گرژیی نێوان چین و ئەمریكا قازانجی مەكسیكی تێدایە

10:14 - 2024-05-23
ئابووری
142 جار خوێندراوەتەوە
ریكلامێكی كۆمپانیای تێسلا و ئیلۆن ماسك-ی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە سانتا كاتارینای مەكسیك

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

مەكسیك خۆی ئامادە كردووە بۆ پێشوازی لە شەپۆلێكی فراوانی وەبەرهێنانی بیانی، ئەویش بە هۆی ئەو گرژییەی كە بەردەوام لە نێوان چین و ئەمریكادا هەیە.
ساڵی رابردوو مەكسیك جێگەی چینی گرتەوە و بووە گەورەترین هەناردەكاری شمەك و كاڵا بۆ ئەمریكا، هۆكاری سەرەكیش لەمەدا ئەو دیاردە باوەی بواری بازرگانییە كە پێی دەوترێ گواستنەوەی نزیك. لە راستیدا پەیوەندی نێوان ئەمریكا و چین و مەكسیكیش هەر دیاردەی گواستنەوەی نزیك كۆیان دەكاتەوە.
بە وتەی هێمبێرتۆ مارتینیز سەرۆكی كۆمەڵەی پیشەسازی ئیندێكس گواستنەوەی كارگە پیشەسازییەكان بۆ مەكسیك بەرەوپێشچوونێكی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و كۆمەڵەی ئیندێكس پێشبینی دەكات، وەبەرهێنانی بیانی لە مەكسیك لە بواری پیشەسازیدا بۆ ئەم ساڵ بگاتە نۆ ملیار دۆلار.
ئاسانكاریی لە باجدا
لە پاڵ ئەو جەنگە ساردەی لە نێوان ئەمریكا و چیندا هەیە، كە وای كردووە وەبەرهێنەران روو بكەنە مەكسیك، حكومەتی مەكسیك خۆشی ئاسانكاریی كردووە لە بواری باج و تێچوونی هێزی كاردا، هەروەها رێكەوتنی بازارگانیی ئازادی ئەمریكای لاتین، كە لە ساڵی 1994 كەوتۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە، ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری بەرهەمهێنان بارەگایان لە باشووری مەكسیك هەبێت كە نزیكە لە سنووری ئەمریكاوە.
لەگەڵ ئەوەشدا گواستنەوەی بارەگای كۆمپانیاكان بۆ مەكسیك بێكێشە نییە و ئەگەری هەیە رووبەڕووی كێشەی نەبوونی ئاسایش و كەمیی ئاو و وزە ببنەوە.

سەرچاوە: CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان