خەلیل عەبدوڵڵا
نەجمەدین مەلا وەك شاعیرو چیرۆكنووس و نووسەر و مامۆستا خزمەتی بە كاروانی رووناكبیری و خوێندەواریی کوردەواری كردووە.
نەجمەدین كوڕی مەلا غەفور كوڕی مەلا عەلی كوڕی مەلا برایم كە بەنەجمەدین مەلا ناسراوە. ساڵی 1898 لەشاری سلێمانی لەدایك بووەو لەئامێزی خێزانێكی ئاینیی رۆشنبیر و زانستپەروەردا گەورە بووە.
لای باوكی فێری خوێندنەوەو نووسین بووەو لەسەر دەستی زانای ناودار شێخ مستەفای قازی، بڕوانامەی خوێندنی ئاینیی بەدەستهێناوە.
ماوەیەك وەك فەرمانبەری میری لە رانیە خزمەتی كردووە.
نەجمەدین مەلا لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای كاری رۆژنامەنووسی بووەو وتاری ئەدەبیو شیعرو چیرۆكی فۆلكلۆریو كەلەپوریی لە رۆژنامەی زاری كرمانجی بڵاوكردۆتەوە كە مامۆستا حسێن حوزنی موكریانی لە شاری رواندز دەریكردووە.
هاوكارێكی بەردەوامی رۆژنامەكانی ژینو ژیانی پیرەمێرد لەسلێمانی بووە و وتارو چیرۆك و شیعری تێیاندا بڵاوكردۆتەوە.
چیرۆكی لە زمانەكانی عەرەبیو فارسیشەوە وەرگێڕاوەو لەو دوو رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە.
ھەروەھا لە گەلاوێژ و ھیواو رۆژی نوێ و شەفەق بەرھەمەکانی بڵاوکردۆتەوە. ژیاننامە و شیعری چەند شاعیرێكی وەک کەشکۆڵ بەدەست نووسیوەتەوەو لە فەوتان رزگاری كردوون.
نەجمەدین مەلا خەمخۆری پەروەردە و خوێندن بووە و قوتابخانەیەكی تایبەتی بەناوی كەشتیی نوح دامەزراندووە و مناڵان و گەورانی فێری خوێندەواری كردووە و نزیكەی حەوت هەزار كەسی فێری خوێندنەوە و نووسین كردووە.
لە دوای كۆچی دوایی ژیانو بەرهەكانی لە دووتوێی چەند كتێبێكدا چاپو بڵاو كراونەتەوە.
ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كورد لە 23ی نیسانی 1962كۆچی دوایی كرد. هەرچەند وەسێتی كردبوو كە لە چیای ئەزمڕ بەخاك بەسپێردرێ، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەو كاتەوە لە گردی سەیوانی سلێمانی بەخاك سپێردراو لەدوای مۆركردنی رێكەوتنی ئازاری 1970 وەسێتەكەی جێبەجێ كراو لەرێورەسمێكی شكۆداردا لە سەر شاخی ئەزمڕ بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفا بۆ گیانی پاك و پیرۆزی مامۆستا نەجمەدین مەلای ئەدیبو رووناكبیر و زانستپەروەر.