فێستیڤاڵی زانستی ساڵانەی مایا

بە داهێنان و نوێگەری، خەیاڵەکان دەکەن بەڕاستی

09:18 - 2024-05-26
ڕاپۆرت
166 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


کۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێرکردن، دووەمین فیستیڤاڵی زانستی ساڵانەی مایا بە دروشمی (بە داهێنان و نوێگەری، خەیاڵەکان دەکەین بە راستی) لە ناوەندی فێرکاری شێخ فاخر شێخ  طیب قەیوانی کردەوە.
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و شێخ فاخر شێخ  طیب بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی قەیوان کرایەوە و تیایدا داهێنان و پڕۆژە زانستییەکانی فێرخوازانی سەرجەم ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە قۆناغی بنەڕەتییەوە تا زانکۆ نمایش کرا.
ئەلەند مەحوی وتەبێژی فێستیڤاڵی زانستی ساڵانەی مایا بە کوردستانی نوێی راگەیاند: فێستیڤاڵەکە بە بەشداری سەرجەم ناوەندە پەروەردەییەکانی کۆمپانیای مایا کراوەتەوە کە 20 ناوەندی پەروەردەیین و بە 100 پڕۆژە بەشدارییان کردووە، جگە لەوە چەند چالاکییکی هونەریش بەڕێوەچوو.
وتیشی: لە راستیدا پڕۆژەکان لە هەموو ناوەندە پەروەردەییەکانەوە زۆر زیاتر بوون، بەڵام بۆ ئەم فێستیڤاڵە باشترینەکانمان هەڵبژاردووە، پڕۆژەکان گوزارشت لە بوارە جیاوازەکان و ئاستی خوێندنی خوێندکارەکان دەکەن لە سەرجەم بەشە جیاوازەکاندا.

وتەبێژی فێستیڤاڵی زانستیی مایا:  لە فێستیڤاڵەکدا 100 پڕۆژە نمایشکراوە کە سەرجەمیان بەرهەمی خوێندکارانن

پڕۆژەکان ناوازەن
زانیار، ئیسرا و یەسنا سێ خوێندکاری ئەندازیاری بایۆ مێدیکەڵن لە قۆناغی چوار، ئامێرێکی سکرینیان دروست کردووە لە بواری پزیشکیدا بەکاردەهێنرێت 
یەسنا وتی: ئەو کەسانەی ئێسکەنەرمەیان هەیە بەهۆی ئەوەی کێشە لە جومگە و ئێسکیان هەیە لە رێگەی ئەم ئامێرەوە سکرینی ئەو ئەندامەی لەشی دەکرێت کە پێویستی بە راگرتنی هاوسەنگی هەیە و دواتر بەپێی جۆری کێشەکەی قاڵبی بۆ دروست دەکرێت تا رێک ببێتەوە و بەهۆیەوە بتوانێت هاوسەنگی بۆ کەسەکە بگەڕێنرێتەوە.
وتیشی: ئەم داهێنانە تەنها بۆ ئەندامانی دەرەوەی لەشی مرۆڤ نییە بەڵکو دەتوانرێت بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت ئەندامە ناوەکییەکانی لەشی مرۆڤەکە جێگیر بکرێت.
ئەو پڕۆژە زانستییانەی کراون پێداویستییەکانیان لەلایەن ناوەندە پەروەردەییەکانەوە بۆ دابینکراوە، واتا بە پێداویستی ناو تاقیگەکانی خوێندنگەکان پڕۆژەکان جێبەجێ دەکرێت، ئەو خوێندکارانەی بیرۆکەیەکیان هەیە هاوکاریان دەبن جێبەجێی بکەن.
وتەبێژی فێستیڤاڵی زانستی ساڵانەی مایا دەڵێت: سەرجەم پڕۆژەکان ناوازەن و ئەگەر هاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی پەرەیان پێ بدرێت دەتوانن چارەسەری کێشەو گرفتەکانی توێژەکانی کۆمەڵگەی پێ بکرێت.
وتیشی: ئامانجی سەرەکی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە ئەم پڕۆژانە دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێت ببن بە پڕۆژەی گەورەی کار بۆ خوێندکارەکان و لەلایەن سەرمایەدارانی وڵاتەوە پشتیوانی بکرێن.
هەندێک لە پڕۆژەکان بیرۆکەی تەنها خوێندکارێک بوو، بەڵام هەندێکی تر لە لەلایەن گروپێک  خوێندکارەوە ئامادە کرابوو کە سەرجەمیان لەلایەن مامۆستایەکی ناوەندە پەروەردەیەکەوە سەرپەرشتی کراوە.

چەند لایەنێک لە فێستیڤاڵەکە

بەشێک لە پڕۆژەکان
تنۆک توانا لە بەشی ئەندازیاری پزیشکی، ئامێرێکی دروست کردووە بۆ تێگەیشتن لەو کەسانەی تووشی شەلەل بوون و وتی: ئامێرەکە پێکهاتووە لە توڵێکی تەنک کە داخوازییە سەرەکییەکانی ئەو کەسەی لەسەر تۆمارکراوە کە تووشی شەلەل بووە و توانای قسەکردنی نەماوە، لە رێگەی جوڵاندی پەنجەیەوە پەیام دەتوانێت پەیامی دەنگی بنێرێت و کەسانی دەوروبەر تێ بگەیەنێت چی دەوێت.
ئایە کەریم خوێندکاری پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە بەپڕۆژەیەک رێگەوبان بەشداری فێستیڤڵەکەی کردبوو، پڕۆژەکەی ئایە دروستکردنی دانانی ستوونێک بوو لەسەر شەقامە گشتییەکان، لە بەشی سەرەوەی لایتی پێوە بوو بە کزی کاری دەکرد و بە تێپەڕینی ئۆتۆمبێل یاخود هاووڵاتی بە بەردەمیدا رووناکییەکەی زیادی دەکرد. ئایە وتی: پڕۆژەکەم بە وزەی خۆر کاردەکات کە دۆستی ژینگەیە و جگە لەوەش لە بەشی خوارەوەی ستوونەکە بە دەست لێدان دەتوانیت تەلەفۆن بکەیت بۆ پۆلیس تا لەکاتی حاڵەتی رووداوی هاتوچۆ بە ئاسانی پەیوەندی بکرێت و تیمەکان بتوانن بگەنە شوێنەکە بۆ رزگارکردنی قوربانییان.
بەشێک لە پڕۆژەکانی ساڵی رابردووی فێستیڤاڵی مایا لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانەوە پێشوازییان لێ کراوە و پشتیوانی کراون بۆ پەرەپێدانی زیاتر.

پڕۆژەکان پێویستیان بە پەرەپێدانە
ئەلەند مەحوی وتەبێژی فێستیڤاڵی زانستی ساڵانەی مایا وتی: بە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتمان بانگهێشت کردووە بۆ فێستیڤاڵەکە، بەڵام تائێستا هیچ دەستپێشخەرییەکمان نەبینیوە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرەدان بە بیرۆکە جیاوازەکانی خوێندکارەکان، کە ئومێد دەکەین بێن و پاڵپشتی پڕۆژەی خوێندکارەکان بکەن و بیبەنە قۆناغی بە بازاڕکردنەوە.
میران مامۆستای گروپێک قوتابی پۆلی شەشی بنەڕەتی بوو کە ئامێرێکیان دروست کردبوو قوتابییەکان بوو هەموو روناکییەکی دەگۆڕی بۆ وزەی کارەبا وتی: بەهیواین لایەنی بەرپرس یان سەرمایەدارەکان پشتیوانی بیرۆکەی ئەم خوێندکارانە بن بۆ ئەوەی بب ن بە پڕۆژەی گەورە.
فێستیڤاڵی زانستی ساڵانەی مایا لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان  داهێنان بکەن لە بوارە جیاوازەکاندا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان