بەحرلعلوم و مەساری –ش باس لە رۆڵی یەکێتی و رابەرەکەی دەکەن

هەمیشە رۆڵی سەرۆك مام جەلال و یەكێتی لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا گرنگ و میحوەری بووە

10:26 - 2024-05-29
ڕاپۆرت
291 جار خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم بەحرلعلوم كەسایەتیی سیاسی ناودار و ئەحمەد مەساری باس لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن لە پرۆسەی سیاسی عیراق و سەرۆك مام جەلال بە میحوەری سەرەكیی راگرتنی هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی عیراق و یەكێتیش بە حزبە رەسەنە خەباتگێڕەکەی پێش پرۆسەی ئازادیی عیراق و دوای پرۆسەكەش وەسف دەكەن.

راپۆرتی/ ئیدریس جەبار 

راگری هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان
لەو رووەوە ئیبراهیم بەحرلعلوم، كەسایەتی سیاسیی ناودار و وەزیری پێشووتری نەوتی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ‌ راگەیاند: «رۆڵی سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێش پرۆسەی ئازادیی عیراق و لە دوای پرۆسەکەش، رۆڵێكی ناوازە بووە، بۆیە یادەوەرییەكانی ئەو ماوەیە، زۆرێك لە پرسە جەوهەرییەكانی لەخۆگرتووە كە تێیدا سەرۆك مام جەلال هەڵوێستێكی جوامێرانەی تیایاندا هەبووە، جا لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی عیراق بووبێت لە پێش پرۆسەی ئازادیی عیراق، یان لە دوای پرۆسەکە، چونکە بەردەوام میحوەرێكی سەرەكی بوو بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی عیراق، تەوەری كۆكەرەوە بوو كە توانای كۆكردنەوە و یەكخستنی هەمووانی هەبوو، لەلایەن هەمووانیشەوە جێگەی رێزێكی زۆر بوو، هەمیشە بە بیروڕا سیاسییەكانی و خەسڵەتە كۆمەڵایەتییەكەی لەلایەن هەمووانەوە مایەی رێز بوو، تەنیا دەتوانین لە رستەیەکدا کورتی بکەینەوە و بڵێین «سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی ناوازە بوو».
بەحرلعلوم وتییشی: «لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا لە كایەی سیاسیدا، مام جەلال رۆڵی گەورەی هەبوو لە گۆڕانكارییەكاندا، لە ماوەی سەرۆكایەتیشدا لەدوای گۆڕانكارییەكان، توانای  تێپەڕاندنی زۆربەی قەیرانەكانی هەبوو، لەڕێی قورسایی و پێگە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەیەوە، لە هەمان كاتدا هەوڵی دەدا هۆکار و پاساوی قەیرانەكان ببڕێت و رێگە لە روودانیان بگرێت، لە هەندێك كاتیشدا هێزە سیاسییە ناكۆكەكانی لەگەڵ یەكتریدا كۆدەكردەوە و ئاوی بە ئاگری ئاژاوە و دووبەرەكیدا دەكرد». 

 

ئیبراهیم بەحرلعلوم: سەرۆک مام جەلال بەردەوام میحوەرێكی سەرەكی بوو بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی عیراق و تەوەری كۆكەرەوە و یەكخستنی هەمووان هەبوو

 

كتێبێك دەربارەی سەرۆك مام جەلال
بەحرلعلوم باسی لە هەوڵی چاپكردنی كتێبێكیش كرد كە لە نزیكەی 700 لاپەڕە پێكدێت و پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەنێوان هەردوو دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و بەحرلعلومە کە بەم نزیکانە  دەردەچێت و تێیدا باس لە رەهەندە فكری و سیاسییەكانی كەسایەتی  سەرۆك مام جەلال دەكات.
هەروەها رایگەیاند کە هەست بە كۆستێكی گەورە دەكەن بۆ لەدەستدانی سەرۆك مام جەلال و وتی: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە هێزی سیاسی و جەماوەریی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، توانای هەیە پرەنسیپە سەرەكییەكانی دیدی مام جەلال لە دۆخی ئێستای وڵات و ئایندەدا بەگەڕبخات، چونكە چەند پرەنسیپێك هەن كە سەرۆك مام جەلال پشتی پێدەبەستن و بەردەوام ئێمەش لە یادوەریماندا دەدرەوشێنەوە، لەپێناوی دیاریكردنی رێگەی ئایندە و دیاریكردنی فەزای نیشتمانی، سەرۆك مام جەلال دیدێكی نیشتمانیی هەبوو بۆ هەموو عیراق، بۆیە بوونی ئەو لە زۆربەی پارێزگاكانی عیراق و لە بەغدا بەشێوەیەكی بەهێز بەدی دەكرێت».
سەرۆك مام جەلال و لەئامێزگرتنی هێزە سیاسییەكان 
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد مەساری، ئەمینداری گشتیی حزبی (ئەلحەق ئەلوەتەنی) و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بارەی رۆڵی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بە كوردستانی نوێ‌ -ی راگەیاند: سەرۆك مام جەلال هەموو هێزە سیاسییەكانی عیراقی لەئامێزگرتبوو، لە لەكورد و سوننە و شیعەو  هەموو پێکهاتە و حزبەکانی عیراقەوە نزیك بوو، هەروەها وتی: «بۆ دوو خوول سەرۆك كۆماری عیراق بوو، ئەمەش پێمان دەڵێت كە لەلایەن عیراقییەكانەوە كەسایەتییەكی پەسەندكراو بوو».

 


ئەحمەد مەساری: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هێزە سیاسییە گرنگەكانی وڵاتە و رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە ئامادەسازیی  بۆ چەسپاندنی پرۆسەی سیاسی عیراق

 

 

یەكێتیش رۆڵی گرنگی هەبووە 
لەبارەی یەكێتییەوە، مەساری دەڵێت:»یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هێزە سیاسییە گرنگەكانی وڵاتە و رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە ئامادەسازیی بۆ پرۆسەی سیاسیی عیراق لە دوای (داگیركاری) ش رۆڵێكی ئەرێنی بینیووە». روونیشیکردەوە کە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا پەیوەندییەكی باش و پتەویان هەیە، بۆیە هیوای سەركەوتن و سەرفرازیی بۆ ئەو حزبە دەخوازێت و وتی: «بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەوە گەرمترین پیرۆزباییان لێدەكەین».
عیراقی لە ئاژاوە و دووبەرەكی دوورخستەوە 
لەبارەی ماوەی سەرۆكایەتیی مام جەلال-یشەوە، ئەحمەد مەساری رایگەیاند: «ئەو ماوەیەی مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو، ماوەیەكی قورس بوو بۆ عیراق، كێشمەكێش و ناكۆكیی سیاسی و توندوتیژی تایفەگەریی و چەند رەوتێکی تیرۆریستیی زۆر بەهێز هەبوو، لەوبارەیەشەوە دەڵێت: «وێڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانەش، سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی توانی سەركردایەتیی عیراق بكات و  پرۆسەی سیاسی بگەیەنێتە كەناری ئارام و عیراقییەكان لە زۆر ئاژاوە و دووبەرەكی دووربخاتەوە، ئەوەش لەڕێی سەنگی سیاسی و كەسایەتی خۆیەوە كە لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەكانەوە جێگەی قبووڵ بوو».

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان