راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
لە ژیانی خوێندكار و مامۆستا لەخوێندنگەدا، لەو تەمەنەی كە بەیەكەوە بەسەری دەبن لەبواری پەروەردەدا، هەردوولا لەهەوڵی ئەوەدان كە زیاتر خزمەت بە بوارەكەی خۆیان بكەن.
هەردوولا لە تێكوشانی ئەوەدان كە سەر دیوار و ناو پۆل و باخچەی قوتابخانە بەشێوەیەكی بەرچاو بڕازێننەوە كە شایستەی تێگەیشتنی هەردوولا بێت، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بە یەكتری بكەن، لەم بوارەدا مامۆستا لە ئەستۆیەتی ئەو زانیارییە پەروەردەیەی كە لە پولدا بە خوێندكارەکانی دەڵێتەوە بە شێوازێكی تری شێوەكاری بیچەسپێنێت لای خوێندكار، بۆیە هەوڵدەدات بە رەنگ و وشە و وێنەی جۆراوجۆر خوێندكار ئاشنا بكات كە پرۆگرامەكە چوارچێوەیەكی ئەرێنی وەرگرتبێت، بۆیە هەندێكجار پەنا دەباتە بەر كاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كە هەردوولا بەشداری تێدا دەكەن.
كارێكی ئارەزوومەندانەیە
مەحمود عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی كەركوك، رایگەیاند: (ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە كە لە هەندێك خوێندنگەكانی كەركوك مامۆستایان بە هاوبەشی لەگەڵ خوێندکاراندا هەڵدەستن بە رازاندنەوەی قوتابخانەكانیان، كە هەندێك لە مامۆستایان باخچەی خوێندنگەكانیان ئەوەندە دڵگیركردووە كە بۆ سەرپەرشتیكردنی باخچەی قوتابخانەكەیان هاوینانیش ناوە ناوە سەردانی قوتابخانەكە دەكەن).
ستایشكردن گرنگە
وتیشی: (ئێمە وەكو سەرپەرشتیارانی قوتابخانەكان كاتێك ئەو دیاردە جوانانە دەبینین سوپاس و رێزیان بۆ دەكەین بۆ ئەوەی رێخۆشكەر بێت بۆ مامۆستایانی تریش لە خوێندنگەكان كە هەوڵبدەن لاسایی ئەو مامۆستایانە بكەنەوە، یان رێچكەی ئەوان بگرن بۆ ئەو كارە جوانە، چونكە هەندێك لەو كارانە چوارچێوەیەكی پەروەردەیی جوانی وەرگرتووە كە خزمەت بە خوێندكار دەكات لەخوێندنگەكاندا).
ئارەزوومەندان لە هەر دوولا بەشداریی دەكەن
رێبین عەلی، خوێندكارە لە یەكێك لە دواناوەندییەكانی كەركوك، وتی: (لە قوتابخانەكەماندا بۆتە باو هەموو ساڵێك هەرە وەرزی لە نێوان خوێندكار و مامۆستادا كار بۆ رازاندنەوە و دووبارە نۆژەنكردنەوەی دیوار و پولەكانی قوتابخانەكە دەدەین بە بابەتی پەروەردەیی جۆراو جۆر كە هەندێكی چوارچێوەی زمانی خوێندکار نیشاندەدات بۆ ئارەزووەكانی كە هەندێك جار خوێندکاریە بەهرەدارەكان بەشداری زیاتر تێدا دەكەن بەتایبەتی ئەوانەی دەستی خۆشنووسی و وێنەكێشانیان هەیە و دەربڕی بابەتە پەروەردەییەكان بن بە رەنگ و وێنە).
هەستێكی دەروونی دڵگیر دەبەخشێت
نازی عەلی، توێژەری كۆمەڵایەتی لەسەر رازاندنەوەی قوتابخانە و كاریگەرییەكانی لەسەر مامۆستا و خوێندکار، رایگەیاند: (لەڕابردوودا لە پرۆگرامی خوێندنی خوێندنگەكان بابەتە كۆمەڵایەتییەكان زیاتر لەوێدا خۆی دەچەسپاند كە خزمەت بەخوێندنگە و خوێندكار و مامۆستاكان بكات، بۆیە لە وانەكانی زانستدا مامۆستا خوێندکاریەكانی بە كارێكی دەستی رادەهێنا لە باخچەی قوتابخانەكان بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆڵ و دارو درەخت و تۆودا، بۆ ئەوەی خوێندکار لە ژیانی رۆژانەیدا بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ژیانی باخچەدا دەكات).
ئارامییەكی دەروونی تێدایە
ئەو توێژەرە وتی: (رووكارێكی تری ئەم جوانكارییە كە لەلایەن مامۆستا و خوێندکاریەوە دەكرێت لەبوارە شێوەكارییەكەدا دەچێتە چوارچێوەی ئارام بوونی دەروونی لە نێوان خوێندكار و مامۆستادا، چونكە مامۆستا هەست بە ئارامی خوێندكارەكەی دەكات لە تێگەیشتنی بابەتە پەروەردەییەكان لە نێوان زارەكی وانەكان، كە هەر دوولا زیاتر ئاشنای یەكتری دەبن).
ئەو توێژەری كۆمەڵایەتییە باسی لەوەشكرد رێنماییەكانی پەروەردە لە تیۆرەكانی پەروەردەدا ئەو كارە دەستییانەی مامۆستا و خوێندكار زۆر بەرز دەنرخێنێت، چونكە دەزانێت هۆكارێكە بۆ بەردەوام بوون و تەواوكردنی پرۆسەی خوێندن بۆ هەردوولا و خزمەتەكانیش دەچێتە چوارچێوەی هەر دوولاوە و زیاتر ئەو بۆچوونە دەچەسپێنێت كە خوێندكار هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ نەكات بەرامبەر مامۆستاكەیی و ئەوە لە ئاوەزیدا دەچەسپێت كە ئاشنای كۆمەڵگە پەروەردەییەكەیەتی لە چوارچێوەی خێزاندا.
كارەكان پێویستی بە پشوو درێژی هەیە
مامۆستا زارا عوسمان، بەڕێوەبەری دواناوەندی (رەنجوری) كچان، وتی: (لەسەرەتادا زۆر ئاستەنگم هاتە پێش بۆ ئەو كارە دەستییانەی كە لە خوێندنگەكەمدا پێی هەڵسام بووم بە مەبەستی رازاندنەوەی قوتابخانەكە، دواتر بەهاوكاری مامۆستایانی هاوڕێم لە خوێندنگەكەماندا توانیمان بەسەر ئەستەمەكاندا زاڵ بین).
وتیشی: (یەكەم كاری شێوەكاریم وێنەی شاعیر رەنجوری و شیعرەكانی و نووسینی ژیاننامەی بوو لەسەر دیواری خوێندنگەكەمان تا خوێندكاران بەو كەڵە شاعیرە ئاشنا بكەین، ئەوەی دڵخۆشی كردم خوێندكاران وردە وردە ئاشنای رەنجوری و شیعرەكانی بوون، بەشێك لە خوێندكاران شیعر و ژیاننامەی ئەو شاعیرەیان لەبەر كرد، چونكە وێنە و شێوەكارییەكی جوانمان بەرازاندنەوەی دیواری خوێندنگەكە دابوو لەڕووی شێوەكارییەوە، رۆژانە خوێندكاران سەیری ئەو دیمەنەیان دەكرد و شیعر و ژیاننامەی شاعیری ناوبراویان دەخوێندەوە).