״یەكێتی لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی پارێزگای نەینەوایە بۆ خەڵكەكەی״

12:28 - 2024-05-23
عیراق
279 جار خوێندراوەتەوە

عومەر حەسەن و تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە لیستی یەكێتی، رایگەیاند: وادەی وەرگرتنی سیڤی بۆ پۆستی قائیمقامی شنگال تەواوبوو و 10 كەسن، لیژنەیەكیش لە ئەنجومەن پێكهێنراوە بۆ یەكلاكردنەوەیان و سێ لە سیڤییەكانیش دەدرێتە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی بە دەنگدان یەكێكیان دیاری بكرێت بۆ پۆستەكە.
یەكێتی خاوەنی 13 هەزار دەنگە
محەمەد جاسم كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە لیستی یەكێتی، لە لێدوانەكەیدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت: هەموو لایەنە سیاسییەكان چاویان لە شنگالە لەبەرئەوەی شنگال شوێنێكی ستراتیژە و تەنانەت وڵاتانیش چاویان لەسەرێتی، بۆیە یەكێتی و تەواوی لایەنەكان چاویان لەوەیە پۆستی قائیمقامی شنگال بەدەستبهێنن و هەوڵی جدی بۆ دەدەن، وەك یەكێتی-یش لەگەڵ چەند لایەنێك لە شنگال و نوێنەرەكانی و تەنانەت لایەنێكی دیكەی ناو ئەنجومەنیش، باسمان كردووە كە یەكێتی بەهەموو شێوەیەك هەوڵی بۆ دەدات، نزیكەی 13 هەزار دەنگمان لەو سنوورەدا هێناوە، جگەلەوەش چاومان لە پۆستی قائیمقامیەتی مەخمور و ناحیەی وانكێشە.
یەكێتی، لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی پارێزگای نەینەوادایە بۆ خەڵكەكەی خۆی دوور لە دەستتێوەردانی دەرەكی
ئاماژەی بەوەشكردووە كە دوای دەستبەكاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا تاڕادەیەكی زۆر دەسەڵات بۆ ئیدارەی پارێزگاكە گەڕاوەتەوە و ئەنجومەنی هەڵبژێردراو ئاگاداری هەموو پڕۆژەكانە، وەك فراكسیۆنی یەكێتیش بەردەوام بۆچوونمان وابووە كە دەستتێوەردانی دەرەكی لە پارێزگای موسڵ نەكرێت‌ و رێگا بە ئەجێندای دەرەكی نەدرێت شارەكە زیاتر وێران بكەن، بەڵكو دەسەڵات بۆ خەڵكی پارێزگاكە بگەڕێتەوە. دەڵێت: ئێستا نزیكەی 40 %ی شارەكە ئاوەدانكراوەتەوە، بەڵام بەهۆی خەرجنەكردنی بودجە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان، بەشێكی زۆر لە پڕۆژەكان تەواونەكراون، قەزا و ناحیەكانی نەینەواش پێویستیان بە خزمەتی زیاتر هەیە، بەڵام كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا و بەردەوامیی ناكۆكییەكان، وایكردووە بەشێك لە ناوچە دابڕاوەكان، خزمەتگوزارییان پێ نەگات.
محەمەد جاسم، ئاشكرایدەكات: بەگوێرەی ئەو بودجەیەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی موسڵ تەرخانكرابوو، كە زیاتر لە شەش ترلیۆن دینار بوو، دەبوو ئێستا بەشێكی زۆری شارەكە ئاوەدانبكرێتەوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردانی، نەتوانراوە كاری پێویست بۆ موسڵ بكرێت، بۆ ئەوەش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكان پێكهێنراوە.
سەبارەت بە شنگالیش، وتی: رەوشی قەزای شنگال لەڕووی ئیدارییەوە كەموكوڕی زۆر تێدایە و بەشێكی زۆر لە بەڕێوەبەر و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان ماوەیەكی زۆرە لە پۆستەكانیاندا بەردەوامن، ئێستا لەهەوڵداین گۆڕانكاری لەو پۆستانەدا بكرێت، ئەوەش هۆكارێك دەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان.
حەوت ساڵە پۆستی قائیمقامی شنگال چۆڵە، دانانی كەسێك بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە خاڵێكی رێكەوتنی شنگالی ساڵی 2020ی نێوان فیدراڵ و هەرێمە، بەمەبەستی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە.

محەمەد جاسم كاكەیی: قائیمقامی شنگال بە مافی خۆمان دەزانین

بابەتە پەیوەندیدارەکان