حیکایەتی فۆتۆ

ستۆديۆ كەمال

10:04 - 2024-06-04
کەلتور
215 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گەلاوێژ رەزا

 

 

لە سەرەتای کارکردنییەوە وێنەی زۆری کەسایەتییە ناودارەکان و فەرمانبەری حکومی و ئەفسەر و پۆلیس و شوێنە گشتییەکان و لافاوەکەی ساڵی 1985 ی گرتووە

 

كەمال محەمەد خدر لە 10/ 1942/7 لە گەڕەكى مەڵکەندى شارى سلێمانى هاتۆتە دنياوە، لە منداڵییەوە چۆتە بەر خوێندن، تا پۆلى چوارى سەرەتايی خوێندووە، ساڵی 1954 لە تەمەنى12  ساڵيیەوە چۆتە لاى يەحيا فەندى فێرى وێنەگرتن بووە هەر لاى ئەویش بووە بە شاگرد.
 1970 بۆ  1971 بۆتە پۆليس لەبەڕێوەبەرایەتی پۆليسى سلێمانى وەك وێنەگر لە بەشى بەڵگە و تاوان، ساڵی 1974 بەشدارى شۆڕشى ئەيلولی كردووە، دواتر لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە لێبوردنی  گشتی گەڕاوەتەوە سلێمانی و لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عیراقەوە نەفی کراوە بۆ باشووری عیراق.
پاش ساڵێك گەڕاوەتەوە سلێمانی، ساڵی 1976 تا 1979 کامێرای شەمسی داناوە لەبەردەم مزگەوتی گەورە، وێنەی معامەلاتی بۆ خەڵك گرتووە. ساڵی 1979 تا 1980 فلاشگیری لە شوێنە گشتییەکان و هاوینە هەوارەکان کردووە بۆ ستۆدیۆ رەئوف.
ساڵى 1981 ستۆدیۆی خۆى داناوە بە ناوی ستۆدیۆ کەمال لەبەردەم مزگەوتى گەورە جێگاى كاسۆمۆڵی ئێستا، لە ساڵی 1986 ستۆدیۆکەی گواستۆتەوە بۆ شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ سەروو مزگەوتی گەورە تا ساڵی 1992.
ساڵی 1992 ستۆدیۆکەی جێهێشتووە بۆ ئاراسی کوڕی و خۆی گەڕاوەتەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بەشی بەڵگە و تاوان، ئاراسی کوڕیشی لە ستۆدۆکەیدا کاری کردووە تا ساڵی 2011 ، دواتر ستۆدیۆکەی گواستۆتەوە گردە بڕاوەکە بە ناوی وێنەگری شاد، ئێستاش بەوناوەوە لەبازاڕەکەی سەرچنار بەردەوامە.
 
لەساڵی 1992 دەست بەکار بۆتەوە لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی وێنەگری کردووە لەبەشی بەڵگە و تاوان تا ساڵی 1997 خانەنشین کراوە.
لەسەرەتای کارکردنییەوە وێنەی زۆری کەسایەتییە ناودارەکان و فەرمانبەری حکومی و ئەفسەر و پۆلیس و شوێنە گشتییەکانی و لافاوەکەی ساڵی 1957 ی گرتووە، بەڵام تا ساڵی 1981 هیچ وێنەیەك نەبونەتە موڵکی خۆی، لەو ساڵەشەوە بەهۆی بارودۆخی تایبەتی خۆیەوە زۆرێك لە وێنەکانی فەوتاون.
ئەندامی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان بووە، خاوەنی دوو کچ و کوڕێك بووە.
بەداخەوە لە 27/ 2019/11 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گردی سەیوان بە خاك سپێردراوە، ئەرشیفێکی گەورەی لە وێنەکانی بەردەم مزگەوتی گەورە و خەڵکی ئەم شارەی جێهێشت و مێژووی وێنە کۆنەکانی شاری سلێمانی دەوڵەمەندتر کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان