موزیكی فاڤالی و بیركاری

10:31 - 2024-05-23
ئەدەب و هونەر
145 جار خوێندراوەتەوە

شارا نەوزاد

ئیتالیا لە ریزی ئەو وڵاتانەی ئەوروپایە كە خاوەنی سەرمایەیەكی گەورەی هونەری موزیكە، هەروەك چۆن سەردەمانێك نیشتمانی هونەری شێوەكاری بووە و خاوەنی هونەرمەندی مەزن و عەلامەی وەك داڤنشی و مایكل ئەنجیلۆ و... لە بواری هونەری موزیكیشدا خاوەنی پاگانینی بووە، ئەو پیاوەی بە شەیتانی كەمانچە ناسراوە، تا ئەمڕۆش ئیتالیا وڵاتی هونەرە  و خاوەنی گەلێك هونەرمەندی مەزنە لە بواری سینەما و موزیك و شێوەكاری و... لەسەردەمی تازەشدا ئیتالیا هونەرمەندی مەزن و بلیمەتی پێشكەشی جیهان كردووە، یەكێك لەو هونەرمەندانە فێدریكۆ فاڤالییە، ئەم هونەرمەندە گەنجە یەكێكە لە موزیسیانە ناودارەكانی جیهان، نەك هەر لە ئیتالیا بگرە لەسەرانسەری جیهاندا بەرهەمە هونەرییەكانی خۆی پێشكەش بەگوێگران دەكات و ناوێكی دیاری بوارەكەیە و لەهەر جێگایەكی ئەم جیهانە، بەتایبەت ئەوروپا ئاهەنگ بگێڕێ گوێگران لێی كۆدەبنەوە و بە تامەزرۆییەوە گوێیان هەڵدەخەن بۆ چێژوەرگرتن لە هونەری ئەم هونەرمەندە. 
فێدریكۆ فاڤالی موزیكژەنی ئیتالی ساڵی 1981 لە پیێتراسانتا، ئیتالیا لەدایكبووە و لە شاری لوكا گەورە بووە و لە منداڵییەوە چووەتە دنیای هونەری موزیكەوە و ساڵی 2008 لە شاری لوكا وەك پیانۆژەن قۆناغێكی خوێندنی تەواو كردووە و پاشان لە زانكۆی بۆلۆنیا هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە. فاڤالی ئاوازدانەرێكی ناوداری موزیكی كلاسیكی ئیتالییە. لە شاری لوكا گەورە بووە، دەرچووی DAMS - هونەرە جوانەكانە، لە زانكۆی پۆلۆنیا.

 

فێدریكۆ فاڤالییە، ئەم هونەرمەندە گەنجە یەكێكە لە موزیسیانە ناودارەكانی جیهان، نەك هەر لە ئیتالیا بگرە لەسەرانسەری جیهاندا بەرهەمە هونەرییەكانی خۆی پێشكەش بەگوێگران دەكات

 

ئەم هونەرمەندە كارە هونەرییەكانی لە جیهاندا (ئەڵمانیا، ئینگلتەرا، ئەرجەنتین، ئەندەنوسیا، ئێرلەندا، ئوسترالیا، كۆریای باشوور، ئەمریكا و ژاپۆن...) پێشكەش كردووە. ساڵی 2015 شارەوانی لوكا خەڵاتی پیاوی لوكای ساڵی پێبەخشیوە و هەمان ساڵ بانگهێشتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیكی هاوچەرخی داێگو- كۆریای باشوور كراوە و ساڵی 2016  و ساڵی 2019 بەشداری فێستیڤاڵی لوكای كلاسیكی كردووە.

ساڵی 2016 ئاوازدانەر بووە لە شوێنی نیشتەجێبوونی كۆمەڵەی میوزیكاڵ لوچێس بۆ وەرزی زستانی موزیكی ژوور، مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە هۆڵی سان فرانسیسكۆ، لە لوكا كۆنسێرتێكی هارمۆنی بێكۆتایی پێشكەش كردووە لە سان فرانسیسكۆوە بۆ جیهان، بەرهەمێكی هونەری رێكخست، كە تایبەت بوو بە موزیكی خۆی و موزیكی ئاوازدانەرەكانی لوكا.
ئەم هونەرمەندە وەك شارەزایەكی هونەری موزیك بەشێوەیەكی سەرەكی مامەڵە لەگەڵ شیكاری موزیكی هاوچەرخ دەكات. بواری لێكۆڵینەوەكانی بریتین لە موزیكی جیۆرجی لیگێتی، موزیكی تۆماس ئادێس، پەیوەندی نێوان شیعری خۆرخی لویس بۆرگێس و موزیكی هاوچەرخ و پەیوەندییەكانی بیركاری و موزیك. ئەم هونەرمەندە لە ژیانی هونەری خۆیدا كۆمەڵێك بەرهەمی پێشكەش بە جیهانی موزیك كردووە و لەو هونەرمەندانەیە لەسەر ئاستی دنیا گوێگری هەیە و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان