قەڵای سەرداری بۆكان

11:20 - 2024-06-12
کەلتور
169 جار خوێندراوەتەوە

یەكێك لە شوێنەوارە كۆنە مێژووییەكانی بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، قەڵای سەرداری بۆكانە.
قەڵای سەردار لە شاری بۆكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و لە پارێزگای ورمێیە. ئەم بینایە لە سەدەی 19 ی زایینی و ساڵی 1867 لە لایەن عەزیزخانی موكری، یەكێك لە كەسایەتییە سیاسی و فەرماندە بەهێزەكان لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار بونیاد نراوە.
قەڵای سەردار سەرەتا لە ساڵی 1867 وەك بنكەیەكی سەربازی بونیاد نراوە و لە لایەن هێزەكانی عەزیزخانی موكرییەوە پاسەوانی كراوە. دواتر بووە بە شوێنی مانەوە و ژیانی بنەماڵەی عەزیزخانی موكری تا ساڵی 1926 بنەماڵەی عەزیز خان لەم قەڵایەدا بوون. چوار كەسایەتی گرنگی حكومەتی كە بە «بنەماڵەی سەردار» ناوسراوبوون لەم بینایەدا ژیاون.
ئەم قەڵایە لە سەردەمی عەزیز خانی موكری و سەیفەدین خانی موكریدا بە شێوە قەڵا سەربازییەكان بووە، دیوارێكی گەورەو بەرز و دەروازیەكی بووە. بەڵام لە سەردەمی « محەمەد حوسێن خان موكری»دا گۆڕانكاری لە شێوەی بینای قەڵا كراوە و ئەو شێوەیەی كە وەك قەڵایەكی سەربازی بووە، گۆڕاوە. لەم سەردەمەدا دیوارەكانی چواردەوری قەڵاكە رووخێنراوە. دوای نەمانی قاجارەكان و هاتنەسەركاری پەهلەوییەكان، هەمدیسان گۆڕانكاری لەم قەڵایەدا كراوە و بچووكتر بۆتەوە.

 

قەڵای سەردار لە ساڵی1867دا لەلایەن عەزیزخانی موكری، یەكێك لە كەسایەتییە سیاسی و فەرماندە بەهێزەكان لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار بونیاد نراوە

 

ساڵی 1928 بینای ئەم قەڵایە بووە بە قوتابخانە و قوتابخانەی سەرەتایی «شاپوور» لە شوێنی قەڵاكە بووە. دواتر بووە بە بەڕێوەبەرایەتی پۆستە و گەیاندن.
ساڵی 1926 بەشێكی زۆری بیناكە رووخا، ساڵی 1943 بیناكە نۆژەن كرایەوە و لە ساڵی 1946 ەوە و تا 1972 وەك بنكەی پۆلیس، جەندرمە و قوتابخانە بەكار هاتووە.
بەرزی قەڵای سەرداری بۆكان 13 بۆ 15 مەترە و درێژییەكەی 3 مەترە. ئەم قەڵایە مێژوویەكی زیاتر لە 150 ساڵەی هەیە و لە سەر تەپۆڵكەیەكە كە وا مەزەندە دەكرێت تەمەنی 3000 هەزار ساڵ بێت. قەڵای سەرداری بۆكان ساڵی 1968 بە ناوی « تەپە قەڵا» لە لیستی شوێنەوارە مێژووییەكانی ئێراندا تۆمار كرا. 
ئەم قەڵایە لە ئێستادا زیانی زۆری پێگەیشتووە، ساڵی 2016 شارەوانی بۆكان شەقامێكی لە كۆڵانەكانی خوارەوە ئەم قەڵایە دروستكرد و بوو بە هۆی ئەوەی زیانێكی زۆر بەم شوێنەوارە مێژووییە بگات.
كتێبی قەڵای سەردار (میراتی سەردارەكانی بۆكان) كتێبێكە كە لە لایەن دوو ئەندازیار (سەبری رەحیمی) و (جەعفەر ئۆسكی بەغدادی) ەوە نووسراوەو بەرهەمێكی گرینگە كە باس لەم شوێنەوارە مێژووییە دەکات كە بەرەو فەوتان دەڕوات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان