ئەوەی نێردراوە خشتەیە، پرۆژەیاسا نییە

لێرەوە كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت

01:52 - 2024-05-29
ئابووری
141 جار خوێندراوەتەوە

ئارام جەبار 

كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەك لە دواكەوتنی ناردنی پارە لەلایەن بەغدا و لەیەكی دییەوە لە مەرجەكانی «بەبانكیكردن» و رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكاندا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، هێشتا مووچە لە كاتی خۆیدا ناگاتە دەستی مووچەخۆران و كێشەی مووچەی لە هەرێمی كوردستاندا بە هەڵپەسێردراوی هێشتۆوە، دوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاماژە بەو رێڕەوانە دەكەن كە دەكرێت ببنە مایەی چارەسەری ریشەیی بۆ كێشە و رەواندنەوەی ئەو تەنگژانەی لەو بارەیەوە ناوبەناو لە نێوان هەرێم و بەغدادا درووست دەبن. 
خشتەكانی بودجەی گشتی 
سروە محەمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی كێشەی مووچە و پشكی هەرێمی كوردستانەوە لە بودجەی فیدراڵی، بە (كوردستانی نوی)ی راگەیاند: «سەبارەت بە مووچە، ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان، وەك چەند خشتەیەك هاتووە، واتە وەك پرۆژە یاسا نەهاتووە تا ئێمە دەنگی لەسەر بدەین، چونكە ئەمە تەواوكەری بودجە سێ ساڵییەكەیە كە پێشتر لە پەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەردراوە، ئەم خشتەیەی ئێستاش بۆ ساڵی 2024 بە پێی ئەو تەواوكارییە دەبێت، كێشەكانی هەرێمی كوردستانیش ئێستا خۆیان لە بودجە و مووچەدا دەبیننەوە، بودجەش پەیوەندی بە پابەندبوونی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵەوە هەیە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە مووچەوە هەیە، بەو پشكەی لە بودجەی عیراق دیاریی كراوە بۆ مووچە، ئەم ساڵ كێشەی مووچە لە هەرێمی كوردستان نامێنێت، گەر بە شێوەی ئەو بودجەیەی كە هاتووەتە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. ئاشكراشە هێشتا پرۆژە و خشتەكە دەنگی لەسەر نەدراوە كە هاتووەتە پەرلەمان و لە لیژنەی داراییە، بۆیە هیوادارین ئەو خشتەیەی هاتووەتە پەرلەمان و پەیوەندی بە مووچەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوەندەی ئێمەش ئاگادارین لیژنەی دارایی چەند كۆبوونەوەیەكیان لەسەر ئەو خشتانە كردووە  كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراون». 

 

 

سروە محەمەد: لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چەند كۆبوونەوەیەكیان لەسەر ئەو خشتانە كردووە و دەبێ لە ماوەی مانگێكدا دەنگی لەسەر بدرێت

 

 

 

دەنگدان لەسەر بودجە  
بە وتەی سروە محەمەد: «دەبێت لە ماوەی مانگێكدا پەرلەمان دەنگ لەسەر خشتەی بودجە بدات، تا كێشەی بودجە چارەسەر بكرێت، كێشەی بودجەش تەنیا پەیوەندی بە دەنگدانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە كۆمەڵێك رێكارەوە هەیە، چونكە بودجە بەر لەوەی بێتە پەرلەمان كۆمەڵێك رێكار لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا هەیە، پێویستە ئەو رێكارانەش جێبەجێ بكرێن، یەكێك لەوانە بەبانكیكردنی مووچەیە (تەوتین) كە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە و بە پێویستی دەزانێت مووچە بەبانكی بكرێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پابەند بێت بە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمەش یەكێكە لەو پابەندبوونانەی كە دەبێت حكومەتی هەرێم جێبەجێیان بكات، پابەندبوونی دووەمیش لەسەر حكومەتی فیدراڵە كە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و بە دووری بگرێت لە ململانێ سیاسییەكان و كێشەكانی تری نێوان هەرێم و بەغدا، واتە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای مووچەی مووچەخۆرانی عیراقی لێبكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێت». 
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تایبەت بە (كوردستانی نوی) رایگەیاند: «كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە یاسای بودجەوە نییە، مووچەی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر كراوە، بەڵام جێبەجێكردنەكەی پەیوەستە بە بەبانكیكردن (تەوتین) و رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ، بەبانكیكردن لە بانكە فیدراڵییەكان و رادەست كردنی داهاتی ناوخۆش بەو جۆرەی كە لە یاسای كارگێڕی دارارییدا هاتووە، ئەگەرنا ئەوەی ئێستا هاتووەتە پەرلەمان، تەنیا خشتەكانە، نە هەمواریی تێدایە و نە بەو جۆرەیە دەنگی لەسەر بدرێت و خوێندنەوەی یەكەم و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، تەنیا دەخرێتەڕوو و دەنگی پێدەدرێت». 

 

 

سۆران عومەر: كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندیی بە یاسای بودجەوە نییە و مووچەی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر کراوە 

 

 

كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان
ئەو ئەندامەی لیژنەی داراریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەبارەت بە دواكەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، وتی: «كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەوەوە هەیە كە وەزارەتی دارایی عیراق داوای لیستی ناوەكان دەكات، بەڵام هەرێمی كوردستان ناوەكان رادەست ناكات، ئەمەش هۆكاری راستەقینەی دواكەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە».

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان