ئەگەر یارییەک لەگەڵ مەرگدا بکەیت کێ براوە دەبێت؟

01:28 - 2024-06-06
ئەدەب و هونەر
197 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

 ئەگەر مەرگ یارییەکی خوێناویت لەگەڵ بکات بزانیت هەموو جارێک بە مردنی تۆ دەستپێدەکات و بە مردنت کۆتایی دێت هەستت چۆن دەبێت؟ یەکێک لە دراما زۆر بەهێزەکانی لە مانگی دوانزەی ساڵی پاردا نماییشکرا درامای Death Game یاری مردن-ی کۆریای باشوور بوو، لە هەشت هەڵقە پێکهاتووە و بودجەیەکی زەبەلاحی تێدا خەرج کراوە، بەو پێیەی جگە لە دوو پاڵەوانە سەرەکییەکە کوڕە ئەکتەر سیۆ ئین گوک و کچە ئەستێرەی فیلمی پاراسایت-ی خاوەن خەڵاتی ئۆسکار پارک سو دام، رۆڵی تێدا دەگێرن، کۆمەڵێک لە ئەستێرەی بەناوبانگی کۆریای باشوور لەم کارە کەم وێنەیەدا بەشدارییان کردووە. 
یەک وردەکاریی ژیانت دەگۆڕێت
دراماکە بەوە دەستپێدەکات دەکرێت یەک گۆڕانکاری سادە لە رۆژێکی گرنگ بۆ داهاتووت، هەموو ژیانت وێران بکات، کاتێک پاڵەوانەکە لە رێگەیە بۆ چاوپێکەوتنێکی کار لە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی کۆریا، رووداوێکی هاتوچۆو گیانلەدەستدانی پیاوێک لەبەر چاویدا وایلێدەکات بترسێت و تووشی سترێس بێت و هەرچەندە یەکێکە لە خوێندکارە لێهاتووەکان، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەدا شکست بێنێت، بۆیە لەوێوە ناخۆشییەکانی ژیانی دەستپێدەکات.
هەرچەندە دراماکە خەیاڵیی فانتازیی ترسناکە، بەڵام نووسەر و دەرهێنەر زۆر لێهاتوانە توانیویانە جیاوازی چینایەتی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا کە لەپڕ گەشەی ئابووری بەخۆیەوە بینیووە پیشان بدەن، ببینین چ جۆرە هەژارییەک لەو وڵاتەدا هەیە.
جیاوازیی ئەم درامایە لەوەدایە، ناتوانین «سیۆ ئین» بە پاڵەوانی سەرەکی هەژمار بکەین، چونکە کۆمەڵێک ئەستێرەی بەتوانای کۆریا بە درێژایی هەڵقەکان رۆڵی کارەکتەری ئەو دەگێڕن و بە نواندنە ناوازەکەیان قەناعەت بە تۆی بینەر دەکەن ئەمە هەمان کەسە و هەمان کارەکتەرە لە جەستەیەکی دیکەدا، چونکە کاتێک دوای چەند ساڵێک دنیا لەبەردەم پاڵەوانەکەدا تاریک دەبێت و رای وایە هەموو شتێکی لەدەستداوە،  بڕیار دەدات خۆی بکوژێت.
لێرەوە دەستپێدەکات
دراماکە بە خۆکوشتنی پاڵەوانەکە دەستپێدەکات، بۆیە کارەکتەری مەرگ بڕیار دەدات لەپای ئەو سوکایەتییەی پێیکردووە و خۆی کوشتووە سزای بدات، لێرەدا پاڵەوانەکە پێش ئەوەی خۆی بکوژێت باس لە رێژەی بەرزی خۆکوژیی دەکات لەو وڵاتەدا و دەڵێت«با منیش ژمارەیەک بم لەو ئامارە» بێگومان سزادانی مەرگ بۆ کوڕەکە دوای خۆکوشتنی کە کچە ئەستێرەی کۆریا پارک سو دام رۆڵی دەگێڕێت لەو بیروباوەڕ و کەلتورەوە هاتووە کە لە ئەفسانەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە و هەمیشە لە دراماکاندا رەنگی داوەتەوە، بەوەی خۆکوشتن لای ئەوانیش تاوانە و دەچیتە دۆزەخ و چەندین سزای دیکە لە خۆ دەگرێت.
لە دیمەنێکدا مەرگ پێی دەڵێت: سزات دەدەم، چونکە سوکایەتیت بە من کردووە و چاوەڕێت نەکردووە لە کاتی خۆیدا من بێم بۆ لات، پیشانت دەدەم مردنی راستەقینە چییە.
بۆیە یارییەکت لەگەڵدا دەکەم، رێساکانی خۆم دامڕشتووە، تێیدا 12 ژیانت پێ دەدەم هەموو جارێک لە جەستەی کەسێکدا زیندوو دەبیتەوە نزیکە لە مردن، ئەگەر لە هەر یەکێک لەو جەستانەدا توانیت بژیت و نەمریت، ئەوا تا کۆتایی ژیانت لەو جەستەیەدا بەردەوام دەبیت، بەڵام ئەگەر لە هیچ کامێکیاندا بەردەوام نەبوویت کۆتاییەکەت دۆزەخە، بێگومان هەندێ دیمەنی ترسناک لەخۆ دەگرێت، هەروەها هەموو جارێک مردن داهێنان دەکات لە شێوازی مردنی پاڵەوانەکەدا. هەموو کاتێکیش کە دووبارە دەمرێتەوە پێیدەڵێت لە مانای سزاکەت تێنەگەیشتوویت و هەوڵ بۆ شتە هەڵەکان دەدەیت لە ژیاندا.
جوانیی دراماکە
بێگومان جوانیی دراماکە و نواندی ئەکتەرەکە لەوەدایە چۆن هەڵقە بە هەڵقە ئەو کارەکتەرە پەرەدەستێنێت و لەو رێیەوە پەیامی دراماکەمان پیشان دەدات، بەوەی پاڵەوانەکە تێدەگات ژیان چەندە قورس بێت دەبێت وەک ئەوەی هەیە بەرگەی بگریت، بێگومان لەبەر ئەو کەسانەی لەدوای خۆت جێیان دێڵیت، بۆ نموونە کاتێک پاڵەوانەکە خۆی دەکوژێت لە گرتەیەکی زۆر خەمناکدا لەو کاتەدا دایکی تەلەفۆنی بۆ دەکات، بەڵام ئەو بیر لەوە ناکاتەوە ئەگەر ئەم خۆی بکوژێت دایکی چی لێ بەسەر دێت؟ هەروەها دراماکە واتلێدەکات بەهای کەس و ئەو بەخششە بچووکانە بزانیت کە لە ژیانتدا هەیە و پێزانین و سوپاسگوزار بیت بۆیان، هاوکات خۆت بە کەم نەزانیت و هەر کارێک بکەیت لە بەهای خۆت کەمنەکەیتەوە.
دواجار دراماکە وات لێدەکات لە زۆر گرتەدا بگریت و دڵت پڕ بێت، بەڵام تۆ بڵێیت دوای تەواوبوونی ژیانی 12 یەم مردن چانسێکی دیکە و ژیانێکی دیکە بداتەوە بە پاڵەوانەکە؟     

بابەتە پەیوەندیدارەکان