دایكه‌كان جوان بوون

12:03 - 2024-05-30
ئەدەب و هونەر
182 جار خوێندراوەتەوە

دڵشاد عەبدوڵڵا

مه‌نجه‌ڵ له‌سه‌ر ئاگر جوانه‌ كه‌ دایكه‌كان سه‌رپۆش لاده‌به‌ن له‌سه‌رى
كه‌وگیر چ دڵگیره‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌، كه‌وگیرێك زیاتر بۆ باوك و بنكڕ بۆ خۆیان!
دایكه‌كان دارى حه‌یزه‌ران بوون گوێیان به‌ هیچ نه‌ده‌دا.
پێش ئه‌وه‌ى جل له‌سه‌ر رسته‌ى سه‌ربان هه‌ڵخه‌ن
دڵیان له‌ رسته‌ى شیریندا هه‌ڵده‌خست له‌ گفتوگۆدا بۆ موجامه‌له‌شیان نه‌بوو.
دنیایان له‌و خشته‌ دروستده‌كرد كه‌ له‌ خانووى تر رووخابوون بێ ئه‌وه‌ى گله‌یى له‌ كه‌س بكه‌ن  
كه‌چى به‌رده‌وام گله‌ییان له‌ جومگه‌ و شان و پیلى خۆیان ده‌كرد كاتێك پێخه‌فیان رێكده‌خست،
یان به‌ر هه‌یوانیان گسك ده‌دا.
پێخه‌ف هه‌ر بۆ خه‌وتن نیه‌ كه دایكه‌كان
رێكیان ده‌خست، بۆ خه‌ودیتنى خۆشیش بوو
به‌رهه‌یوانیش هه‌ر بۆ قاچڕاكێشان نه‌بوو كه‌ دایكه‌كان گسكیان ده‌دا بۆ لابردنى خه‌فه‌تیش بوو‌.
دایكه‌كان نه‌ ده‌چوون بۆ ساڵۆن نه‌ پرچیان ده‌بڕى   نه‌ ماكیاجیان ده‌كرد نه‌ سوراو
كه‌چى هه‌میشه‌ جوان بوون.
براده‌ره‌كه‌م ده‌یوت، جارێك ته‌ماشاى ناو چاوى دایكم نه‌كرد
كه‌ مرد حه‌یفم ده‌هات نه‌مده‌زانى چاوى چ ره‌نگ بوو
چاویان مانگ بوو 
دایكمان پێمانى وتبوو نابێ ته‌ماشاى مانگ بكه‌ن 
تیر ده‌هاوێ!
ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌مان نه‌بوو،
چاوى دایكه‌كان سیحرى تێدابوو
منداڵ بووین نه‌مانده‌زانى سیحر نیه‌ ئیكسیره‌.
دایكه‌كان جلى ره‌نگاوڕه‌نگیان له‌به‌رنه‌ده‌كرد
حه‌زیان له‌ ره‌نگى تۆخ بوو وه‌ك زه‌وى تا تۆختر با به‌هه‌ڕمێن تر بوو
دایكم كراسێكى گوڵدارى هه‌بوو یه‌كجار له‌به‌رى كرد
ئه‌ویش بۆ ره‌سمگرتن
ئاوێنه‌ى باخه‌ڵى دایكه‌كان بچووك بوو به‌ڵام گه‌وره‌ ده‌رده‌كه‌وتن له‌ ناوى
كه‌ گه‌وره‌بووین تێگه‌یشتین مرۆڤه‌ گه‌وره‌كان له‌ شتى بچوكدا جوانتر ده‌رده‌كه‌ون.
وه‌ك رایزۆم له‌ سه‌ت شوێنه‌وه‌ شین ده‌بوونه‌وه‌ تا ده‌گه‌یشت به‌ به‌هه‌شت
له‌ژێر پێیانه‌وه‌ كه‌ رایان ده‌خست نیوه‌ى جه‌سته‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ بوو.
  دایكه‌كان شه‌ویان رووناك ده‌كرده‌وه‌ به‌ مه‌مكیان وه‌ك هێشوه‌ ئه‌ستێره‌ 
ئه‌وكاته‌ى خه‌وه‌ كوتكه‌مان ده‌گرت له‌باوه‌شیاندا
شیرى خه‌فه‌ت كه‌مێك تاڵ بوو وه‌كى دى كه‌ ده‌گه‌یشته‌ ده‌مار شه‌كرى لێ ده‌بارى.
ئه‌و دیمه‌نانه‌ به‌ ره‌نگى زه‌ردى مات، یان قاوه‌یی 
كاڵ نابێته‌ رابردوو
دایكه‌كان جوان بوون 
به‌ تایبه‌تى كه‌ رۆیشتن و شپرزه‌ییان جێهێشت 
له‌ دواى خۆیاندا. 
                                             2024 هه‌ولێر
٭ كتێبه‌ تازه‌كەی شاعیر كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ هه‌مان ناو‌نیشانی هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان