «بەندە داوای لێبووردن لەو هاووڵاتیانە دەکەم کە ئەم رەفتارە نەشیاوەیان بەرامبەر کراوە و دڵنیاشیان دەکەمەوە لە سزادانی سەرپێچیکاران و داواشیان لێ دەکەم خۆیان سکاڵا لەسەر ئەو پۆلیسانە تۆمار بکەن».
وتیشی:  «ئەرکی پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان هۆشیارکردنەوەی کارمەندەکانیانە لەسەر پیشەیی بوون و رێزگرتنی کەرامەتی هاووڵاتیان».
دوابەدوای ئەوە  بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای راسپاردەی قوباد تاڵەبانی راستەوخۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوەکە پێکهێنا، هەروەها بەفەرمانی بەڕێوەبەر ئەو ئەفسەرە راگیرا کە بووبووە هۆی دروستکردنی ئاڵۆزی لەناو هۆڵی دادگادا و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنرا.

یەکێتی پارێزەری مافەکانتان دەبێت
هەروەها  شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیگەرانی خۆی لەو  مامەڵە نەشیاوە بەرامبەر خانەوادەی تاریقی بەقاڵ دەربڕی و سەردانی خانەوادەی تاریقی بەقاڵی کرد و رایگەیاند: لە دوای ئاگادارکردنەوەم و بینینی تۆماری ڤیدیۆیی رووداوەکە زۆر نیگەران بووم، زۆر بەداخەوەم، ئەو جۆرە مامەڵەکردنە هەرگیز مایەی قبووڵ کردن نییە.دوای پرسینەوە لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە کەیسی تاریقی بەقاڵ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڕیاریدا  پارێزەرێک بۆ ئەو خانەوەدایە  دابین بکات و پێشی راگەیاندن «پشتیوانتان دەبم و وەک یەکێتیش پارێزەری مافەکانتان دەبین بۆ کارئاسانی و باشتر راییکردنی کاروبار و مامەڵەیاساییەکانتان»

لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت
هاوکات ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لەسەر رووداوەکەی نێو دادگای سلێمانی پێکهێناوە و لێكۆڵینه‌وه‌ دەکات له‌ چۆنیه‌تی دروستبوونی رووداوه‌كه‌ و ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كان، لە روونکردنەوەیەکدا ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی خۆمان سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ ناخۆش و نه‌خوازراوه‌، بڕیارماندا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی دروستبوونی رووداوه‌كه‌ و ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كان و دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كان بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌نین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان