كۆبوونەوەكەی 26 ی مانگی نوێنەران

10:51 - 2022-03-24
عیراق
848 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا دیارنییە كە ئاخۆ رۆژی 26/3/2022 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت یاخود نا، بەڵام بەگوێرەی نەخشەی سیاسیی قەوارە سیاسییەكان و فراكسیۆنە پەرلەمانییە ركابەرەكانی ماڵی شیعە، تا دوێنێ چوارشەممەش نەگەیشتوونەتە چارەسەرێكی مامناوەندیی كە ئاسۆی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی لێوە دیاربێت.

تا ئەم چركەساتەش لایەنە شیعەكان سەرقاڵی تاوتوێكردنی هەیكەلی كابینەی حكومیی داهاتوو و ناودێركردنی كەسێكی (متفق علیە)ن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و بەمەش روون دەبێتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆماریان وەك عورفە سیاسییەكە بۆ كورد بەجێهێشتووە و تائێستا بە رەسمی ئەوان خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتە نادەن.
دیارە بە چوونە گەمەی هەڵبژاردنەوە بێت یاخود بە رێكەوتن لەسەر كاندیدێكی تەوافوقی لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكاندا، ئەوا دەبێت كورد بەتایبەتی یەكێتی و پارتی بە گوێرەی پێدراوەكانی سەر ئەرزی واقیع بگەنە رێكەوتنێك، چونكە زۆربەی نوێنەرانی لایەنە عیراقیەكان دەیانەوێت بە گوێرەی زنجیرە زەمەنییە دیاریكراوەكانی ناو دەستوور كارەكان بەڕێوەبچێت، هەربۆیە نایانەوێت عیراق بكەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە.

راستە كابینەی خولی دووەمی نوری مالیكی بەهۆی ململانێی نێوان فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون و فراكسیۆنی عیراقیە لە ساڵی 2010 دا ماوەیەكی زۆر درێژەی كێشا بەهۆی دیاریكردنی یەكەم فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانی و گەورەترین لیستی براوە، بەڵام جیاوازییەكەی لەوەدا بوو كە ئەوكات زنجیرە زەمەنییەكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكایەتی كۆماردا زۆری نەخایاند، بەڵكو ئەوەی درێژەی كێشا دیاریكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و ناودێركردنی كەسێك بوو بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئەوەی پەیوەستە بە لایەنە كوردستانییەكانەوە جگە لەو گرفتە خوڵقاوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار هیچ كێشەیەك لەبەردەم دیاریكردنی كەسێك و هەڵبژاردنیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نییە، چونكە پێدراوەكان ئەوەمان پێ دەڵێن پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكیی كوردستان لە هەڵبژاردنی كوردستانیش و لە هەڵبژاردنی عیراقیشدا دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێناوە، پارتی بەگوێرەی ژمارەی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان كابینەی پێكهێناوە و هیچ كەس لاریی لەوە نەبووە، بەڵام پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشیان بۆ خۆیان بردووە و لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش جێگری یەكەمیان بردووە.

لەسەر ئاستی عیراقیش پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكەی 12/5/2018 شدا هەمان سیناریۆی دووبارە كردەوە كە پێشان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش كرد و دواتریش لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا كاندیدی پێشكەش كرد. بەوەش مافی خۆی لە پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە بردووە.

ئەگەر بابەتەكە بەو شێوەیە بوایە، ئەوا دەبوو یەكێتیش كاندیدی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەبوایە، یاخود لە ساڵی 2018 كاندیدی بۆ سەرۆكی هەرێم هەبوایە، بەڵام كە نەیبووە واتە هێشتا یەكێتی پابەندە بە تەوافوقە كوردییەكەوە.

بۆیە دیارنییە ئەگەر كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی نوێنەران بەڕێوەبچێت، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەبێت، یان نا، چونكە بەم نەخشە پەرلەمانییەی تا ئێستا هەیە، رێژەی یاسایی تەواو نابێت و داواكارییەكەی موقتەدا سەدریش لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان جۆرێكە لە دڵنیانەبوون لە تەواوبوونی ئەو رێژە یاساییە كە ئەگەری هەیە عیراق بخاتە بۆشایی دەستوورییەوە.

#عیراق #ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان