کتێبخانەی کوردستانی نوێ

01:28 - 2024-06-04
کەلتور
118 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری 


كتێبی پرتەقاڵی




كتێبی « كتێبی پرتەقاڵی» لە نووسینی باگوان شری راجنیش ناسراوە بە ئۆشۆیە، كە رۆشنا و كارمەند لە ئینگلیزییەوە كردوویانە بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاویكردۆتەوە.
كتێبی پرتەقاڵی كۆكراوەی تەكنیكەكانی تێڕامان و بە شێك لە گفتوگۆی بەیانیان و ئێوارانی ئۆشۆیە كە بە درێژایی ساڵانێك پێشكەشی كردوون. 
لە تێڕوانینی ئۆشۆدا هەر وەك تێڕوانینی هەموو بوودییەكان بە درێژایی مێژوو، تەنها كاتێك هەموو هەوڵەكان بە كۆتایی دەگەن و هەموو تەكنیكەكان چیدی سوودیان نامێنێت، ئەوە ئەو كاتە كە مرۆڤ بە راستی « تێڕامێنیت»، ئەو كاتە مرۆڤ دەتوانێت دەور ببینێت و ئۆشۆ داوا دەكات لەوكاتە مرۆڤ دەبێت بەشداری لە سەماكردندا بكات، پێبكەنێ، گۆرانی بڵێ، رابكات، هاوار بكات، دابنیشێ و سەرنج بدات، بژی، خۆشەویستی بكات، رێگە نەدات رۆتیناتەكانی رۆژانە رێگر بن لەوەی كە مرۆڤ تێڕامان ناكات. 

 

 

ئەوەی پێیان دەگوت ژیان 



ئەم كتێبە هاینریش بۆل نووسەری ئەڵمانی نووسیویەتی و عەبدولغەنی كاكۆ لە ئەڵمانییەوە كراوە بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
هاینریش بۆل نووسەرێكی ناوداری ئەڵمانییە و یەكێكە لەو نووسەرانەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهان رۆڵێكی كاریگەری گێڕاوە لبە نوێكردنەوەی ئەدەبی ئەڵمانی، بە هیچ شێوەیەك نەكەوتۆتەوە ژێر كاریگەریی ئایدیۆلۆژیای نازییەكان، هەرچەند دژی جەنگ بوو، بەڵام بە زۆری لەلایەن نازییەكانەوە رەوانەی بەرەكانی جەنگ كرا و دواتر بە دیل گیرا و هەتا كۆتایی جەنگەكە بە دیلی مایەوە و پاشان ئازاد كرا. ئەو چیرۆكانەی لەم كتێبەدا هاتووە لە خوێندنگە و زانكۆكانی ئەڵمانیا دەخوێنرێن و بە دەگمەن هەڵدەكەوێت كە هاووڵاتییەتی ئەڵمانی بابەتی ئەم نووسەرەی نەخوێندبێتەوە. كورتە چیرۆكەكانی تەواو وەك رۆمانەكانی بە تەكنیكی گێڕانەوە لەیەكتر جیا دەكرێنەوە. چیرۆكەكانی باس لە نەهامەتی و كارەساتەكانی جەنگ دەكات كە چۆن مرۆڤەكان تێدا دەبنە قوربانی. 

 

 

بیرۆكەی دەرهێنانی سینەمایی

كتێبی « بیرۆكەی دەرهێنانی سینەمایی» لە نووسینی كین دانسیگەر-ە، كە ئازاد كەركوكی كردوویەتی بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاویكردۆتەوە. 
لەو كتێبەدا نووسەر باسێكی تێروتەسەل لە سەر تەكنیك و دەرهێنەرەكان و كاری دەرهێنان دەكات، كتێبەكە كۆی وانەوتنەوەكانی  نووسەرە بە خوێندكارەكانی لە بەشی بەرهەمهێنانی سینەمایی لە زانكۆی نیویۆرك. 
نووسەر باس لەوە دەكات كە چۆن كەسێك دەتوانێت ببێت بە دەرهێنەر و فیلم دەربكات، لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا نووسەر ئاماژە بە بیرۆكەی دەرهێنەر، دەرهێنەری باش، دەرهێنەری مەزن، راڤەكردنی دەق، ئەكتەر و كامێرا و ... هتد دەكات.


بابەتە پەیوەندیدارەکان