سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات بە ئەمریكا

07:06 - 2024-06-23
ئابووری
110 جار خوێندراوەتەوە

جیتا گۆپیناس جێگری یەكەمی بەڕێوەبەری سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی هۆشداری دایە ئەمریكا و وڵاتە گەورە و پێشكەوتووەكانی دیكە، لە بارەی مەترسی كەڵەكەبوونی قەرزەكانیانەوە و لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئێستا باشترین كاتە بۆ سووككردنی قەرزەكانیان لە رێگەی كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و زیادكردنی باجەوە، لەبەر ئەوەی گەشەی ئابووری ئەمریكا و ئەو وڵاتانە لە ئاستێكی باش و گونجاودایە.
گۆپیناس لە چاوپێكەوتنێكدا كە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی لەگەڵیدا سازی كردووە، ئاماژە بەوە دەكات، ئەمریكا ئێستا زەمینەیەكی لەباری بۆ رەخساوە تا قەبارەی كورتهێنانی داراییەكەی كەم بكاتەوە، هەروەها ئێستا باشترین كاتە بۆ ئەوەی وڵاتە خاوەن ئابوورییە پێشكەوتووەكان بە بارودۆخی دارایی خۆیاندا بچنەوە و رێكی بخنەوە، رەنگە بەوەش بتوانن باری قورسی قەرزە كەڵەكەبووەكانیان سووك بكەن.
پێشبینییەكان بۆ چەند ساڵی داهاتوو
ئەم هۆشدارییەی جیتا گۆپیناس دوای ئەوە دێت كە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەردوو حزبەكەی ئەمریكا، دیموكرات و كۆمارییەكانیش پارەیەكی لە رادەبەدەریان خەرج كردووە و بەهۆی ئەوەشەوە كۆمەڵێك كێشەی ئابووری كەڵەكەبووە. نووسینگەی بودجە لە كۆنگرێسی ئەمریكا كە رۆڵی دەستەی چاودێریی دارایی حكومەت دەگێڕێت پێشبینی دەكات قەرزەكانی ئەمریكا تا ساڵی 2029 ئەوەندە بەرز بێتەوە كە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە بەرزبوونەوەی وای بەخۆیەوە نەدیوە.
ئەو نووسینگەیە پێشبینی ئەوەش كردووە لە 10 ساڵی داهاتوودا كورتهێنانی دارایی بگاتە %5.2 و %6.3  بەڵام بە گوێرەی پێشبینی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لەو زیاترە و دەگاتە %7.1 جیتا گۆپیناس لەو بارەیەوە دەڵێ: نابێ ئەو وڵاتانە پارەی هەموو خەرجییەك لە رێگەی قەرزەوە دابین بكەن و پێویستە خۆیانی لێ بپارێزن. 
زیرەكیی دەستكردیش كێشە دەنێتەوە
سەبارەت بە سەرهەڵدانی زیرەكیی دەستكرد و ئەگەری زیانەكانی بۆ سەر ئابووری وڵاتانی پێشكەوتوو لە رووی ئابوورییەوە، جیتا گۆپیناس ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە لەگەڵ بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرددا لە وڵاتە پێشكەوتووەكان %30 خاوەن پیشەكان، پیشەكانیان لەدەست دەدەن و لە وڵاتە تازە گەشەكردووەكانیش %20ی پیشەكانیان لەدەست دەدەن، لەو وڵاتانەش كە داهاتیان كەمە ئەو رێژەیە كەم دەبێتەوە بۆ %18 بەڵام بە شێوەیەكی گشتی چاوەڕوان دەكرێت زیرەكیی دەستكرد زیانی گەورە بە بازاڕ كار بگەیەنێت، ئەو كاتیش قورسایی دەكەوێتە سەر شانی حكومەتی ئەو وڵاتانە، ئەویش بە دابینكردنی بڕێكی زۆر بیمەی بێكاریی.
سەرچاوە: ئیندیپێندنت

بابەتە پەیوەندیدارەکان