لێكەوتەكانی گرانكردنی نان لە میسر

09:57 - 2024-06-09
ئابووری
114 جار خوێندراوەتەوە
هاووڵاتیانی میسر بەدەست گرانییەوە دەناڵێنن

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا حكومەتی میسر بڕیاریدا نرخی پاڵپشتكراویش نان بەرز بكاتەوە، لە پێنج گنێ-وە بۆ 20 گنێ، واتە نرخەكەی بە رێژەی %25 بەرز بۆتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە وڵاتەكە بە دەست رێژەی بەرزی هەژارییەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێك ئامارە رەسمییەكان دەڵێن: رێژەی هەژاری لە میسر %30 و ئاماری ناڕەسمیش دەریدەخات كە رێژەكە دوو هێندەیە.
نان پێكهاتەیەكی سەرەكیی ژەمەخۆراكی دانیشتوانی میسرە كە ژمارەیان دەگاتە 106 ملیۆن كەس، ساڵانێكی زۆریشە حكومەت سیاسەتی پاڵپشتیكردنی نرخی نان پەیڕەو دەكات، ئەوەش یارمەتیدەرێكی باشە بۆ بژێویی ژیانی هاووڵاتیان، بەڵام بەم دواییانە حكومەت بڕیاردا نرخە پاڵپشتكراوەكەش بەرز بكرێتەوە، ئەوەش كێشەی هەژاری لەو وڵاتەدا هێندەی دیكە قووڵ دەكاتەوە.
سیسمی نرخی نانی پاڵپشتكراو بەو شێوەیەیە، كە هەر خێزانێك كارتێكی تایبەتی هەیە بۆ كڕینی نان و بەو كارتەش لە رۆژێكدا هەر ئەندامێكی ئەو خێزانە دەتوانێت پێنج نان بە نرخی پاڵپشتكراو بكڕێت، نرخەكەش پێشتر یەك نان بە پێنج قرش بوو، بەڵام لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە بە بڕیارەی حكومەت زیادكرا بۆ 20 قرش.

 

هەر خێزانێك كارتێكی تایبەتی هەیە بۆ كڕینی نان و بەو كارتەش لە رۆژێكدا هەر ئەندامێكی ئەو خێزانە دەتوانێت پێنج نان بە نرخی پاڵپشتكراو بكڕێت

جگە لە پاڵپشتكردنی نرخی نان، حكومەت بۆ هەر خێزانێك كە كارتەكەی هەبێت مانگانە بڕی 50 گنێی تەرخان كردووە بۆ كڕینی رۆنی گیایی و شەكر و ئارد. هەر كەسێكیش ئەو كارەتەی نەبێت، دەبێ لە بازار بە نرخی زیاتر نان بكڕێت، نانی بازاڕیش نرخەكەی لەم دوو ساڵەی دواییدا زۆر زیادی كردووە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رەسمی، حكومەتی میسر لە ساڵێكدا 100 ملیار نان لە چوارچێوەی بەرنامەی پاڵپشتیكردنی نرخی ناندا بەرهەم دەهێنێت، ئەوەش پێویستی بە 8.5 ملۆن تۆن گەنم هەیە، ئەوەش تەنیا ئەو نانەیە كە بە نرخی پاڵپشتكراو دەفرۆشرێت بە هاووڵاتیان، ئەگەرنا كۆی گشتی بەكارهێنانی گەنم لەو وڵاتەدا ساڵانە دەگاتە 20 ملیۆن تۆن گەنم.
میسر ساڵانە 9 بۆ 10 تۆن گەنم لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەو بڕە لە گەنم نیوەی پێویستییەكانی ئەو وڵاتە پڕ دەكاتەوە و نیوەكەی دیكەی دەبێ لە وڵاتانەوە هاوردە بكات.
سەرچاوە: سكای نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان