ئەبرۆى یار و هیلالى مانگى یەک شەوە لاى نالى

10:20 - 2024-06-13
ئەدەب و هونەر
205 جار خوێندراوەتەوە

د.ئاراس محەمەد ساڵح

 

حەزرەتى نالى گیرۆدەى چاوى جوانى شۆخێکى نازدار بووە، ئەو جوانە دەموچاوى وەک مانگى چواردە و ئەبرۆکانى وەک هیلالى مانگى یەک شەوە وابوون، هەربۆیە هەرکەسێک ئەو نازدارەى بینیبێت خۆى کردووە بە باڵاگەردانى و لە دەورى گەڕاوە




زۆرێک لە شاعیران لە پیاهەڵدان بە جوانى خانماندا درێغییان نەکردووە، هەندێکیان دەربڕینی جوان و وێناى بەرزیان ئەفراندوە، بەڵام کەسیان وەک نالى گیرۆدەى ئەگریجە و چاو و برۆى یار نەبوون، هیلالى مانگى یەک شەوە لاى نالى بووەتە رووگە و چاو برۆى جوانى یار، برۆی باریک و چەماوەى یارى نازدار ،بووەتە میحرابی چەماوەى شوێنى نوێژ و نزا و موناجاتى موسڵمانان، جوانى ئەبرۆى یار لاى نالى وەک سێبەرەکەى خۆى هەموو کات لە وێنا و بیرو فیکرى نالی دا بووە و هیچ کات لێى جیا نەبووەتەوە، هەرکاتێک قەڵەمى خستبێتە سەر کاغەز هیلالى رووى نازدار ئامادەیی هەبووە، هەربۆیە ئەم وێناکردنە زۆرترین دووبارە بوونەوەى هەیە لاى ئەم شاعیرە بەهرەمەندە.
هەرکەسێ رووى تۆ دەبینێ، خۆى بە قوربانت دەکا
چونکە ئەبرۆى تۆ هیلالى عیدە، قوربانیی دەوێ. 
دیوانى نالى، ل701.

حەزرەتى نالى گیرۆدەى چاوى جوانى شۆخێکى نازدار بووە، ئەو جوانە دەموچاوى وەک مانگى چواردە و ئەبرۆکانى وەک هیلالى مانگى یەک شەوە وابوون، هەربۆیە هەرکەسێک ئەو نازدارەى بینیبێت خۆى کردووە بە باڵاگەردانى و لە دەورى گەڕاوە،رۆژى سەدجار خۆى بە قوربانى کردووە، ئەم هەموو قوربانیدانەش لە پێناوى ئەوەدابووە، ئەبرۆى یارى نازدار وەک هیلالى مانگى یەک شەوەى جەژن جوان بووە، کاتێک موسڵمانەکان هیلالى مانگى یەک شەوە دەبینن ئیتر دڵنیادەبن لەوەى کە جەژنە و قۆچەکانیان دەکەن بە قوربانى بۆ خواى گەورە.
   هەربۆیە هەرکاتێک خەڵکى کە رووى یار و ئەبرۆى جوانى دەبینن خۆیان دەکەن بە قوربانى، چونکە ئەبرۆى یار مانگى یەک شەوەى جەژنە و لە جەژنیشدا پێویستە خەڵکى قوربانىی بکات، ئەگەر موسڵمانەکان ئاژەڵێک بکەن بە قوربانى، ئەوا نالى گیانى خۆى دەکات بە قوربانى یارى نازدار و ئەبرۆ هیلالى و رووى نازدارى خەرمانەى مانگى چواردەى ئاسمانى جوانى.
هەروەها لە دێڕە شیعرێکى تردا دەڵێت:

ئاسمانى حوسنى مەحبوبەم لە ئەبرۆ و زوڵف و روو
دوو هیلال و دوو شەو و دوو ماهى تابانى هەیە. 
دیوانى نالى ل574.


  لێرەدا حەزرەتى نالى جوانیى رووى یارى پێش ئاسمان و مانگى یەک شەوە و خەرمانەى مانگى چواردە خستووە، دەڵێت: رووى یارى خۆشەویستم وەک ئاسمان وایە، بەڵام ئەگەر ئاسمان یەک مانگى یەک شەوەى هەبێت، ئەوەى رووى یارى من دوو هیلالى مانگى یەکشەوەى تێدا دەرکەوتووە، ئەوانیش هەردوو برۆى یارن، هەردوو زوڵفى رەشى یار کە بە هەردوو لاى روویدا شۆڕ بوونەتەوە ،دوو شەوى تاریکە، دوومانگى تابانیش، هەردوو لاى ڕووى ڕوومەتى یارى نازدارە کە وەک مانگى چواردە جوان و رووناکن.
کۆکردنەوەى کۆمەڵێک شتى ناکۆک وەک دوو مانگى هیلال و دوو مانگى چواردە و دوو شەوى تاریک ،مەگەر هەر نالى بتوانێت وەستایانە ڕیکیان بخات و لە دێڕە شیعرەکانیدا کۆیان بکاتەوە و وێنایەکى تازە و پڕ لە جوانییان لێ دروست بکات.

بنوێنە برۆ، یەعنى هیلالى سەرى ماهت
چون وەعدەیی ماچى سەرى کوڵمت سەرى مانگە.
دیوانى نالى، ل465.

حەزرەتى نالى وەک پەروانەى دەورى رووناکیی هەڵکڕوزاوە و ڕوو دەکاتە یارى نازدار و پێى دەڵێت: برۆکانت دەرخە، چونکە ئەبرۆکانى تۆ مانگى یەکشەوە و هیلالى سەرى مانگن، خۆت وەعدت پێدابووم لەسەرى مانگدا ماچم بدەیتێ و رۆژووەکەم بشکێنم بە ماچى تۆ، ئەگەر هیلالى مانگى یەک شەوەى ئاسمان لە سی ڕۆژدا جارێک دەربکەوێت، ئەوا مانگى یەک شەوەى رەوى یار هەموو کات دەردەکەوێت و هەموو کات مانگى یەک شەوەن و منیش بەردەوام ماچى کوڵمى یار دەکەم، چونکە وەعدى نێوان من و یارى نازەنین بینینی هیلالى مانگى یەک شەوە بووە.
  تاهیر بەگى جاف ـ یش وەک عاشقێکى سوتاوى بەردەم پرتەوى جوانى یار، هەمان ڕێگەى نالى گرتووە و لە دێڕە شیعرێکیدا وتویەتى:

برۆ و رووخسار و زوڵف و لێوى ئاڵت
شەو و رۆژ و هیلال و عیقد مەرجان. 
دیوانى تاهیر بەگ، ل105.

هەردوو ئەبرۆى جوانى یارى بە هیلال داناوە و زوڵفى ڕەشى بەشەو، لێوى سووری بە ڕشتەی مرواری گەرووی مەرجان، لە کۆن و نوێدا جوانى و شۆخ و شەنگى نازداران بووەتە ئیلهامى شیعر بەخشى زۆرێک لە شاعیران، لاى عاشقان ئیشى شیعر ئەوەیە باسى شۆخى نازدار و جوانى سروشت بکات، لاى عاریفەکانیش دەروازەیەکە بۆ دەربڕینى مەستى و خۆشەویستى نێوان بەندە و خودا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان