چەند رۆژێکی تر تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی دەستپێدەکات

11:57 - 2024-06-20
کوردستان
214 جار خوێندراوەتەوە

سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بە بەشداری 29 ھەزار خوێندکار تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی بەسەرجەم بەشەکانییەوە دەست پێدەکات، بۆ ئەو مەبەستە، داوای ھاوکاری لە ھاووڵاتیان و خوێندکاران دەکرێت.
لەو بارەیەوە دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: رۆژی یەکەشەممە 23/6 تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی دەست پێدەکات و لە پارێزگای سلێمانی 29 ھەزار خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن.
هەروەها لەپێناو دابینکردنی دۆخێکی ئارامی تاکو گەرەنتی بەکارھێنانی بەردەوامی کارەبا بکرێت، داوا لە ھاووڵاتیان دەکات بەکارھێنانی کارەبا بەگوێرەی پێویست کەمبکەنەوە.
هاوکات وتیشی: داوا لە سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێری ھۆڵی تاقیکردنەوەکانیش کراوە کە ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندکاران دەستەبەر بکەن و ئارامی خۆیان و ھۆڵی تاقیکردنەوەکانیش بپارێزن.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی داوا لە خوێندکارانیش دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە تێکدانی ئارامی ھۆڵەکان و ھەڵگرتنی چەک و ئامێری بڕەڕ و ھەڵگرتنی ئامێری زیرەک کە بەکاردەھێنرێت بۆ گزی وەک مۆبایل و قەڵەم کە کامێرای تێدایە یان کاتژمێری زیرەک و بلوتوس چونکە ڕەنجی ساڵێکیان بەھەدەر دەبات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان