مامەڵەی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا

10:07 - 2024-06-09
کەلتور
207 جار خوێندراوەتەوە
ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشەیەکیی جدین لەسەر تەندروستی گەنجان

      هێمن عەزیز*


 ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمەڵگە مۆدێرنەکان، بەهۆی کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە. ماددە هۆشبەرەکان لە نێو چینی  گەنجان بەربڵاوترینن، گەنجان زۆرترین کاریگەری ئەم ماددە مەترسیدارەیان لەسەرە. پێویستە بەردەوام هاندان لە دامەزراوە پەروەردەییەکان بکرێت بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوانە رۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە رێگریکردن و بڵاوبوونەوەی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ئەم پرۆسەیەش لە رێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری و پەروەردەکردنی منداڵان و گەنجان لە مەترسییەکانی ئەم خووە و ئالوودەبوونە. لە رێگەی بیرکردنەوەی ئەرێنی و رەفتارە تەندروستەکان و  پێشکەشکردنی پشتگیری راوێژکاری بۆ بەرەنگاربوونەی  خوێندکاران لە ماددە هۆشبەرەکان دەبێت. 

بەردەوامیی هاوکاریی نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکان، کۆمەڵگە و دەزگاکانی حکومەت بە تایبەت دامەزراوە ئەمنییەکان ئەو دامەزراوانەی ئاسایشی نەتەوەیی دەپارێزن، دەتوانن رۆڵی کاریگەر بگێڕن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر گەنجان

کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکان
ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو ئاستەنگە تەندروستیانەی کە رووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە. لە رێگەی بەکارهێنانی جۆری جیاواز لە ماددە هۆشبەرەکانەوە کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستییان، لەوانەش کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکان. لەو کاریگەریانەش کە بریتین لە:
یەکەم: کاریگەرییە جەستەییەکانی لە ئەنجامی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەندامە گرنگەکانی جەستە وەک جگەر و دڵ و مێشک، زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی هەناسەدان. زۆر کاریگەری تری لاوەکی لەسەر جەستە بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دادەنێت.
دووەم: ئەو کاریگەرییە دەروونیانەی کە لە ئەنجامی تێکچوونە دەروونییەکانی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە سەرهەڵدەدەن، وەک زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە تەنگەنەفەسی لە ئەنجامی بارگرانی دەروونییەوە دروست دەبێت و کاردانەوەی رەفتاری، سۆزداری و بیرکردنەوەی نەرێنی زۆر خراپ بەسەردا دێت.
 سێیەم: کاریگەرییەکانی لەسەر خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا زیاد دەکەن. بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی، جگە لە حاڵەتەکانی توندوتیژی و تاوان. بەو پێیەی بارگرانی دەرمان لەسەر ئابووری نیشتمانی زیادەڕۆییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی چاودێری تەندروستی و کەمی هۆشیاری لەو جێگەیانەی کە مامەڵە لەگەل ئەم جۆرە حاڵەتانەدا دەکەن.

فراوانکردنی رۆڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان
لاوازی دامەزراوە پەروەردەییەکان وەک ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەری ئەرێنی هەیە. لە رێگەی پرۆگرامی پەروەردەیی و وانە و زانیاری  و وۆرکشۆپ لەسەر بابەتەکانی وەک کاریگەری دەرمان لەسەر تەندروستی و دەروون و چۆنییەتی نیشاندانی گرفت و کاریگەرییە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی پێشکەش بکرێت،  پشت بەستنی ستراتیژی مەنهەج  و بابەت لەسەر ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییەکانیان بە شێوازێک تێکەڵ بە پرۆگرامی خوێندن و پەروەدە بکرێت، بە جۆرێک خوێندکار هەر لەسەرەتاوە ئامانجی سەرەکی بێت لە پەروەدە کردن و هۆشیارکردنەوەی سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم ماددانە و تێکشاندنی تاکێکی بەرهەمدار بۆ تاکێکی لاواز و مردوو. لە لایەکی ترەوە فراوانکردنی رۆڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی رەفتاری ئەرێنی و تەندروست لە خوێندکاردا لە رێگەی چالاکییە وەرزشی و رۆشنبیرییەکان، پڕکردنەوەی بۆشایی بە شێوەیەکی ئەرێنی و سەرقاڵکردنی گەنجان لە بیرکردنەوە دروستکردنی ژیانێکی باشتر و هاندانیان بۆ داهێنان و دۆزینەوە و پێشخستنی نیشتمان لە هەموولایەکەوە. هەروەها پرۆگرامی کارامەیی ژیان کە بەرنامەیەک بێت تیایدا گەنجان و خوێندکاران فێری راهێنان بن و بەشدار بن لە گەشەپێدانی ژیان. کارامەیی وەک مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و پەرەپێدانی عەقڵی تەندروست. چۆن دامەزراوە پەروەردەییەکان پاڵپشتی و رێنمایی دەروونی پێشکەش بەو خوێندکارانە دەکەن کە ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانن یان بەدەست بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەناڵێنن و...هتد، لە رێگەی توێژەران رێنمایکاران و راوێژکارانی کۆمەڵایەتی و دەروونی خزمەتگوزاری دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش بەخوێندکاران بکرێت بۆ ئەوەی بزانن چۆن یارمەتی و رێنمایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشار و کێشەکانی کە بەهۆی ئەم ماددانەوە دروست دەبن مامەڵە بکات، هەروەها بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی و دەزگا ئەمنی و ئەو دامەزراوانەی کار دەکەن لەحکومەتدا بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ کەسانی ئالوودە و بەکارهێنەر.
ئاستەنگەکان
لە ئێستادا سەرەڕای هەوڵە پێویستەکان، دامەزراوەکانی بواری کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانەوە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. 

یەکەم: لەوانە کەمی سەرچاوە کە هەندێک دامەزراوە بەدەستییەوە دەناڵێنن، وەک نەبوونی سەرچاوەی مرۆیی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان.
دووەم: نەبوونی هۆشیاری پەروەردەیی لە دامەزراوەکانی تایبەت بە پەروەردە و هەروەها دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگە کە لە بواری پەروەردەی کۆمەڵایەتی کار دەکەن دژی ماددە هۆشبەرەکان.
سێیەم: کرانەوەی کۆمەڵگە بەسەر جیهانی دەرەوەدا، کاریگەری کەلتوری کۆمەڵەکانی تر بە جۆرێک هەم بۆتە ئاستەنک هەم مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە.
چوارەم: هەندێ جار کۆنترۆڵ نەکردنی سنوورەکان کاریگەری هەیە لە بڵاوبوونەوەی ئەم ماددانە. 
پێنجەم: خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سۆشیاڵ میدیا کە بەشێوەکی لاوەکی کاریگەری هەیە لەسەر ئەم پرۆسەیە .
 بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددایانە، دەتوانرێت کۆمەڵێک رێگەچارە لەبەرچاو بگیرێن کە بەشدارن لە بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوە پەروەردەییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، وەک زیادکردنی بودجە بۆ پرۆگرامی هۆشیاری زیاتر لە بواری پەروەردەدا، لە رێگەی پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی پەروەردەیی و رێنمایی و هاندانی هاوکاری نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکان. 
لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکان و هەروەها بە هاوبەشی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی چالاکیی هۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە لە رێگەی تیمی  گەڕۆک لە ناو کۆمەڵگە و راهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایان و کەسانی بەرپرس لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی ماددە هۆشبەرەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ کەسانی سوودمەند. هەروەها بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی نوێ لەسەر سەرکەوتنی بەشێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی بەرنامەی دەستپێشخەرییەوە. یەکێک لەو پرۆگرامە سەرکەوتووانە پرۆگرامی (بێ ماددەی هۆشبەری)یە لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا، کە زنجیرەیەک وۆرکشۆپ و وتار پێشکەش دەکات بە ئامانجی پەروەردەکردنی قوتابیان سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و چڕکردنەوەی تواناکانی ژیانیان و پرۆگرامە پەروەردەییەکانیان. لە قوتابخانەکانی سوید لەسەر بەرەوپێشبردنی قوتابخانە تەندروستەکان و هاندانی جەستەیی و رۆشنبیری و چالاکییەکان. بۆ ئەو خوێندکارانە کە بیر لە ماددە هۆشبەرەکان دەکەنەوە.

دەتوانن رۆڵی کاریگەر بگێڕن
بە خوێندنەوەی ئەم مۆدێلانە، دەتوانرێت کۆمەڵێک وانەی بەسوود دەربهێنرێت کە بگونجێ لەگەڵ کەلتور و نەریتی کۆمەڵگەی ئێمەدا کە بەشداربوون لە باشترکردنی هەوڵەکانیان دژی ماددە هۆشبەرەکان لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا دووبارەی بکەنەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەم بابەتە، گرنگیدان بە هۆشیاری بەردەوام بۆ ئەوەی ببێتە پرۆسەیەکی بەردەوام، پەرەپێدانی مەنهەجی ئەکادیمی کە تیشک بخاتە سەر بابەتەکانی ماددە هۆشبەرەکان. کاریگەرییەکانیان بە شێوەیەکی گشتگیر لەسەر تاک و کۆمەڵگە، بەشداریکردنی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی هاوبەش بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی پشتگیری و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە پەروەردەییەکان.
لە کۆتایدا دامەزراوە پەروەردەییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پەروەردە و پەروەردەکردنی ئەرێنی و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و رێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتی. سەرەڕای ئەو تەحەددایانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە، بەردەوامی هاوکاری نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکان، کۆمەڵگە و دەزگاکانی حکومەت بە تایبەت دامەزراوە ئەمنییەکان ئەو دامەزراوانەی ئاسایشی نەتەوەیی دەپارێزن، دەتوانن رۆڵی کاریگەر بگێڕن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر گەنجان. ئەم هەوڵە دەبێت گشتگیر و بەردەوام بێت بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی بەردەوام لە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەلامەت.
*ماستەر لە کۆمەڵناسی/ ئەنترۆپۆلۆجیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان