ژیاننامەی تۆلستۆی لە كتێبێكی نوێدا

02:48 - 2024-05-16
ئەدەب و هونەر
191 جار خوێندراوەتەوە

لەعەرەبییەوە: موعتەسەم ساڵەیی


لەم ماوەیەی پێشوودا كتێبێك لەسەر ژیاننامەی نووسەری روسی تۆلستۆی لەلایەن ئەندرێ زۆرین بڵاوبووەوە، دانەری كتێب مامۆستای زانكۆی ئۆكسفۆردە و پسپۆرە لەمێژووی ئەدەبی روسیدا. كتێبەكە لەدووتوێی 224 لاپەڕەی بچووكدایە، بەراورد بە ژیانی تۆلستۆی كە هەشتا و چوار ساڵ ژیاوە. كۆی بەرهەمەكانیشی گەیشتە نەوەد كتێب .
نووسەر لەم كتێبەیدا توانیویەتی تیشك بخاتەسەر زۆر لایەنی ژیانی پڕ لە رووداوی ژیانی تۆلستۆی. نووسەری روسی بەوە ناسراوە لەژیانیدا دەستبەرداری شتگەلێكی زۆربووە، زانكۆی بەجێهێشتووە بەبێ ئەوەی بڕوانامە وەربگرێت. هەروەها وازی لە ریزی سوپا هێناوە. یاخود دەستبەرداری هەموو تایبەتمەندییەكانی چینی ئەرستۆكراتی بووە. رەتی كردەوە پابەندبێت بەبنەماكانی كڵێسەی ئەرسەزدۆكسی. ئەم هەموو خواستانەی بۆ دەربازبوون لەوهەموو كۆتوبەندانە، یەكێكە لە رێچكەكانی دانەری كتێب لەبارەی ژیانی تۆڵستۆی گرتوویەتیەبەر. بەشێوازێكی پڕ لەچێژ قۆناخە دوورودرێژەكانی ژیانی تۆلستۆی دەگێڕێتەوە. لەساڵی 1828 لەناوچەی یاسنایا پۆلیانای موڵكی بنەماڵەكەیان لەدایكبووە. لەزانكۆی كازان خوێندویەتی. لەناوچەی قەفقاز جەنگاوە. دواتربوو بەناسراوترین نووسەر لەجیهاندا. وەكو وەرزێرێكی چوستوچالاك ناسرابوو، هەروەها كەسێكی چاكەخوازورێنماییكارێكی بەتوانابوو. وەكو پاڵەوانێكیش دەركەوت لەكاتی ئەو گرانی و قاتوقڕییەی لە روسیا سەریهەڵدا. بەهەموو توانایەوە خۆی لەناوبانگ دەركردن دەدزییەوە. ساڵی1910لەماڵەوە لەگیانەڵادابوو راگەیاندنكاران گەمارۆی ماڵەكەیان داوە. 
هەر لەو كاتەوەی لە ریزی سوپادابوو لەنیمچە دورگەی قرم، بیرۆكەی مەرگی لەلا گەڵاڵە ببوو. وێناكردنی بێ هوودەیی جەنگ وەهای كردبوو هەر لەسەرەتاوە رووبەڕووی بەرپرسانی سانسۆر ببێەێتەوە لەسەردەمی حوكمی سیزەریدا. دانەری كتێب وەكو بەشێك كە قابیلی پەرتبوون نەبێت مامەڵە لەگەڵ رووداو و نووسینەكانی تۆلستۆیدا دەكات. لەو رووەوە دەڵێ بلیمەتی تۆلستۆی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە راستی و قووڵی بەیەكەوە گرێ دەدات. ئامادەیە لەهەموو بۆنەیەكدا گەر كەمبایەخیش بێت چەند بیرۆكەیەكی سەرەكی لەبارەی مرۆڤایەتییەوە هەڵبهێنجێنێت. دواتر لەبارەی پەیوەندییەكانی تۆلستۆی لەگەڵ نووسەرانی وەكو گۆركی و تۆرگنیڤ و چیخۆڤ و دۆستۆیڤسكییەوە دەدوێت، لەكاتی مردنی دۆستۆیڤسكیدا فرمێسكی بۆ هەڵڕشتووە و بۆی گریاوە لەكاتێكدا هەرگیز بەدیداری یەكتر نەگەیشتبوون. 
تۆلستۆی لەململانێ سیاسییەكاندا خۆی هەڵقورتاندووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەكێشەی سەرفرازیی مرۆڤەوە هەبوو. ئەمەیش پانتاییەكی فراوانی لەنێو رۆمانەكانیدا گرتبووەوە. هیچ دەربەستی ئەو هەموو پیاهەڵدانانە نەبوو، بەڵكو ئەو پێیوابوو نووسینی رۆمان رێچكەیەكە بۆ چاكسازیی جیهان. سەرزەنشتی خۆی دەكرد سەبارەت بەوەی لەسەرەتای ژیانیدا خۆی نوقمی چێژەكانی جەستە كردبوو. جارێكیان وتبووی دووبارە خوێندنەوەی بۆ رۆمانی شەڕوئاشتی، وەهای لێكردبوو هەست بەپەشیمانی و شەرمەزاری بكات. راوبۆچوونی سیاسی و ئەخلاقی و رادیكالی و ناكۆكییەكانی لەگەڵ مۆدێرندا، وایكردبوو ئاوێتەی جۆرە لاسارییەكی مەسیحی ببێتەوە كە ناكۆك بوو لەگەڵ بۆچوونی باودا. بریتی بوو لەهەڵسوكەوتی نائاسایی و لەهەمانكاتدا پڕاوپڕ بەگیانی پاڵەوانێتی. ئەمەیش بووبووە هۆی ئەوەی ببێت بەئەستێرەیەكی پرشنگداری دنیای ئەدەب و كۆمەڵ. هزروبیری هەموو جۆرە توندوتیژی و سەركوتكارییەكی ڕەتدەكردەوە. هەموو ئەمانە بەلایەوە خۆ بەدەستەوەدانن بۆ ئاڵۆشیی جەستە و شەیدایی دەسەڵات . 
تۆلستۆی تا رۆژی مردنی رەخنەی لەسزای لەسێدارەدان دەگرت. لەنێو زەوی و زاری یەسنایا پۆلیانادا تەرمەكەی نێژرا. نووسەری كتێب تێبینیی دەكات تۆلستۆی هەرگیز دەستبەرداری زێدی خۆی نەدەبوو، بۆچەند جارێك بەجێیهێشتبوو، بەڵام بێ وچان دەگەڕایەوە بۆی. لەسەردەمی منداڵییدا وێڵ بوو بە دووی داردەستی سیحریدا كە بە هۆیەوە دنیا لە خراپەكاری رزگاربكات. ئێستا گۆڕەكەی بەخەرمانەیەك لەكپی وهێمنیی سەیروسەمەرە گەمارۆ دراوە.   
ئەم دانەرە لەم كتێبە نایابەیدا بەتەنیا سەرگوزشتەی ژیانی تۆلستۆی بەشێوازێكی روونی پڕ لەوردەكاری لە رێچكەی مێژووییدا ناگێڕێتەوە، بەڵكو بەجەختەوە تیشك دەخاتە سەر كەسایەتی و هەست و هۆشی، دیدگایەكی نوێ دەخاتەڕوو لەبارەی ئەو شێوازەی كە سەرگوزشتەی ژیانی و داهێنانە پڕ لەئەندێشەكانی پێكدەهێنا . 
مامۆستای ئەدەبی روسی و جۆرجی لەلەندەن دۆنالد رایفیلد لەبارەیەوە وتی:هیچ ژیننامەیەكی دیكە لەبارەی ژیانی تۆلستۆی نابینم، كە بەشێوەی ئەم كتێبە چڕ و بابەتی و بەچێژ و ورووژێنەر بێت بۆ هزر. لەدووتوێی چوار بەشی پشت بەستوو بەسەرچاوە و بەشێوازێكی سەرنجڕاكێش نووسراوە. دانەری كتێب ئەندرێ زۆرین شاكارێكی هونەریی بەرهەمهێناوە، بەرفراوانیی شارەزایی لەگەڵ شێوازی ڕێكوپێكی هزروی یەكانگیر بوونەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان