یاسای گەردوونی یانی چی؟

09:28 - 2022-06-20
کەلتور
725 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

گەردوون و سروشت بە یاسا کار دەکەن نەک بە کۆمەڵێک "بەها" یان کۆمەڵێک بنەمای "بێ بەها". لە گەردووندا "بەها"مان نیە، یانی لە گەردووندا بنەمایەکمان نیە بە ناوی "بەها"ی گەردوونی یان هەر بەهایەکی دیکە، بەهاکان داهێنراوی زەینی مرۆڤن و لە کۆمەڵگایەکیشەوە تا کۆمەڵگایەک و تەنانەت لە تاکێکەوە بۆ تاکێکیتر دەگۆڕن. لە گەروودندا ئێمە تەنیا "یاسا"مان هەیە، گەردوون بە یاساکانی خۆی کاردەکا و ئەو یاسایانەش بێ لایەنن، نە کەس بەرزدەکەنەوە و پاداش دەکەن و نە کەس دادەبەزێنن و سزادەدەن، ئەوە خۆتی بە هاوئاهەنگبوون لەگەڵ ئەو یاسایانە خۆش دەبی و بە لادان لێیان ناخۆش دەبی، جا تۆ ئازادی ئەو خۆشبوون و ناخۆشبوونە بە پاداشت وسزا لێکبدەیتەوە، بەس گەردوون کاری بەو شتانە نیە.
 هەرکەس بیەوێ لەگەڵ گەردوون هاوسەنگ بێ دەبێ لەگەڵ یاسا گەردوونییەکان خۆی رێکبخا. یاسا گەردوونییەکان وزەن و لەرێگەی شەپۆل و لەرەوە کار دەکەن، هەر کاتێ ئێمە بیرێکمان کردەوە خەریکین یاسایەکی گەردوونی دەجوڵێنین، جۆری بیرکردنەوەکەمان شەپۆل و لەرەی یاساکە دیاریی دەکا و ئەوانیش بیرکردنەوەکەمان بۆ دەکەن بە واقیع، جا جۆری بیرکردنەوەکەمان هەرچییەک بێ جێبەجێ دەبێ. هەرکەس ئەو یاسا گەردوونییە تێبگا دەتوانێ بەباشی خۆی لەگەڵ گەردوون رێک کاتەوە و لەهەر بوارێکدا بیەوێ سەرکەوتن بەدەست بێنێ.
هەروەها ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوەی بزانین یاسا گەردوونییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ لەشساغی و درک و تێگەیشتن و شادی و خۆشیدا چۆن کار دەکەن، دەبێ توێکارییەکی وردی هەموو رەهەندەکانی خۆمان بکەین و بەشێوەیەکی زۆر زانستی – گەردوونی خۆمان بناسین. بۆ نمونە کاتێ مرۆڤ جەستەی خۆی ناسی، دەزانێ خۆراک و خواردنەوەی راستەقینەی ئەو جەستەیە کامەیە، ئەوەی کە چ خۆراک و خواردنەوەیەک هی لەشی ئێمەیە ئەوە یاسایەکی گەردوونی و سروشتییە، لادان لەم یاسایە دەبێتە هۆی نەخۆشی و ناخۆشی بۆ ئێمە و بۆ جەستەی ئێمە، یانی ئەگەر کەسێک گوتی بۆ نمونە لەپەیوەندی لەگەڵ جەستەتدا لە یاسا گەردوونی و سروشتییەکان لامەدە یانی ئەوەی سروشت و سرشتی جەستەت بناسە و لەسەر بنەمای ئەو ناسینە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکە، ئەگەر ئەوە نەکەی تووشی کێشە دەبێ. کەواتە ئێمە بۆ ئەوەی کامڵ بین دەبێ ئەو بنەمایانە بناسین و لێیان لانەدەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان