״به‌هێزتركردنی تواناكانی پێشمه‌رگه‌״

11:38 - 2024-06-04
کوردستان
189 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی سه‌بازیی ئه‌ڵمانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆڵۆنێڵ لارس پێرسیكۆڤسكی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ تاوتوێ كران.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ دوێنێ به‌ ئاماده‌بوونی شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و كلاوس شترایشه‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستیی به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و جه‌ختیشان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی باشتری هه‌موو هێزه‌كان.
له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌فده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی به‌‌هێزتركردنی تواناكانی پێشمه‌رگه‌دا، روانگه‌ی خۆیان بۆ زیاتر به‌پیشه‌ییكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ خسته‌ڕوو و باسی راهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كرد له‌ بواری ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ركردنی خێرادا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، سوپاسی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای كرد له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌دا به‌تایبه‌تیش له‌ڕووی راهێنان و پاڵپشتی لۆجستییه‌وه‌ و هیواشی خواست هاوكارییه‌كان به‌رده‌وام بێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی ژنانی ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرا و گفتوگۆكرا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی راهێنانی زیاتر به‌ هێزه‌كانی ژنان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌تر ئه‌ركه‌كانی خۆیان 
جێبه‌جێ بكه‌ن.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان