بڕینەوەی داری بەتەمەن هاووڵاتیانی نیگەران کردووە

09:46 - 2022-06-20
ڕاپۆرت
436 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

شارەوانی و پارێزگای كەركوك هەڵمەتی بڕینی دارە بەتەمەنەکانی شارەکەیان دەستپێ کردووە و لە شوێنی ئەوان دارخورما بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە دەڕوێنن.

پێویستمان بە سەوزای زیاترە نەك بڕینەوە
شكۆفە محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز رایگەیاند: بەهۆی بێ بارانی و شەپۆلەکانی خۆڵ بارین ئەوەی پێویستە لە سەرمان رواندنی درەختێكی زۆرە بۆ ئەوەی بەرەنگاری خۆڵبارین ببینەوە، بەڵام بەداخەوە دیاردەی بڕینەوەی درەختی سەوز و دروستكردنی چیمەنی دەستكرد كە هەر دووكیان دوو دیاردەی نا شارستانین و لە دوو لاوە دەبێتە هۆی لە دەستدانی سەوزایی و کەمبوونەوەی ئۆكسجینی پێویست لە شارەکەدا.
وتیشی: بڕینەوەی ئەم درەختانەی ئێستا بە هەڵەیەكی گەورە دەزانم، چونكە ئێمە لە شارێكی وەكو كەركوكدا پێویستمان بە زیادکردنی سەوزایییە نەك بڕینەوە.
هاوکات فەرەیدون عادل زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك رایگەیاند: ئەو دارانەی دەبڕدرێنەوە تووشی نەخۆشی بوون رەگەکانیان لاواز بووە  و مەترسی کەوتنیان هەیە.
وتیشی: ئێمە هیچ كات لەگەڵ ئەو چیمەنە دەستكردانەدا نیین، چونكە هیچ سوود بە ژینگەی شارەكە ناگەیەنێت ‌و لەسەر بڕیاری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دروستكراوە.
لەلایەکی ترەوە عەلی ئەحمەد، ئەندازیاری كشتوكاڵی لەسەر رواندنی درەخت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەڵەی شارەوانی لەوەدایە لە وەرزی گەرمادا دەستی كردووە بە بڕینی دار و روواندنی درەخت، چونكە ئەم پرۆسەیە پێویست بوو لە وەرزی زستان یان لە بەهار دا بكرایە.
بەپێی زانیارییەکانی ژینگە دۆستان رێژەی سەوزای لە پارێزگای كەركوك    (2 %)  تێپەڕ ناكات،  ئەمەش رێژەیەكی زۆر ترسناكە بۆ ژینگەی شارەكە و دەبێت رێژەی لە ئاستی ستانداردی جیهانی بێت كە ئەویش (16 %)یە.
 
دەیفرۆشنەوە بە دوکانەکانی برژاندنی ماسی
ساڵانێكە دیاردەی داری بڕینەوە لە كەركوك سەریهەڵداوە بەتایبەتی لەو دارستانەی هەندێكیان خۆڕسكن و لەسەر زێی بچووك رواون، ژینگە پارێزان بە هەموو شێوەیەك ئیدانەی بڕینەوەی ئەو درەختانە دەکەن و داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەن سزای سەرپێچیکاران بدات هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەک بەرهەڵگردا کە داری بڕاوەیان تێدا بوو و دەیانویست بیفرۆشنەوە بە دوکانەکانی برژاندنی ماسی.
عەقید عەلی بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی ناحیەی پردێ رایگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانیان لە بڕینەوەی درەختەكانی دەم زێی ناحیەی پردێ، دەستبەجی مەفرەزەكانیان گەیشتنە شوێنەكە و توانیان حەوت كەس دەستگیر بكەن لەگەڵ دەستبەسەردا گرتنی سێ ئۆتۆمبێل و سەرجەم ئەو كەلوپەلانەی كە لە بڕینەوەی درەختەكان بەكارهێنرا بوو.
وتیشی: بە بڕیاری دادوەر ئۆتۆمبێل و سەرجەم تۆمەتبارەکان تا 25/6/2022، لە بنكەی پۆلیسی ناحیەی پردێ دەستبەسەرن ‌و چەند کەسێكی دیكە كە تێوەگلاون هێشتا دەستگیرنەكراون و دادەوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردوون، چونكە كڕین و فرۆشتنیان بەو درەختانەوە  كردووە.
باسی لەوەشكرد لە لێكولێنەوە سەرەتاییەكاندا دانیان بەوە ناوە ویستوویانە ئەو درەختانەی كە بڕیویانەتەوە بە ماسی فرۆشەكان بفرۆشن.
شناغە بە ئەنقەست سووتێنرا
لەساڵی 1964دا حكومەتی پێشووی عیراق پڕۆژەی دارستانی شناغەی لە قەزای دووبز دروستكرد، بە مەبەستی پانتایی و زۆربوونی رێژەی سەوزایی لە ناوچەكە، چونكە ئەو شوێنە لە كۆمپانیای نەوتی باكورەوە نزیكە، ئەمیش بۆ پاراستی گیانی دانیشتوانی ئەو سنوورە بوو، هەروەها ببێتە شوێنێكی گەشتیاری.
شكۆفە محەمەد ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز وتی، ساڵانێكە حكومەت بایەخ بە بواری ژینگە نادات و سزای قورسی ئەو كەسانەش نادات تاوان بەرامبەر ژینگە دەکەن، چونكە چەندین جار دارستانی شناغە لە قەزای دووبز بە ئەنقەست سووتێنراوە و درەختەكانی بڕاونەتەوە لە کاتێكدا لەسەر هەموو تاكێك پێویستە خزمەتی ژینگەكەی بكات، نەك بیشێوێنێت.
وتیشی،  حكومەتی عیراق لە دەستووردا كۆمەڵێك یاسای لە بەرژەوەندی ژینگە پەسەند كردووە، بەڵام بەداخەوە خۆی جێبەجێی ناكات، بۆ نموونە مادەی (21) و (37) تایبەتن بە كایەكانی ژینگە، هەر دوو مادەكە ئاماژە بە زیان ‌و بە قەرەبووكردنەوەی ژینگە دەكات. ئەو كەسانەی دەست بۆ درەخت بڕینەوە دەبن بەو یاسا و مادانە دەتوانن سزای مادی بدرێن، لە 500 هەزارە وە تا پێنج ملیۆن دینار و هەندێك جار بەندكردنیش هەیە.

داربڕینەوە یاسا و دەستووری خۆی هەیە
پۆڵا جەلال، مامۆستای زانكۆی كەركوك‌ و شارەزا لە بواری ژینگەدا راگەیاند: سەرەتا، داربڕینەوە یاسا و دەستووری خۆی هەیە و دەبێت بە رێگای زانستی ئەو درەختە ببڕدرێتەوە تا هیچ كاریگەریەكی زانستی بەسەر ژیانی سروشتییدا بەجێنەهێڵێت، گەرهاتوو دار بە سەوزیی ببڕدڕێتەوە بەدڵنیایەوە رێژەیەكی ئاوی شیرین لەناو گۆی زەوی كەم دەبێتەوە، چونكە رێژەی ئاوی شیرین لە ژێر زەوی رێژەیەكی دیاریكراوە و 15 %ی ئاوی شیرین لەناو ئەو دارە سەوزەدایە، رێكخراوە جیهانییەكان بەتایبەتی ئەوانەی پارێزگاری لە رووەك ‌و ئاوی شیرین دەكەن رێكەوتنێكیان جێگیركردووە ئەویش ئەوەیە هەر دارێك دەبڕدرێتەوە بەلایەنی كەمەوە دەبێت بۆ ماوەیەك لەبەر خۆر بێت تاوەكو بەشێوەیەكی سروشتی ئاوەكەی داچوڕێ یان بەهەڵم دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بەرگە هەوای زەوی، ئێستا رێگەیەكی تری زانستی هەیە، فڕنێكی تایبەت بە پلە گەرمییەكەی وا دەكات ئەو ئاوەی لەناو دارەكەدا هەیە بە هەڵم بگەڕێتەوە ناو سروشت‌ و دواتر رێگە دەدەن ببڕدرێتەوە یان بسووتێنرێت.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان