داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا
بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا هەریەک لە نەرویج و ئیسپانیا و ئێرلەندا و سلۆڤینیا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن، ئەوەش بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئێندپێندت-ی ئێرلەندی. رۆژنامەی JIEFANG RIBAO -ی چین -یش ستایشی هەڵوێستی ئەو وڵاتانە دەکات و دەڵێت زلهێزەکانی خۆرئاواش دەبێت هەمان هەڵوێست بنوێنن.
رۆژنامەی Frankfurter Allgemeine Zeitung ی ئەڵمانی تێڕوانینی جیاوازە و پێیوایە لە قازانجی حەماسە.
رۆژنامەی سودکورێر SDKURIER -ی ئەڵمانیش رایگەیاندووە: «ئەڵمانیا بە زەحمەتی دەزانێت فەلەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێت» و مانشێتی رۆژنامەی هائارێتزی Haaretz -ی ئیسرائیلیش دەڵێت: «ئامانجی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، پاداشتکردنی تیرۆریزمە».
فەرمانی دەستگیرکردنی نەتانیاهو
داواکاری گشتی دادگای نێودەوڵەتی لە چەند رۆژی رابردوودا داوای دەستگیرکردنی بنیامین نەتانیاهو - ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی کرد.
رۆژنامەی دی پرێسە DIE PRESSE ی نەمسایی لەوبارەیەوە دەڵێت: «جێی خۆیەتی هەردوولایەنی جەنگەکە وەک یەک بخرێنە تای تەرازووەوە، دەبێت هەردوولایان بەیەک چاو سەیربکەین و سزایان بدەین».
لە وتارێکی رۆژنامەی فۆلکس کرانت DE VOLKSKRANTی هۆڵەنداشدا هاتووە: «ئەگەر ئەو دادگایە بیەوێت یاسا نیودەوڵەتییەکان شەرعییەتیان هەبێت، دەبێت نەتانیاهو لەسەر تاوانی کوشتاری فەلەستینییەکان سزا بدەن و ناکرێت ئەوانەی دۆستی خۆرئاوان چاوپۆشیان لێ بکرێت.
THE GUARDIANی لەندەنیش دەبێت وڵاتان پشتیوانیی داواکاری گشتی بکەن و دەست لە کاروبارەکانی وەرنەدەن تا یاسا بچەسپێنێت.
وتەبێژی راوێژکاری ئەڵمانیاش بە تەلەفزیۆنی ZDF وتووە: «ئەڵمانیا نیگەرانە، بەڵام ئەگەر دادگا بڕیار بدات، ئەوان جێبەجێی دەکەن.
هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەریتانیا
ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا 4 مانگی تەمموزی بۆ هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکەی دیاریکرد، رۆژنامەی ذی گاردیان The Guardian -یش رەخنە لە سوناک و حزبەکەی دەگرێت بەوەی بڕیارەکە درەنگوەختە وەسفی دەکات.
رۆژنامەی دەنگز نهێتەرDagens Nyheter –ی سویدیش بڵاویکردۆتەوە: لەو هەڵبژاردنەدا کیر ستارمەر سەرۆکی پارتی کرێکاران باشترین چانسی هەیە کە ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو و دەتوانێت سەرلەنوێ وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا نزیک بکاتەوە.
مانۆڕی سەربازیی چین
رۆژنامەی CHINA DAILY چین دەڵێت: پەکین بۆ پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خۆی ئەو رێوشوێنانە دەگرێتەبەر کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا یەکدەگرنەوە و هیواخوازین بەرێگەی ئاشتیانە نیشتمانەکەمان یەکبگرێتەوە.
رۆژنامەی تایپەی تایمز-ی تایوانی-ش لەو رووەوە دەنووسێت: «پێویستە کۆماری میللیی چین دان بە راستییەکان و ئەو نیازپاکییەدا بنێت و تاکلایەنانە دۆخی ئێستا نەگۆڕێت.