چارەنووسی هایدرۆجین وەك سەرچاوەی وزەی نوێ

10:07 - 2024-05-30
ئابووری
101 جار خوێندراوەتەوە
وێستگەیەكی هایدرۆجین

ل: ئابووری

زۆر كەس پێیان وابوو هایدرۆجین ئەو سەرچاوەی وزەیەیە كە مرۆڤایەتی خەونی پێوە دەبینێت و لە پیسبوونی ژینگە و دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما رزگارمان دەكات، بەڵام چۆنێتی بەدەستهێنانی ئاسان نییە و رەنگە ئەنجامەكان، كە تا ئێستا پێی گەیشتوون نائومێكەریش بێت.
بە پێی زانیارییەكانی سەنتەری وزە كە بارەگاكەی لە واشنتۆنە، زیادكردنی بەرهەمی هایدرۆجین زۆر هێواشتر و لەسەرخۆترە بەراورد بەوەی كە پێشبینی كرابوو، ئێستا سەرەڕای ئەوەی گومان دەكرێت، لەوەی بەرهەمهێنانی هایدرۆجین بتوانێ ئەو ئامانجە بپێكێت كە بۆ ساڵی 2030 دانرابوو، بەرهەمهێنانی لانیكەمیشی ئەستەمە، چونكە پڕۆژەكان لە نێوان پلان و پراكتیكدا جیاوازییان هەیە.
جگە لەوەش مەسەلەی تێچوون خاڵێكی گرنگە لە هەر جۆرێك لە بەرهەمهێنانی وزەدا، گورزەی یەكەمی پشتیوانیكردن لە بەرهەمهێنانی هایدرۆجین سەركەوتوو نەبوو لە دابینكردنی بودجەی پێویستدا بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان.
تا ئێستا رەنگە 200 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هایدرۆجین خەرج كرابێت، لە كاتێكدا بۆ گەیشتن بە ئامانج لە بەرهەمهێنانی هایدرۆجیندا تا ساڵی 2030 پێویستی بە چوار تریلیۆن دۆلارە، هەڵبەت بە گوێرەی شیكارییەكی كۆمپانیای لیبریش ئەسۆشیەیتد كە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە.
بە پێی راپۆرتێكی فاینانشاڵ تایمز، ئەگەر هەموو پێشبینییەكانیش بۆ بەرهەمهێنانی هایدرۆجین وەك خۆیان بێنەدی، ئەوا تا ساڵی 2050 توانای بەرهەمهێنان دەگاتە 350 ملیۆن تۆن لە ساڵێكدا، كە زۆر لە ئاستی پێویست كەمترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆجین نائومێد نەبوون و هێشتا هەوڵی بەرهەمهێنانی وزە لە هایدرۆجین بەردەوامە بەو پێیەی وزەیەكی خاوێنە. 
سەرچاوە: پرۆجێكت سەندیكەیت

بابەتە پەیوەندیدارەکان