بەبۆنەی 49 ساڵەی دامەزراندنی ی.ن.ك و 40 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نوسەرانی كوردستان لە شاخ، بۆردی هۆشیاری، رێز لە كۆمەڵێك نوسەری شاخ دەنێت

رێزلێنان لە نوسەرانی شاخ

09:44 - 2024-06-06
ڕاپۆرت
221 جار خوێندراوەتەوە
وێنەیەکی یادگاریی بەشداربووانی رێوڕەسمی رێزلێنان لە نوسەرانی شاخ

راپۆرتی/ ئالان محەمەد جەزا

لە رێوڕەسمێکی شایستەدا کە رۆژی 4/6/2024 مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری- بۆردی هۆشیاری بۆ نوسەرانی شاخی رێکخستبوو، بەئامادەبوونی ژمارەیەک  لەو نوسەرانەی شاخ و كەسوكاری ئەوانەشیان کە ماڵئاواییان لە ژیان کردووە، قەڵغانی رێزلێنانیان  بەخشرا بە ژمارەیەك لەو نوسەرانە کە شان بەشانی پێشمەرگە بە چەک و قەڵەم لەشاخ خەباتیان كردووە. 
سەرەتا ئەحمەد عارف سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەکە وتەی نوسەرانی شاخی پێشكەشكرد و تێیدا رۆڵی نوسەرانی شاخی بەرزنرخاند وەک بەشێک لە ئەدەبی بەرگری.
دواتر عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری ستایشی نوسەرانی شاخی كرد كە لە رۆژگاری خەباتی سەختی شاخدا  پاڵپشت و پشتیوانێکی گەورەی ئازادیی نووسین و گوڕ و ورەبوون بۆ هێزی پێشمەرگە و وتی: لە سەردەمی خەباتی شاخدا مام جەلال خاوەنی دید و تێڕوانینێک بوو سەبارەت بە خەباتی هاوبەشی چەک و قەڵەم و دەیوت: «بەو جۆرە شۆڕشەكەمان دەگەیەنینە ئەنجام. هەروەها وتی: مام جەلال و مەكتەبی سیاسی و ناوەندی كۆمەڵە لەو سەردەمەدا، رۆڵێكی بنەڕەتییان هەبوو لەوەدا كە بتوانین شانبەشانی چەک قەڵەمەكانیشمان بەكاربهێنین و بەرگریی بکەین و بەرەنگاری دوژمنەكانمان ببینەوە.
وتیشی: ئەمڕۆ نەک ئێمە، بەڵکو ئەوان خەڵاتی ئێمە دەكەن، چونكە ئەوان خاوەنی شۆڕش و قەڵەم و فیكر بوون. لەوکاتەدا خەڵكەکەمان زۆر نائومێدبوون، بەڵام بە قەڵەم و هونەری ئەوان، توانیومانە شۆڕشێك بەرپابكەین كە بەرهەمەكەشی دیارە.

 

عیماد ئەحمەد: لە سەردەمی خەباتی شاخدا مام جەلال خاوەنی تێڕوانینێک بوو سەبارەت بە خەباتی هاوبەشی چەک و قەڵەم

 

بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان بوو بە نوسەرەکان و كەسوكاری ئەوانەی لە ژیاندا نەماون، کە ئەو هەنگاوە بووە مایەی خۆشحاڵیی نوسەرانی شاخ و كەسوكاری نوسەرە كۆچكردووەکان كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵیادەکەیدا  ئەو نوسەرانەی بەسەركردۆتەوە. 
لەو رووەشەوە ئەو نوسەرانە و کەسوکارەکانیان دووپاتیان كردەوە كە لەسەر هەمان رێبازی یەكێتی بەردەوام دەبن و سوپاسی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیارییان كرد.
لەبەشێکی دیکەدا ئەحمەد عارف سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەکە سەبارەت بە قەڵغانی رێزلێنان بۆ نوسەرانی شاخ بە كوردستانی نوێی وت: ئەمڕۆ ئێمە بە بۆنەی 49ــەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە، ئەم رێوڕەسمەمان رێكخستووە رێزلێنانێكە هەم بۆ ساڵیادی ی.ن.ک و هەم بۆ 40 ــەمین ساڵڕۆژی  دامەزراندنی یەكێتیی نوسەرانی كوردستان لە شاخ کە ئەو نوسەرانەش هاوشێوەی برا پێشمەرگەكانیان لە سەنگەری تێكۆشانی قەڵەم و چەكدا بوون و بگرە هەندێکیان لەو رێگەیەدا شەهید بوون لە نموونەی شەهید عەبدولخالق  مەعروف و  شەهید جەمیل رەنجبەر، ئەمانە وەك نوسەر و ئەندامی ئەو یەكێتیی نوسەرانە خەباتیان کردووە و شەهید بوون. 
لەبارەی مێژووی رێکخراوەکەشیانەوە ئەوەی روونکردەوە کە لە 3/8/1980 دوا كۆبوونەوەیان ئەوەبووە كە یەكێتیی نوسەرانی كوردستان رابگەیەنن لە ناوزەنگ، روونیشیکردەوە کە ئەندامانی رێکخراوەکە تەنها یەكێتی نەبووین، بەڵكو برادەرانی حزبی شیوعیشمان لەگەڵدابوو وەك رەفیق سابیر و چەند كەسێكی تر  و برادەرانی حزبی سۆشیالیستی کوردستانیشمان لە گەڵدا بوو وەك دكتۆر مارف عومەر گوڵ، واتە لە بیروڕای سیاسیدا جیاواز بووین، بەڵام لەڕووی رێکخراوەییەوە یەكگرتووبووین و یەك یەكێتیمان هەبوو، ئەمڕۆش لەسەر ئەو قسەیەی كە نان و ئازادی بۆ نوسەران و هونەرمەندان كە لەلایەن هەڤاڵ مام جەلال -ەوە وتراوە، لەسەر ئەو بنەمایە رێزلێنانێكی ئاسایی بۆ ئەوانە دەكەین كە لە ژیاندان و ئەوانەش کە نەماون، كەسوكاریانمان بانگهێشت کردووە تا لەجێگەی ئەوان ئامادەبن.
ئەحمەد عارف راشیگەیاند: ئەوانەی داوامانكردبوو رێزلێنانیان بۆ بكرێت 35 كەس بوون بە حوكمی دووریان و هەندێكیان كە لە ئەوروپان یان هەیانە لە ژیاندا نەماون و كەسوكارەكانیشیان نەیانتوانیوە بێن، بۆیە ئەوەی رێزلێنانیان بۆ دەكرێت و لەم رێوڕەسمەدا ئامادەبوون 20 كەسن.
پاشان، چەند نوسەرێکی شاخ ، كە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون، قسەیان بۆ كوردستانی نوێ‌ كرد و لەوبارەیەشەوە نوسەر و پێشمەرگەی دێرین مەلاشاخی وتی:  ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بۆردی هۆشیاری سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی ی.ن.ک قەڵغانی رێزلینانی بەخشی بە نوسەرانی شاخ  ئەوانەی لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا بە چەك و قەڵەم بەشدارییان لە خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانیی خەڵكی كوردستاندا كردووە، ئێمە كە لەو رێوڕەسمەدا رێزمان لێنرا، بەڵێن نوێ دەكەینەوە كە هەتا لە ژیاندابین، درێژەپێدەری رێبازی رەوانشاد مام جەلال دەبین و بە چەك و قەڵەم داكۆكی لە مافە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكانمان دەكەین و درێژە بە خەبات دەدەین و چەك و قەڵەممان هەمیشە لە خزمەتی خاك و گەل و نیشتمانەكەماندا دەبێت.

 

مەلا شاخی: ئێمە كە رێزلێنانمان بۆ کراوە بەڵێن نوێ دەكەینەوە هەتا لە ژیاندابین درێژە پێدەری رێبازی رەوانشاد مام جەلال دەبین و بە چەك و قەڵەم داكۆكی لە مافەكانی گەلەکەمان دەكەین 

 

یەكێتی، گەورەیی نواند
رۆهات مارف عومەر گوڵ، كوڕی نوسەر و ئەكادیمیستی کۆچکردوو د. مارف عومەر گوڵ، وتی: ئەم رێوڕەسمی رێزلێنانەی ئەمڕۆ رێکخرا بۆ ئەو تێكۆشەرە دێرینانەی كە لەشاخ خزمەتیان بە یەكێتیی نووسەرانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەموو ئەو كەسانەی رۆژێك لە رۆژان خزمەتیان كردووە جا خۆیان مابن یان شەهیدبوون، یاخود بەهەر جۆرێک ماڵئاواییان لە ژیان کردووە و خانەوادە بەڕێزەكانیان، ئەمڕۆ ئێمەش وەك ئەو بنەماڵە بەڕێزانەی دیکە وەكو بنەماڵەی كۆچكردوو پڕۆفیسۆر د. مارف عومەر گوڵ قەڵغانی رێزلێمانمان پێ بەخشرا، زۆر خۆشحاڵین، بە راستی ئەوە گەورەییە بۆ ئێمە كە لەلایەن مەكتەبی راگەیاندن و بیرو هۆشیاری ی ن ك - ەوە ئەو رێزەمان لێ دەنرێت، دووبارە سوپاسیان دەكەین.
لای خۆشییەوە هیران عادل عەلی وەكو نوێنەری مامۆستا شێركۆ بێكەس، وتی: دەستخۆشی لە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی ی.ن.ک  دەكەین بۆ بەسەركردنەوەی ئەو نوسەرە گەورانە و ئێمە وەك نوێنەری مامۆستا شێركۆ بێكەس زۆر خۆشحاڵین كە لە یادی یەكێتی و یەكێتیی نووسەرانی شاخدا لە یادنەكراوین و هەمیشە لە یادیانداین، زۆر سوپاسیان دەكەین كە ئەم خەڵاتەیان پێشكەش بەنوێنەری مامۆستا شێركۆ كردووە، دەستیان خۆش بێت هەمیشە سەركەوتووبن، هیوادارین ئەمە یەكەم بە سەركردنەوە نەبێت لەكاتی كەشدا بەسەركردنەویان هەبێت دەستیان خۆشبیت .

 

هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی قەڵغانی رێزلێنانیان بەخشییە هەریەک لە نووسەرانی شاخ.............،فەرید ئەسەسەرد،  ئەحمەد عارف، خانەوادەی شەهید جەمیل رەنجبەر

 

    قەڵغانی رێزلێنانیان بەخشرایە هەریەک لە نووسەرانی شاخ جەوهەر کرمانج،  دڵشاد ئەحمەد، سەلام حەسەن، محەمەد کەساس

بابەتە پەیوەندیدارەکان