یادگار

خاڵە شەهاب (1932 - 1976) سیمبولی شەهیدانی شۆڕشی نوێ

11:31 - 2024-06-10
دووتوێ
219 جار خوێندراوەتەوە
شەهیدان خاڵە شەهاب و کاک ئارام

شەهاب شێخ نوری شێخ ساڵح، سیاسەتمەدار و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و عێراق، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان – کملک) کە دواتر بووە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان - کۆڕەک). لەدایکبووی ساڵی 1932 ی شاری سلێمانییە. ساڵی 1939چووەتە قوتابخانەی (فەیسەڵی)یە لە سلێمانی. باوکی واتا شێخ نوری شێخ ساڵح، شاعیرێکی ناسراو و نوێخوازی کوردە. هەر ئەمەش لە منداڵییەوە دەرگای چوونە نێو دنیای ئەدەب و ڕۆشنبیریی بۆ کردۆتەوە. سەرەتای تێکەڵبوونی بەکاری سیاسی، دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی یەکەمی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم، کاتێک خوێندکار بووە لە بەغدا لە کۆلێجی مەلیک فەیسەڵ. بە وردی نەزانراوە کەی و چۆن پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بەڵام پێدەچێ لە ساڵی1952 – 1953 پەیوەندی بەو پارتەوە کردبێ.

لە ڕاستەوە: کەمال جەلال، -برای شەهید ئارام-، نیهاد شێخ نوری و شەهاب شێخ نوری

 
لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا زۆرتر پشتگیریی ئەوەی کردووە کە پارتی سیاسەتی خۆی بەپێی جیهانبینیی مارکسیستی دابڕێژێ و هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێراقدا هەبێت. بۆیە لە ساڵی 1960 دا پشتیوانی لە هەوڵەکانی باڵی هەمزە عەبدوڵڵا کرد کە دەیویست ڕەنگی مارکسیستییانەی پارتی تۆختر بکرێ و لە سیاسەتی پەیڕەوکراوی پارتی کۆمۆنیستی عێراق نزیک ببێتەوە. هەر هەمان ساڵ لەگەڵ باڵی هەمزە عەبدوڵڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا بۆوە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە کرد.
ساڵی 1963 پاش کودەتای حزبی بەعس و ناسیونالیستە ناسرییەکان و ڕاونانی ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق، چووە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و لە چەمی ڕەزان پەیوەندیی بە هێزی ڕزگارییەوە کرد کە لەو کاتەدا تاڵەبانی فەرماندەی ئەو هێزە بوو. لەوێ لێپرسراوێتیی ئیدارەی هێزەکەی پێ سپێردرا.
ساڵی 1964 وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، گەڕایەوە سەر کارەکەی خۆی وەک کارمەندی حکومی. هەر ئەو ساڵە دوورخرایەوە بۆ بەسرە، لەوێ وەک کارمەند لە سایلۆی شارەکە کاری کرد. لەو ماوەیەدا وەک هەڵسوڕاوێکی پارتی کۆمۆنیستی عێراق، لە بەسرە کەوتە کارکردن.
مێژووی وازهێنانی لە پارتی کۆمۆنیست ڕوون نیە، بەڵام پێدەچێ لە نیوەی دووەمی شەستەکاندا وازی هێنابێ. لەو ماوەیەدا پەیوەندیی لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان‌دا دامەزراند و زۆرتر بەلای ئەندێشە شۆڕشگێڕییەکانی ماوتسی تۆنگ و ئەزموونی چین‌دا دایشکاند. لەم ڕووەوە ڕەوتێکی فیکریی لەسەر بنەمای ماویزم دامەزراند. لە ماوەی نێوان 1968 – 1969 کتێبخانەیەکی لە بەغدا بەناوی «کتێبخانەی بیری نوێ» دانا و ئەرکی بەڕێوەبردنی بە کاک دارۆی برای سپارد. ئامانجی کتێبخانەکە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ماویزم و بانگەشەکردن بوو بۆ ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی چین. ساڵی 1970 کۆت و بەندی دوورخراوەیی لەسەر سووک کرایەوە و گواسترایەوە بۆ بەغدا. هەر ئەو ساڵە پشتگیریی پرۆژەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕی نهێنیی کرد و لەگەڵ مام جەلال و ژمارەیەک کادیری دیکەدا بەشدار بوو لە دامەزراندنی «کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان» کە دواتر ناوەکەی بوو بە «کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان». پاش یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی ڕکابەری پارتی دیموکراتی کوردستان، تاڵەبانی دەرفەتی سەرپەرشتی کردنی ڕێکخراوە تازە دامەزراوەکەی بۆ نەڕەخسا. لەم سۆنگەیەوە شەهاب شێخ نوری لێپرسراوێتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵە و ئەرکی بڕیاردەری گرتە ئەستۆ. لەو ماوەیەدا توانی تەونێکی ڕێکخراوەیی بەهێز دروست بکا و ژمارەیەکی زۆر کادیری سیاسی لاوی بەتوانا بە بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە پەروەردە بکا.

شەهاب شێخ نوری  شێخ نوری شێخ ساڵح  جەناب شێخ نوری
نیهاد شێخ نوری                           گەلاوێژ شێخ نوری

سەرەتای ساڵی 1974، لە سەروبەندی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان شۆڕشی کورد و ڕژێمی بەعس، گەڕایەوە بۆ کوردستان و فەرمانی بۆ ئەندام و کادیرەکانی کۆمەڵە دەرکرد کە بەشداری لە شۆڕشدا بکەن و پێی وابوو کە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیی پێویستی بە پتەوکردنی خەباتی چەکداریی و یەکڕیزیی نیشتمانییە. هەر بۆیە خودی خۆیشی بەشداری
لە شۆڕشدا کرد و بۆ ڕاییکردنی کاروباری ڕێکخستنی ناو شارەکان، کۆمیتەیەکی بەناوی «ئەستێرەی سوور» دامەزراند و لێپرسراوێتییەکەی بە ئەندامی سەرکردایەتی جەعفەر عەبدولواحید، سپارد. ساڵی 1975، لە سەروبەندی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران‌دا، لەو بڕوایەدا بوو کە کورد بەبێ پشتگیریی شای ئێران دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر شۆڕش و لەم بوارەدا هەوڵی دا درێژە بە خەباتی چەکداریی بدرێت، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئاکام بوو.
پاش هەرەسهێنانی شۆڕش، گەڕایەوە بۆ سلێمانی و بەردەوام بوو لەسەر ڕێکخستنی ڕێکخراوەکەی. لەو ماوەیەدا پەیوەندیی لەگەل تاڵەبانی دامەزراند کە لەو کاتەدا لە سوریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراندبوو، و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداریی هەبواو. هاوکات پشتگیریی ئەوەی کرد کە «کۆمەڵە» ببێت بە باڵێکی نێو یەکێتی.
لە نیوەی دووەمی ساڵی 1975 دا بەهۆی ئاشکرابوونی بەشێکی زۆری شانە نهێنییەکانی کۆمەڵەوە، دەزگا ئەمنییەکانی بەعس شاڵاوێکی فراوانی گرتن و ڕاوەدونانی ئەندامانی کۆمەڵەیان دەست پێکرد. ئەندامانی سەرکردایەتیی کۆمەڵە پاش ماوەیەک خۆشاردنەوە، بڕیاریان دا، ڕێوشوێنێک بۆ گەیشتن بەدەستەی دامەزرێنەری یەکێتی لە سوریا بدۆزنەوە، لە ئاکامدا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە بچنە ئێران و لەوێوە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی سوریاوە بکەن لە تاران، بۆ مشورخواردنی مەسەلەی چوونیان بۆ سوریا. سەرەڕای سەختیی شاڵاوی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بۆ سەر ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە، بڕیاری هانابردنی سەرکردایەتی بۆ ئێران، تا ئێستا کۆدەنگیی لەسەر دروستیی ئەو بڕیارە نیە. بەپێی ئەو بڕیارە، هەر پێنج ئەندامی سەرکردایەتی لە سنوور پەڕینەوە و چوونە ئێران. مخابن لەوێ گیران و بەو تۆمەتەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە نێو خاکی ئێران، بۆ ماوەی سێ مانگ پاش دادگاییکردن، لە سەقز زیندانی کران. پاش تەواو بوونی ئەو ماوەیە، بەپێی ڕێکەوتننامەی جەزائیر، ڕادەستی ڕژێمی عێراق کرانەوە. دواتر برانە بەغدا و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی قورس.

شەهاب شێخ نوری و نازەنین ئەحمەد غەنی (هاوسەری شەهاب شێخ نوری)

لە زینداندا پاش ئەوەی لەگەڵ گیراوەکانی تر یەکیان گرتەوە، لە ڕوانگەی لێپرسراوێتییەوە، کۆبوونەوەی پێکردن و داوای لێ کردن قسەکانیان یەکبخەن تا بە کەمترین زیان لە قەیرانەکە دەرچن و لەم ڕووەوە ڕێنمایی پێویستی پێ دان.
رۆژی 11/7/1976 مەحکەمەی سەورە، فەرمانی لەسێدارەدانی خاڵە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆرابی دا و فەرمانی شەش ساڵ زیندانیشی بۆ ئەندامەکانی دیکە دەرکرد. پاش ٤ مانگ و 10 ڕۆژ، لە 21/11/1976 فەرمانەکە لە زیندانی ئەبوغرێب جێبەجێ کرا. بە لەسێدارەدانی ئەو سێ تێکۆشەرەی بوونە سیمبولی شەهیدانی شۆڕشی نوێ.

 


دەقی بڕیاری (مەحکەمەی سەورە) بۆ لەسێدارەدانی خاڵە شەهاب و هاوڕێکانی 
                                            ئەرشیفی: ساڵح بێچار



بابەتە پەیوەندیدارەکان