كۆتایی ئەنتوان چیخۆف

10:33 - 2024-05-23
ئەدەب و هونەر
201 جار خوێندراوەتەوە

حەسونە ئەلمسباحی
لەعەرەبییەوە: رەمزی میرەكانی


هێشتا چیرۆكەكانی نووسەری روسی ئەنتوان چیخۆف. جادوو، روونی و جوانییە بەرچاوەكانی خۆیان لەدەستنەداوە. هێشتا خوێنەران لەسەراسەری جیهان،پەرۆشی خوێندنەوەی كارەكانی ئەون، ئەوەش بۆ پێكهاتەی هونەرییە بەرز و رۆچوونی بەناخی مرۆڤایەتیدا دەچێتەوە، وەك ئەوەی بۆ هەموو كەسێك و هەموو سەردەمێك نووسرابن. ئەنتوان چیخۆف، لە 17ـی كانونی دووەمی 1860 لەتاگانبۆرگ لە دایكبووە، بەندەرێكی دەریای ئەزۆفە. باوكی تا ساڵی 1844 كۆیلەبوو، بەڵام دایكی كچی پیاوێكی بازرگان بوو. تافی منداڵی چیخۆف ناخۆشبوو، چونكە باوكی كابرایەكی دڵ رەق بوو، لەم و لەخوشك و برا و هەندێجار لەدایكیشی دەدا. چیخۆف لەم بارەیەوە دەڵێت:(قەت رۆژێك لە رۆژان نەمتوانیووە لە باوكم خۆشبم، كە منداڵ بووم بەگۆچان لێی دەدام) لەنامەیەكیشیدا بۆ برایەكی، باس لەدڵڕەقی باوكی بەرانبەر دایكی دەكات و دەڵێت:(دەمەوێ بەبیرت بهێنمەوە، ستەمكاری و درۆ، گەنجیەتی دایكتیان وێران كرد، وەك چۆن منداڵیەتی ئێمەشی وێران كرد، بەشێوەیەك تا ئێستا بیری لێدەكەمەوە، هەست بەترس و هێڵنج هاتنەوە دەكەم. ستەمكاریی تا ئەوپەڕی دووری رەفتارێكی تاوانكارانەیە.) هەروەها ئاماژە بەسەختی سەردەمی منداڵی خۆی دەكات و دەڵێت: (كە منداڵ بووم هیچ منداڵێتیم نەبینی.) 
لە ساڵی1879دا، ئەنتوان چیخۆف، چووە پاڵ ماڵباتەكەی لەمۆسكۆ جێگیر ببوون و لەوێ چووە كۆلێژی پزیشكی. هاوزەمان بەناوی خواستراوەوە، دەستی بە بڵاوكردنەوەی گوتار لەهەندێ رۆژنامە و گۆڤاردا كرد. دوای تیرۆركردنی قەیسەر ئەلیكسەندەری دووەم ساڵی 1881دا، شانۆگەرییەكی بەناویشانی بلاتۆنۆف نووسی، بەڵام سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستنەهێنا، كەچی شانۆگەری دووەمی لەسەر رێگە گەورەكە دا لەلایەن سانسۆرەوە قەدەغە كرا. دوای ئەوەی خوێندنی پزیشكی تەواو كرد، چیخۆف لەچەندین ناوچەیەكی جیاجیا كاری پزیشكی كرد، ئەزموونێكی گرنگی بەدەستهێنا، تێكەڵاوی خەڵكی بوو، پاشان هەندێكیان بوونە كەسایەتی ناو چیرۆكەكانی. ساڵی 1884دا، یەكەم كۆمەڵە چیرۆكی بەناونیشانی چیرۆكەكانی مۆلۆپان. بڵاوكردەوە. دواتر دەستی بەنووسینی گوتار لە رۆژنامەی سەردەمە تازەكان دا كرد، كە لەشاری پترسبۆرگ دەردەچوو. لەو ماوەیەدا نامەیەكی لەنووسەرێكی ناسراوی ئەو سەردەمە پێگەیشت، كە تێیدا هاتبوو:(من دڵنیام لەوەی تۆ چەندین شاكار دەنووسیت، شاكار بەمانای راستەقینەی وشەكە. بەڵام ئەگەر نەتوانی ئەو هیوا و ئاواتانە بەدیبهێنیت، لە رووی ئاكارەوە ریسوا دەكرێیت) ساڵی 1890ـەوە، چیخۆف لە نووسینی كورتە چیرۆك و شانۆگەرییدا، چەندین سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا. كارەكانی بوونە مایەی سەرسامی گەورە نووسەرانی روسیای وەك تۆلستۆی و مەكسیم گۆركی، لەبارەی چیخۆفەوە دەڵێت:(پێموایە هەموو مرۆڤێك، لە كاتی ئامادەیی ئەنتوان چیخۆفدا، هەستێكی نائاگا دای دەگرێت و لەگەڵ خۆی زیاتر هەست بەسادەیی، راستگۆیی دەكات. بۆنەگەلێكی زۆرم بینیووە تێیدا كەسەكان واز لەهەوڵی بەكارهێنانی دەستەواژەی زلی بەكارهاتووی ناوكتێبەكان و ئەوقسە پڕوپووچانە دەدەن، كە ئێمەی روس هەوڵدەدەین خۆمانی پێدەرخەین، بۆ ئەوەی ئاكاری ئەوروپی لەخۆمان داماڵین، تەواو هاوشێوەی ئەو هۆزە كیویانەی هەوڵدەدەن، خۆیان بەچەقچەقۆك و ددانی ماسی بڕازێننەوە، بەڵام چیخۆف، قەت سەرسامی ددانی ماسی و پەڕی كەلەشێر نەبووە، بگرە ئەو بەشتە رازێنراوەو قەبەكراوەكان بریندار دەبێت. بەلامەوە سەیرە مرۆڤەكان بۆ لە هەوڵی ئەوە دان، دیمەنێك بە خۆیان بدەن مایەی سەرسامی بێت، بۆیە زۆر سەرنجمداوە چیخۆف بە یەكێك لەوانە دەگات، ئەوانەی بەشێوەی زیادەڕەو خۆیان رازاندووەتەوە، هەستێكی لێبڕاو دایدەگرێت، بەوەی لەسەریەتی ئەو مرۆڤە لەو خۆ رازندنەوەیە، شێواندنی سیمای راستەقینەی خۆی رزگار بكات باری قورس كردووە و گیانی زیندووی كۆت كردووە.).
ئەنتوان چیخۆف، هەر زوو تووشی پەتای بەرهەنگ سیل بوو، لەوێستگەیەكی چاك بوونەوە لە دارستانی رەش لەباشووری ئەڵمانیا كوشتی. لەو كتێبەی كە بۆ سەربردەی ژیانی ئامادەی كردووە، نووسەری فەرەنسی هنری ترۆیا، بەم شێوەیە وەسفی كۆتاییەكەی كردووە و دەڵێت: چیخۆف بەهۆی تای گەرمەوە وڕێنەی دەكرد. باسی دەریاكانی دەكرد، بە چاو بریسكانەوە پرسیاری لەبارەی ژاپۆنییەكانەوە دەكرد. كە ئۆلگای هاوسەری ویستی كیسە بەفرێك بخاتە سەر سینگی، بەخۆ هاتەوە و پێی گوت (قەت بەفر مەخە سەر گەدەیەكی بەتاڵ) پەنجەرەكان بەتەواوی كرابوونەوە، بەڵام بۆ هەناسەدان هەنكەهەنكی پێ كەتبوو و شەلالی ئارەقە ببوو. پزیشك كاتژمێر دووی بەرەبەیان هاتە سەری چیخۆف چاوی بەپزیشكەكە كەوت لەناو جێگەكەی قیت بوویەوە و پشتی بە سەرینێك دا لە دوایین جوولەیدا، هەموو زانیارییەكانی خۆی لە زمانی ئەڵمانی كۆ كردەوە و گوتی: (Ich Strebe) واتە (من دەمرم). پزیشكەكە هەر زوو دەرزییەكی كافوری لێدا، بەڵام دڵی بەدەنگییەوە نەهات. پزیشكەكە خەریك بوو داوای بوتلێك ئۆكسجین بكات، كەچی چیخۆف، تا دوایین ساتی ژیانی هەر هزرێكی روونی هەبوو، بە دەنگێكی پچڕپچڕ گوتی: هیچ سوودی نییە، ناگات تا من نەبمە جەستەیەكی ساردوسڕ! بۆیە پزیشكەكە داوای شوشەیەك شامپانیای كرد، شامپانیایەكە گەیشت چیخۆف پەرداخێكی لێی خواردەوە، پاشان رووی بۆ لای ئۆلگای هاوسەری وەرگێڕا و بەپێكەنینەوە گوتی: لە مێژە شەرابم نەخواردووەتەوە! دواتر لەسەر كەلەكەی لای چەپی پاڵكەوت. دوای چەند ساتێكی كەم، هەناسەی وەستا و بەهەمان ئەو سادەییەی كە چیرۆكەكانی پێی دەناسرێنەوە، لە جیهانی ژیانەوە چووە جیهانی مردووان.
سەرچاوە: www.elaph.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان