دوو خوشكەكەی رێنوار

02:51 - 2024-05-16
ئەدەب و هونەر
169 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز جەبار

ئەم تابلۆیە یەكێكە لە تابلۆ هونەرییە زۆرجوان و ناودارەكانی دنیای هونەری شێوەكاری و بەرهەمی هونەرمەندی ناوداری فەرەنسی رێنوارە، تابلۆیەكی زەیتییە لەسەر كانڤاس كێشراوە. تابلۆیەكی پڕ لە رەنگی گەش و جوانە و بەیەكێ لە بەرهەمە هونەرییە نایابەكانی هونەری ئیمپڕێشنیست دادەنرێت. ئیمپڕێشنیزم قوتابخانەیەكی هونەریی سەدەی نۆزدەهەم بووە، ناوی بزووتنەوەكە لە ناونیشانی تابلۆیەكی نیگاركێشی فەرەنسی كلۆد مۆنێت وەرگیراوە و شێوازێكی هونەرییە لە وێنەكێشاندا پەیوەستە بە گەیاندنی واقیعێك یان رووداوەكان راستەوخۆ لە سروشتەوە  وەرگیراون. لەم قۆناغەدا هونەرمەندان ستۆدیۆكەیان بەجێهێشت و لە هەوای كراوەدا كارەكانیان كرد.
تابلۆی دوو خۆشك، لە ماڵێكدا كێشراوە لە نزیك رووباری سین لە یەكێك لە گەڕەكەكانی پاریس. لە تابلۆكەدا كچێكی گەنج و خوشكە بچووكەكەی لە دەرەوە دانیشتوون و سەبەتەیەكی بچووك لەبەردەمیاندایە، چەند تۆپێكی رەنگاوڕەنگی تێدایە. لەپشتەوە باگراوندێكی گەش دەبینرێ و گەڵای درەختەكانی سەر رووباری سین باگراوندی تابلۆكەیان نەخشاندووە. رێنوار ساڵی 1881 دەستی بە كارەكە كردووە و هەمان ساڵ تابلۆەكەی تەواویی كردووە و بازرگانێكی تابلۆ بە ناوی پاوڵ دوراند تابلۆكەی بە بڕی 1500 فرانك كڕیوە. تابلۆكە بۆ یەكەم جار لە بەهاری ساڵی 1882 لە پێشانگای حەوتەمی ئیمپڕێشنیزم نمایش كراوە. ئەم تابلۆیە وەك هەموو ئەو بەرهەمانەی سەر بەو رێبازەن، زۆرتر گرنگی بە رەنگی گەش دەدەن، پۆرترێت یان وێنەی سروشتی جوان و پڕ لە رەنگن. 
ئۆگەست رێنوار لەتەك گرووپی هونەرمەندانی ئیمپڕێشنیست دا رۆڵی گەورەی هەبووە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا توانییان شۆڕشێك لە هونەردا بەرپا بكەن. رێنوار مێژوویەكی دەوڵەمەند و پڕە ئەزموونی هەیە. ئەم هونەرمەندە نیگاركێشێكی ئیمپڕێشنیستی بووە، ساڵی 1841 لە شاری لیمۆج، هاوت ڤیەن لە فەرەنسا لەدایك بووە و لە پاریسیش گەورە بووە. ساڵی 1919 لە فەرەنسا مردووە. لە ژیانی هونەریی خۆیدا گەلێك تابلۆی نەخشاندووە و بەرهەمەكانی لە مۆزەخانەكاندا دەبینرێ و هێشتا لە ریزی ئەو هونەرمەندانەیە كە بینەران بە تامەزرۆییەوە سەیری تابلۆكانی دەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان