لە هەشتەمین ساڵیادی كۆچی دواییدا

پانۆرامای ژیانی سیاسيی د.مستەفا زەڵمی

10:13 - 2024-06-06
کەلتور
231 جار خوێندراوەتەوە

د. عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد- ئەحمەدئاوا

زانا و نوێخوازی ئاینی (پڕۆفیسۆر دكتۆر مستەفا زەڵمی)، ئەو ئەكادیمیستە مەزنەیە كە بیر و هزر و ئەندێشەكانی لەمڕۆدا و لەم سەردەمەدا، لە پێویستییەكانی كۆمەڵگەی ئاینین لە ڕۆژهەڵات و لە جیهانی ئیسلامیدا، بیری توندڕەویی ئەو هزریە كە پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمی بە تەواوەتی ڕەتی دەكردەوە، چونکە جیهانی ئیسلامیی گیرۆدەی گەورەترین قەیران كردووە لە مێژووی خۆیدا، رۆژی (4/6/2024) هەشتەمیـن ساڵیادی ژیانئاوایی جەنابیانە، ئەم كورتە باسە تیشك دەخاتە سەر پانۆرامای ژیانی سیاسيی ئەو موجتەهیدە بوێرەی وڵاتی كوردەوارى.
دكتۆر مستەفا زەڵمی، ساڵی (1924)، لە گوندی (زەڵم)، لە بناری هەورامانی باشووری كوردستان-عێراق، لە دایكبووە، ئەو لە بنەماڵەیەكی ئایینیدا پەروەردە بووە، دوای گەورەبوونی كەوتۆتە گەڕان بە شوێن دەستخستنی زانستدا، لەماوەی خوێندنیدا نزیكەی (16) مەدرەسە و حوجرەی ئاینی گەڕاوە، تا دواجار لە شاری كۆیـە جێگیر بووە و لەلای (مامۆستا مەلا نوری جەلی زادە- برای مەلای گەورەی كۆیە)، ساڵی (1946)، ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە و شان بە شانی ئەم ئیجازەیە، بڕوانامەی زانایەتی زانستە ئیسلامییەكانیشی هەر لە هەمان ساڵدا، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی گشتی وەرگرتووە.
(15/9/1960) لە كۆلێژی یاسای زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، دواتر لە ساڵی (1965)دا، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا لە هەمان زانكۆ بەدەستهێناوە، ساڵی (1968) بڕوانامەی ماستەری لە شەریعەتی ئیسلامیدا هەر لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
ساڵی (1971) چۆتە میسر، لەوێ‌ بۆ جارێكی تر بڕوانامەی ماستەری لە فیقهی بەراوردكاری نێوان شەریعەت و یاسادا، لە زانكۆی ئەزهەر بەدەستهێناوە، ساڵی (1973) بڕوانامەی ماستەری لە یاسادا لە زانكۆی ئەزهەر وەرگرتووە، دواجار رۆژی (9/9/1975) بڕوانامەی دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری نێوان شەریعەتی ئیسلامیی و یاسادا، لە زانكۆی ئەزهەر، بە پلەیەكی بەرز بەدەست هێناوە.
لە ساڵی (1976)دا، گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، ساڵی، (2005) یش، دكتۆرای لە یاسادا لە كۆلێژی یاسای زانكۆی (بەغدا)، بە پلەی (نایاب) بە دەستهێناوە، دواتر ساڵی (2007) خانەنشیـنكراوە، لە زانكۆكانی وڵاتدا وانەی وتووەتەوە، ودوای ئەم بەروارە، گەڕاوەتەوە هەولێر، تا كاتی ژیانئاوایی كردنی گەورەترین خزمەتی بە هەمواركردنەوەی شەرعی و یاسایی یاساكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
دكتۆر مستەفا زەڵمـی (4/6/2016) لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد و دواجار لە ئارامگایەكی تایبەت بە خۆی لە ناو (سەنتەری ڕوناكبیـری دكتۆر مستەفا زەڵمـی) لە شارۆچكەی خورماڵی ناوچەی هەورامانی مەڵبەند و زێدی خۆیدا بەخاک سپێردرا.
 وێستگە سیاسییەكانی ژیانی د. مستەفا زەڵمـی  
وێستگەی یەكەم: گەشتی ناوچەی (سابڵاخ) و بینینی پێشەوا (قازی محەمەد)

د.مستەفا زەڵمـی، لە گەشتی خوێندنیدا ڕێی دەكەوێتە ناوچەی (سابڵاخ) لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و زۆر سەرگوزەشتەی ئەو كاتە لە تۆماری تەمەنی خۆیدا دەگێڕێتەوە، بینینی پێشەوا قازی مـحەمەد، سەرۆك كۆماری كوردستان و كاریگەر بوون بە كەسایەتییەكەی، دەبێتە هۆكاری چاندنی بیـری نیشتیمان پەروەری لە هزر و ئەندێشەیدا، وەك دەڵێت: لەو ماوەیەدا سێ‌ جار چوومە ماڵی پێشەوا قازی مـحەمـمەد (خوا لێی خۆش بێت)، پیاوێكی باڵابەرز و سور و سپی بوو، ڕیشێكی ماش و برنـجی جوانی هەبوو، مێزەر و جبەی لەبەر بوو، خوێندەوار و ڕۆشنبیـرێكی تێگەیشتوو بوو، من بۆ یەكەم جار لە كتێبخانەی (مەلا)دا، بینیم، جگە لە كتێبی فارسی و عەرەبی و ئاینی، كتێبی تری فەڕەنسی و ئینگلیزی تیا بوو، دیارە ئەو زمانانەشی دەزانی.     
لە هەمان جێگادا دەگێڕێتەوە كە لەو ناوچەیەدا دوو مەلای بەناوبانگی شاری مەهاباد هەبوو، (مامۆستا مەلا حسێن) و (مامۆستا مەلا صدیقی مزگەوتی ناوبازاڕ) كە بە كوردپەروەری بەناوبانگ بوون. 
دواتریش لە ڕووی كوردایەتی و سیاسییەوە لەو كاتەدا و هەر لە سابڵاخ سەروكاری لە گەڵ (عەبدوڵڵا ئاغای كوڕی خدر ئاغا)دا، هەبووە كە سەرۆك هۆزی (مەنگوڕ) بووە لە ناوچەكەدا و زۆر بیـروڕای سیاسیی و نەتەوایەتییان پێكەوە تاووتوێ‌ كردووە.
دواتر لە هەمان سەرچاوەدا دەڕواتە سەر باسی ژیاننامەی پێشەوا قازی مـحەمەد و حكومەتەکەی و كاروبارەكانی و زۆر بە چاوی بەرز و شكۆوە تەماشای كارەكانی دەكات،  بۆیە دەكرێت ئەم گەشتەی مەهاباد، وبینینی پێشەوا قازی مـحەمـمەد و ئەو كەسایەتییە سیاسییە بە ئەزموون و دیارانەی تر (كە دژی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران خەباتیان كردووە)، بە یەكەم وێستگەی فكری سیاسیی (د.مستەفا زەڵمـی) هەژمار بكەین. 
وێستگەی دووەم: د. مستەفا زەڵـمـی وەك هەڵسوڕاوی دیبلۆماسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی شۆڕشی ئەیلول لە قاهیـرە
وەك د.مستەفا زەڵمـی خۆی لە چەندین جێگادا جەختی لەوە كردۆتەوە كە هەرگیـز حیـزبی نەبووە، بەڵام بەردەوام وەك دڵسۆزێكی گەلەكەی كاری كردووە، بۆیە هەر لەم سۆنگەیەوە و لە ماوەی مانەوەیدا لە قاهیـرە و لە سەر داوای قوتابیانی كورد لەوێ‌، وەك هەڵسوڕاوی دیبلۆماسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی شۆڕشی ئەیلول لە قاهیـرە، دەستی بە كار كردووە، كە ئەوكات (د.فوئاد مەعسوم) لێپرسراوی ئەو مەكتەبە بووە.
لەم قۆناغەدا د.زەڵمی ئەوەی لە سەر شانی بووە بە باشتـرین شێواز ئەنـجامیداوە و تەنانەت وەك خۆی باس دەكات لە كاتێكدا یەكێك لە سەركردەكانی شۆڕش سەردانی قاهیـرە دەكات، و كۆڕێك دەگرێت، لەو كۆڕەدا د.مستەفا زەڵمـی پێشبینی گەلەكۆمەکی دوژمنانی كورد لە سەر شۆڕش دەكات، هەرچەندە ئەو بەرپرسە باوەڕ بە پێشبینییەكەی ناکات، بەڵام بە كردەوە دوای ماوەیەك هەرەسی كارەساتباری شۆڕشی ئەیلول ڕوودەدات و پێشبینییەكەی د.مستەفا زەڵمـی وەك خۆی دێتە دی.
وێستگەی سێیەم: هەڵگیـرسانی شۆڕشی نوێ و نامەی مام جەلال بۆ دكتۆر مستەفا زەڵـمـی
پەیوەندی د.مستەفا زەڵمـی لە گەڵ رەوانشاد مام جەلال وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، لە ساڵی (1963)دا بووە، كاتێك لە ماڵی (لیوا مستەفا ڕەزا) دەعوەت بووە، لەوێ‌ د.مستەفا زەڵمـیشی بانگهێشت كردووە و پێكەوە بەشداری دەعوەتەكە بوون، پاشان دەڵێت: ساڵی (1964) لە ماڵی خۆمان سەردانی تایبەتیی كردم، و لە حەفتاكانیشدا كە لە میـسر سەرقاڵی خوێندن بووم، مام جەلال هات بۆ قاهیـرە،  دیسان بە یەكتـر شاد بووینەوە، دواتریش هەركات سەردانی قاهیـرەی بكردایە، لەگەڵ د.فوئاد مەعصوم پێكەوە سەردانـمان دەكرد، هەر ئەم پەیوەندییانە بۆتە هەوێنی ئەوەی كە لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێک رەوانشاد مام جەلال یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دادەمەزرێنێت، یەكێك لەو كەسایەتییانەی كە ڕاوێژی پێدەكات، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی كاری سیاسی و بەرەوپێشبردنی پارتەكەی، د.مستەفا زەڵمـی دەبێت كە ئەو كات رەوانشاد مام جەلال رۆژی (9/6/1982) نامەیەكی ئاڕاستە كردووە، ئەوکات دكتۆر زەڵمی لە شاری بەغدا بووە، دیارە دكتۆریش لەو پرس و ڕاوێژانەدا بەشداری كردووە، بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئەو سەردەمەوە و دەسەڵاتی نەگریسی بەعسییەكانەوە پەیوەندییەكان بە نهێنی بوون، ئەمەش دوا وێستگەی كاری سیاسیی د. مستەفا زەڵمـی بووە لە تۆماری تەمەنیدا.
ژێدەرەكان:
(1). (جُهوُد الدكتوُر مُصطفی الزَّلـمـي ومَنْهَجُـهُ في الدِّراساتِ القُرآ‌نیَّة)، نامەی ماستەری (د.عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد- ئەحمەد ئاوا)، لە (پسپۆڕایەتی ڕاڤەی قورئانی پیـرۆز و زانستەكانی)دا، كە پێشكەش كراوە بە دەستەی سەرۆكایەتی سكوڵی زانستە ئیسلامـییەكان، لە زانكۆی سلێمانی، بە سەرپەرشتی: (دكتۆر ئیسماعیل موحەمـمەد جەلال)، وڕۆژی (7/1/2016) تاووتوێی تێزەكە كراوە و بە پلەی (زۆرباشە) پەسەند كراوە.
(2). كاروانی ژیانـم، یادداشتەكانی دكتۆر مستەفا زەڵـمی، دوو بەرگ، چاپی ئێران.
(3). ژیان و بیـروڕاكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی، د. عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد- ئەحمەدئاوا، ساڵی (2017) لەلایەن (دەزگای ڕێنما – چاپخانەی گەنج) لە سلێمانی چاپكراوە.

رەوانشاد مام جەلال

پێشەوا قازی محەممەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان