ئەمڕۆ 22ی ئایاری 2024، لیوا رکن عومەر ساڵح حەسەن، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی 70 پێشوازی لە وەفدێکی باڵای سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە پێکهاتبوون لە عەقید ڤێسی، لێپرسراوی راوێژکاریی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە هەرێمی کوردستان، عەقید رەینگاس، لێپرسراوی لیوای یاریدەدەری هێزە ئەمنییەکان و رائد نیکۆلاس و وەفدی سەربازیی یاوەریان.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی جموجۆڵەکانی ئەم دواییانەی تیرۆریستانی داعش و پەرەپێدانی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عیراق و هاوپەیمانان و ههردوولا جهختیانکردەوە لەسەر دانانى پلانێكى تۆكمهى یهكگرتوو بهمهبهستى بنهبڕكردنى ههوڵه تیرۆریستیهكان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات.
لە بهشێكی تری کۆبوونەوەکەدا دواین پێشهات و بەرەوپێشچونەکانی پڕۆسەی دروستکردنی فیرقەکان خرایە بەرباس و گفتوگۆ، لەوبارەیەشەوە هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەپێناوی زوو بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆسەکە، وەفدی میوانیش ههوڵ و ههنگاوهكانى فهرماندهیى هێزهكانى 70 یان بهرزنرخاند له بهرامبهر ئهو بهرهو پێشچونانهى بهخۆیانهوه بینیووە.
لە کۆتاییدا هەردوولا هاوڕابوون کە بەرنامە و پلان و پڕۆژەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وادەخوازێت هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکان و یاسا بەرکارەکاندا پتەوتر بکرێت و بەرەو پێش ببرێت، ئەمەش بە ئامانجی سەرخستنی تەواوی ئەو پرسانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامانجیەتی جێبەجێیان بکات.