ئه‌و رۆژه‌ی ره‌وانشاد مام جه‌لال یاریگای سلێمانی كرده‌وه‌

11:23 - 2024-05-30
وەرزش
159 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاش ئه‌وه‌ی له‌دوای راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ خه‌باتی شاخی گۆڕی بۆ خه‌باتی شار و ئیداره‌دانی شاره‌كانی كوردستان، هه‌میشه‌ له‌بیری ئه‌وه‌دا بوو بچێته‌ ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و له‌ڕێی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ خزمه‌تیان بكات.
لەو‌ چوارچێوه‌یه‌شدا خزمەتکردنی سه‌رجه‌م چین و توێژە‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی به‌هه‌ند وه‌رگرتبوو، یه‌كێك له‌و توێژە‌ زیندو و به‌رفراوانانه،‌ توێژی وه‌رزشكارن بوو‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌خه‌می ئه‌وانیشدا بووه‌ و چه‌ندیش بۆی كرابێت خزمه‌تی كردوون.
لێره‌دا ناچینه‌ ورده‌كاری ئه‌م باسه‌وه‌، چونكه‌ پێشتر خزمه‌ت و به‌سه‌ر كردنه‌وه ‌و به‌ پیره‌وه‌ چوونیان باسكراوه‌، به‌ڵام لێره‌دا به‌كورتی و بۆ مێژوو باسی ئه‌وه ‌ده‌كه‌ین كه‌ یاریگای سلێمانی چۆن نۆژە‌نكرایه‌وه‌ و كاتێكیش كاره‌كانی نۆژە‌نكردنه‌وه‌كه‌ی ته‌واو بوو، چۆن ره‌وانشاد مام جه‌لال خۆی یاریگاكه‌ی كرده‌وه‌.
ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قی هه‌واڵه‌كه‌ و وێنه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێیه‌ كه‌ ڕۆژی دواتر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.
  ساڵی 2000 پاش نۆژە‌نكردنه‌وه‌ی یاریگای سلێمانی له‌مه‌راسیمێكدا به‌ئاماده‌بوونی رەوانشاد مام جەلال یاریگاكه‌ به‌ره‌سمی كرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قی هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی یاریگاكه‌یه‌ كه‌رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ 28/9/2000 بڵاویكردۆته‌وه‌. 

هه‌واڵه‌كه‌
سه‌عات 4 - ی پاش نیوه‌ڕۆی دوێنێ چوار شه‌ممه‌ 27/9/2000، هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، به‌ئاماده‌بوونی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌مه‌راسیمێكی وه‌رزشیی شایسته‌دا یاریگای نوێی سلێمانی كرده‌وه‌.
له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا‌ هه‌ڤاڵ عومه‌ر عه‌بدوڵڵا كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌ڕێزان كه‌مال موفتی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان و نوێنه‌رانی حزبه‌كان و لێپرسراوانی ده‌زگا حكومییه‌كان و جه‌ماوه‌رێكی زۆر ئاماده‌ بوون.
مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی یاریگاكه‌، به‌ فێستڤاڵێكی  وه‌رزشیی بوو، پاشان ده‌ستپێكردنی پێنجه‌م خولی تۆپی پێی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌ره‌تا رێڕۆیشتنی كه‌ژاوه‌ی تیپی یانه‌ به‌شداره‌كانی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی كوردستان بوو، دواتر كچانی خوێندكاری خوێندنگه‌كانی سلێمانی به‌جلی كوردیی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه‌ به‌ رێپێوان به‌به‌رده‌می ئاماده‌ بوواندا ره‌تبوون، پاشان یه‌كه‌م یاریی ئه‌و ساڵه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی یانه‌كانی کوردستان كرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان