گەڕان بە دوای ناسنامەدا

10:36 - 2024-06-12
کەلتور
135 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێکی تیمە فریاگوزارییەکانی ئێران لەکاتی رزگارکردنی منداڵێکی بەرکەوتووی کیمیابارانی هەڵەبجەدا

ئیبراهیم هەورامانی

119 ئاماژەیە بە كۆی ئەو منداڵانەی كە لە بەرەنجامی تاوانی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە و خەڵكەكەی لەلایەن رژێمی بەعسی عیراقەوە، لە شوێنە جیاكانی وڵاتی ئێرانەوە بەهەر هۆیەكەوە بووبێ، لە كەسوكار و خانەوادەکەیان دابڕاون. ئەوە بۆ ماوەی 36 ساڵ دەچێت بوون و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
لێرەدا دەپرسم
هەموو ساڵیك بە تایبەتی لە رۆژی یادەوەریی و یادكردنەوەی کارەساتی كیمیابارانی شارەكەدا، ئەم دۆسێیە دەكەوێتە سەر مێزی باس و گفتوگۆ و هەوڵدان بۆ ئاگاداربوونی چارەنووسی ئەو  119 منداڵە نادیارە، بەداخەوە پاش تێپەڕبوونی چەند رۆژێك لە  كۆتایی مەراسیمی یادەوەرییەكە، بۆ جارێكی دیكە فایلی ئەم دۆسێیە دادەخرێتەوە.
من لێرەدا دەپرسم ئایا بەرپرسیاری سەرەكی لە یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسێیەدا كێیە؟ كێ دەبێ بە دوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەم دۆسێیەوە بێت؟ هەرچەندە ساڵانە چەند كەسێك لەڕێی شاشەكانی تی ڤی و لاپەڕەی رۆژنامە و سایتە ئەلەكترۆنییەكانەوە خۆیان نیشاندەدەن و هەوڵی خو دۆزینەوە و ناسینەوەی بنەماڵە و خێزان و كەسوكارییان دەدەن، بەداخەوە ئەم كەسانەش دواجار ناتوانن بگەنە شوێنی مەبەست و بەدڵساردی و بێ هیچ ئەنجامێك بە بیانووی هەڵەی پشكنینی خوێنەكانیانەوە دڵشكاو دەبن و چاوەڕوانی دەرفەتێكی دیكە دەکەن.

 

ئەگەر ئێمە بەدەر لە لایەنە مرۆییەکەی وەک کەیسێکی نەتەوەیی چاو لەم دۆسێیە بكەین، دەتوانین دۆسێی 119 منداڵە ونبووەكە وەک دۆسێیەکی سەلمێنەر بخەینەڕوو کە نەتەوەکەمان رووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە

 

ئەم دۆسێیە یەكلا بكرێتەوە
راستە ئێمە چەندین دەزگا و فەرمانگەی پسپۆڕ و تایبەت بە دۆسییەی شەهیدان و ئەنفالكراوانمان لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا هەیە، دەكرێ لێرەوە بپرسین ئایا ئێستا تەواوی ئەم دامودەزگا و رێكخراو و لایەنە پەیوەندارانە بۆ نەیانتوانیوە بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵ لانیكەم بەشێك لە فایلی ناو ئەو دۆسێیە یەكلا بكەنەوە؟ لەكاتێكدا گەڕان بە دوای ئەم ناسنامانەدا زۆر قورس نییە، زۆربەی دۆسێکان كەوتوونەتە ناو نەخشەی ئیداریی ئێرانەوە و بەهۆی پەیوەندییە بەردەوامەكانی هەرێم و ئێرانەوە كارئاسانی و زووبەدەستەوە هاتنی زانیارییەكان، هۆكارێكی باشن بۆئەوەی بتوانین لانیكەمی خاوەن منداڵە ونبووەكان لە چارەنووس و بوونی منداڵەكان ئاگاداربكەنەوە. 
لەلایەكی ترەوە پێویستە لایەنە تەندروستییەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پسپۆڕانی شیكاریی خوێن هاوسەرفەری رێبوارانی ئەم كاروانە بن بۆ بەدەستهێنانی چارەنووسی ونبووەكان، بەتایبەتی کە ئێستا چەند نموونەیەكی ئەو منداڵانەی بەدوای راستی ناسنامەیاندا وێڵن لەبەردەستە و ناكرێت لەوە زیاتر لە چاوەڕوانیدا بهێڵرێنەوە.
بە تایبەتی لە باشووری كوردستان
لەلایەكی ترەوە ئەگەر ئێمە بەدەر لە لایەنە مرۆییەکەی چاو لەم دۆسێیە بكەین، دەتوانین بگەینە ئەو راستییەی دۆسێی منداڵە ونبووەكان وەک دۆسێیەکی نەتەوەیی، لاپەڕەیەكی پڕ بەڵگەنامەی سەلمێنراوە كە ئەوە دووپات دەكاتەوە و دەیسەلمێنێت نەتەوەكەمان بە تایبەتی لە باشووری كوردستان لەسەر دەستی رژێمی بەعس رووبەڕووی جینۆساید بۆتەوە. بۆیە كاركردن لەسەر ئەم دۆسێیە بە شێوەیەكی زۆر خێراتر و جدیتر، كاركردنمانە لەپێناوی بەرژەوەندیی نەتەوەییماندا بەرلەوەی تەنها كاركردن بێت لە كەیسێكی مرۆییدا.
پێویستە لایەنی پەیوەندار بە ریكخراوە حكومی و ناحكومییەکان و ئەو بۆردەی ماوەیەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێكهێنراوە، دۆسێی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە بكەنە ئەولەویەتی كارەكانیان و چیتر كات بەفیڕۆ نەدەن و چارەنووسی ئەو 119 منداڵە بۆ خێزانەكانیان یەكلا بكەنەوە، تا لەسەر مێزی گفتوگۆكاندا بۆ بەجینۆساید ناساندنی سەرجەم تاوانە یەك لەدوای یەكەكانی رژێمی پێشوو، وەك بەڵگەنامەی زیندوو بیخەینەڕوو و هەریەکەمان خۆمان بە بەرپرسیار و خاوەنی ئەم دۆسێی جینۆسایدە بزانین.
ئەگەر هەر بەم شێوەیەی ئێستا بێخەم بین ، ئەوا دەبێت تا كاتی مردنیان هەر چاویان لە سەرزەمینی نیشتمان و خانەوادە و نەتەوەكەیان بێت. 

*ئەندامی دامەزرێنەری یەكێتیی نووسەرانی جینۆساید لە كوردستان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان