تیمێکی خۆماڵیی زانکۆی سلێمانی دۆزیوێتییەوە

شوێنەواری دێکۆن، مێژووی سلێمانی دەگۆڕێت

10:47 - 2024-06-04
ڕاپۆرت
302 جار خوێندراوەتەوە
کنە و پشکنین لە شوێنەواری مێژوویی دێکۆن لە سلێمانی و دۆزینەوەی چەند پارچە شوێنەوارێک

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی: شوێنی نیشتەجێ بوونی کۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە سلێمانی بووە کە لۆلۆییەکانن

 

پاش هەشت وەرز کارکردن تیمێکی خۆماڵی لە مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی شوێنەواری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی، دۆزینەوەی شوێنەوارێكی كۆن‌ و مێژوویی گرنگی بەناوی دێکۆن لە سلێمانی راگەیاند كە مێژووەكەی بۆ سێ هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

شوێن و تیمە شوێنەوارییەکە
شوێنەواری دێکۆن یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی سلێمانی، نزیک رووباری سەرچنار و چەمی قولەرەیسییە کە شوێنێکی ستراتیجییە و نزیکە لە زۆربەی دەربەندەکانی دەوروبەری شاری سلێمانییەوە دۆزراوەتەوە، لەلایەن تیمێکی 45 کەسی لە خوێندکار و مامۆستایانی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی.
د. دڵشاد عەزیز سەرۆکی تیمی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن بە کوردستانی نوێی راگەیاند، شوێنەوارێكی مێژوویی بەناوی دێکۆن لە نزیک گەڕەكی سەرچنار دۆزراوەتەوە، بۆ سەردەمی لۆلۆییەكان دەگەڕێتەوە، ئەو شوێنەی شوێنەوارەکەی لێ دۆزراوەتەوە، لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا وەک شوێنەوار تۆمار کراوە. 
وتیشی: شوێنەوارەكە پێكهاتووە لە كۆشكێک، نووسینی مێخی، دوو ناوی كوردیی كۆن و چەند مۆرێک كە ناوی خواوەندەکانی لەسەرە و دەریدەخات کە لۆلۆییەكان پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لەو ناوچەیە ژیاون.
شوێنەوارەکەی دۆزراوەتەوە کۆشکێکە کە بۆ چەند سەدەیەک ئاوەدان بووە، دوایی دوژمنێک تاڵانیکردووە و سوتاندوویەتی، کۆشکەکە هۆڵی تەختی شاهانە و ژووری گەنجینە و چەندین ژووری تری هەیە.
پ.ی.د.زریان حاجی سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەشت وەرزە لەو گردە کاری کنە و پشکنین دەکەین کە لەلایەن شوێنەوارەوە وەرمان گرتووە، زۆرجار دەوترا زانکۆ بیانییەکان کارە شوێنەوارییەکان دەدۆزنەوە، بەڵام ئەم شوێنەوارە گرنگە لەسەر دەستی تیمێکی شوێنەواریی خۆماڵی دۆزراوەتەوە.

 

بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی: بەشی شوێنەوار لە زانكۆی سلێمانی كەسانی زۆر شارەزا و شوێنەوارناسی باشی تێدایە و دەتوانین كاریبپێكەوەیی‌ زۆر باش بکەیننلە رووی زانستییەوە

 

کەرەستە دۆزراوەکان
بە گوێرەی دۆزینەوەی تیمە شوێنەوارییەکەی زانکۆی سلێمانی، لۆلۆییەکان، لەنێوان دەشتی کۆیە تا دەگاتە هەڵەبجە ژیاون. لەو شوێنە کۆشکێکیان دروستکردووە، کۆشکەکە هۆڵی پاشای لێیە کە تەختی شاهانەی لەناوە گەنجینە و ژووری دیکەشی هەیە، لەناو چێشتخانەی کۆشکەکەدا، گۆزە و پەرداخی گڵ، ئێسکی ئاژەڵ دۆزرانەتەوە و لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی رۆژانە بەکاریان هێناون جگە لە چەند تابلۆیەکی مێخی کە دەقی ئایینی و نزای تێدایە، هاوکات دەقی ئابووری و مۆری لێبووە، مۆرەکان بۆ لایەنی کارگێڕی بەکارهاتوون، مۆرەکانیش نووسینی مێخی لەسەرە، ناوی چەند خواوەندێکیان لەسەر نووسیوە کە ناوی خواوەند بانوو-ە.
سەرۆکی بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سلێمانی وتیشی: ئەو شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە تەواوی مێژووی سلێمانی دەگۆڕێت و پێمان دەڵێت سلێمانی شوێنی نیشتەجێ بوونی کۆنترین نەتەوەی ئەم ناوچەیە بووە کە لۆلۆییەکانن و نووسینیان زانیوە واتا لە زووەوە نووسین لەم ناوچەیە هەبووە.
ناوی خواوەند بانو، وەک خواوەندی نەتەوەیی لۆلۆییەکان بۆ یەکەمجار لەسەر چاپی مۆرێکی دێکۆن تۆمارکراوە، لە ژوورەکانی گەنجینەی کۆشکەکەدا ژمارەیەک مۆری لوولەیی و چاپی مۆر دۆزراوەتەوە، کە پەیوەندی کەلتووری و شارستانی نێوان گەلی لۆلۆیی ناوچەی سلێمانی، و گەلی کاشییەکان لە گەرمیان و گەلی خوری و دەوڵەتی میتانی لە ناوچەی ئاراپخا و نوزی لە سنووری کەرکوک دەخاتەڕوو.
هاوشێوەی دۆزینەوەکانی شانەدەر
سەرۆکی تیمی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن ئاماژەی بەوەکرد: کۆشکەکە سووتێنراوە، وا دیارە دوژمنێک پەلاماری داوە، نموونەمان لە ئێسک و خەڵووزی سووتاو بۆ تاقیگە هەڵگرتووە.
تیمە شوێنەوارییەکەی زانکۆ سلێمانی ماوەی هەشت وەرزە لە شوێنەواری دێکۆن کنە و پشکنینان کردووە و پ.ی.د.پاڤێ جەمیل راگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان بە کوردستانی نوێی راگەیاند، ئەم دۆزینەوە شوێنەوارییە گرنگی مێژوویی خۆی هەیە، جێگەی خۆیەتی باس لە گرنگی بەم هەوڵە پڕ لە بەها مێژووییە زانستییانە بدەین لەناو ناوەندە ئەكادیمیەكاندا، بەتایبەت كە بەشێكی گرنگی وەك شوێنەوار بە ستافێكی ماندوونەناس لە مامۆستایان‌ و خوێندكارە دڵسۆزەكانی ئەم بەشە هاتۆتە بوون.
وتیشی: زانكۆی سلێمانی توانی جارێكی تر دۆزینەوەی شوێنەوارێکی مێژوویی تایبەت رابگەیەنێت كە مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە، هاوشانی دۆزینەوە گرنگەكانی وەك شاندەر.
گردی شوێنەواری دێكۆن لە رووی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە پێگەیەكی زۆر گرنگی هەیە، پێویستە وەك خۆی پارێزگاری لێ بكرێت، چونكە درێژ بۆوەی چەندین شوێنەواری گرنگە.
حسێن حەمە غەریب بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپوری سلێمانی رایگەیاند،  بەشی شوێنەوار لە زانكۆی سلێمانی كەسانی زۆر شارەزا و شوێنەوارناسی باشی تێدایە و وەك تیمی ناوخۆیی دەتوانین كاری پێكەوەیی‌ و هاوبەش‌ و زانستی زۆر باش بکەین.

 

 

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان