دوای هەشت ساڵ لە كەوتنی موسڵ

09:17 - 2022-06-18
ڕاپۆرت
398 جار خوێندراوەتەوە
شاری موسڵ

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا

دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر هێرشی چەكدارانی داعشدا بۆ سەر شاری موسڵ و شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری ‌و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، چاودێران و لێپرسراوانی حزبی و حكومی ئەو سنوورە هۆكارەكانی ئەو رووداوانە ئاشكرادەكەن و دەستنیشانی ئەو هێز و لایەنانە دەكەن كە بوونە هۆكاری بەهێزبوونی داعش و فراوانبوونی دەسەڵاتەكانی.
هاوكات رۆڵی پێشمەرگە لە روبەڕوبوونەوەی ئەو چەكدارانە و پاراستنی خەڵكی مەدەنی بەرزدەنرخێنن و بە بایەخەوە دەڕواننە ئەو قوربانییانەی لەو پێناوەدا بەخشیویانە، نیگەرانی خۆشیان دەردەبڕن لە رەوشی ئێستای ناوچە دابڕێنراوەكان و ژیان و گوزەرانی كورد لەو شوێنانە، كە بەهۆی هاتنی داعش و رووداوەكانی ساڵی2017  رووبەڕوویان بۆتەوە، بەهۆیەوە بەشێكی زۆری خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
پاشماوەکانی رژێم  خۆیان رێکخستەوە
غەیاس سورچی چاودێری سیاسی ‌و كارگێڕی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 بەشێكی زۆر لە پاشماوەكانی ئەو رژێمە خۆیان لە ناو گروپە جیاوازەكاندا رێكخستبۆوە و كەوتبوونە لێدان و هێرشكردنە سەر سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا.
وتیشی: تا ساڵی 2014 لە رێگای دانانەوەی بۆمبی چێندراو و TNT و  تیرۆركردنی كەسە دیارەكانەوە بەردەوامبوون، پاشان لە مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا بە ئاشكرا  هێرشیان كردە سەر موسڵ كە لە چوارچێوەی داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام) دا  خۆیان ناساند، خەڵكی شارەكەش هاوكار و هەماهەنگێكی باشیان لەگەڵ ئەو چەكدارانە هەبوو، هەر ئەمەش وایكرد موسڵ كە دووەم گەورەترین شاری عیراقە  وا بەئاسانی بكەوێت.
قەزای شنگال
ئاماژەی بەوەشكرد: دوای ئەوەی جگە لە شاری موسڵ داعش هەندێك ناوچەی دیكەی لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەكان داگیركرد، هەرزوو پێشمەرگە كەوتەخۆ و خۆی رێكخستەوە‌ و هەموو ئەو هێرشانەی تێكشاند كە داعش بۆ پێشڕەویی زیاتر دەیکرد،  ئەوەی  زیاتر  لەو رووداوانەدا زیانی بەركەوت قەزای شنگال بوو،  ئەو كارەساتانەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هێناو کە تا ئێستا شوێنەوارەکانی ماوە،  دواتر مەخمووریش بۆ ماوەیەك داگیركرا، پاشان  هەموو ئەو ناوچانە بە هاوكاریی و هاوئاهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاوپەیمانان  ئازادكرانەوە.
غەیاس سورچی  باسی لەوەشكرد:  دوای  ئەو هەموو قوربانیدانەی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكان، بەداخەوە ئێستا  رەوشی  ئەو ناوچانە  گەیشتۆتە ئەو ئاستەی جارێكی تر مەترسی تەعریب ‌و چۆڵكردنیان لێدەكرێت، ئێستاش پێویستە كار بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشەكە  بكرێت ‌و  بگەڕێتەوە پێش ئەو دۆخەی  ساڵی 2017 هاتە ئاراوە.
گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن
گەلاوێژ عەلی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش لە بارەی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعشەوە لە عیراق و بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەواوە بۆ چەند خاڵێک دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە مانگی حوزەیرانی 2014  هۆکارێکی سەرەکی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدانی شارەكە و عیراق بوو بە گشتی، وایكرد هێزێكی وەك تیرۆریستانی داعش سوود لەو كەلێنەی نێوان دەسەڵات و خەڵک وەربگرێت، بۆیە لەكاتی هێرشی تیرۆریستاندا خەڵكی ئەو ناوچانە ئەوەندەی پشتگیرییان لە داعش كرد، هێندە بەرگرییان لە شارەکەیان و حكومەتەكەیان نەكرد.
هەروەها دەڵێت: جگە لە لەلایەنی جەماوەریی، هاوكات هێزە عیراقییەكان بەتایبەتی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ لەگەڵ بوونی ئەو هەموو هێز و كەرەستە سەربازییەی لەبەردەستیاندا بوو،  كەچی ئامادەنەبوون بەرگریی لە شارەکە بكەن، بۆیە لە ماوەیەكی كەمدا تیرۆریستان دەستیان بەسەر زۆرینەی ناوچە سوننە نیشینەكاندا گرت، ئەویش بەهۆی دەستكەوتنی  هەموو ئەو چەكانەی لەلایەن  سوپای عیراقەوە بەجێهێڵرابوو.
هێزی پێشمەرگە
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەشی بەوەدا کە ئەوەی توانی تاڕادەیەكی باش داعش رابگرێت و لێنەگەڕێت پێشڕەویی زیاتر بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، كە زۆر قارەمانانە بە هاوكاریی هاوپەیمانان، توانیی رێگری لە داعش بكات لە داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكان، راستە بۆ ماوەیەك توانیان لە هەندێك شوێندا پێشڕەویی بكەن، بەڵام هەر زوو ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكرانەوە.
باسی لەوەشكرد: جگە لەلایەنی سەربازیی و رێگریی لە پێشڕەوییەكانی داعش،  پێشمەرگە و هێز و لایەنە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە رزگاركردنی بەشێكی زۆر لەو هاووڵاتیانەی بەهۆی هێرشی تیرۆریستانەوە گەمارۆ درابوون و توانرا بگوازرێنەوە بۆ شوێنی ئارامتر، دواتر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە كەمپەكاندا شوێنیان بۆ دابینکرا.
پاشماوەکانیان ماوە
هەر پەیوەست بەو پرسە غازی فەیسەڵ كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و فەرماندەی خۆبەخشی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخمور دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە داعش لە رووی سەربازییەوە نەماوە و تێكشكێندراوە، بەڵام بەشێك لە پاشماوەكانیان لە هەندێك ناوچەدا خۆیان حەشارداوە و بوونەتە هەڕەشە، بەتایبەتی لە شاخێكی وەك قەرەچوغدا .
وتیشی: دوای هەشت ساڵ بەسەر هاتنی ئەو چەكدارانەدا پێویستە هێزەكانی حكومەتی عیراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پلانێكی تۆكمەتر و یەكگرتووانە كار بۆ لەناوبردنی شانە نووستووەكانی داعش لە سنوورەكە بكەن.
راشیگەیاند: بۆ ئەوەی رووداوەكانی 2014 دووبارە نەبێتەوە، پێویستە لە رووی فیكر و ئایدیۆلۆژیاوە دژی ئەو چەكدارانە  بووەستینەوە، چونكە لەو رووەوە كاریگەریی لەسەر خەڵكی ناوچەكە دەبێت، بەتایبەتی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان.
هەروەها بۆئەوەی كار بۆ نەهێشتنی كاریگەریی ئەو چەكدارانە بکەین و رێگریی لە فیكری داعشی بكرێت،  پێویستە لە رێگەی كۆڕ و سیمینار و راگەیاندنەكانەوە خەڵكی ناوچەكە هۆشیار بكرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەی تایبەتی دابڕێژرێت.

#موسڵ

بابەتە پەیوەندیدارەکان