کۆچکردنی ملیۆنێرەکان

11:22 - 2024-06-24
ئابووری
153 جار خوێندراوەتەوە
هیندستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی سەرمایەدارەکانی جێی دەهێڵن

ئەکرەم ئەمین



ئێستا کۆمپانیا و کارگەکانی کوردستان روو لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دەکەن، بە هۆکاری رەخساندنی ژینگەی گونجاو و پێدانی زەوی و قەرزی بانکی و بەخشینیان لە باج لەلایەن حکومەتی عیراقەوە



ملیۆنێرەکان بەو کەسانە دەوترێن کە سەرمایەکەیان زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار بێت.
کۆچکردن هەمیشە راکردن بووە لە ژینگەیەکی نائارام بۆ ژینگەیەکی ئارام و گونجاو، دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەکانیش بە هەمان شێوە بۆ ژینگەی لەبار دەگەڕێن بۆ بەگەرخستنی سەرمایەکەیان و کۆچ بۆ وڵات و ناوچەی تر دەکەن. کۆچکردنی سەرمایە بنەمایەکی بەهێزی ئابووریشە بۆ وڵاتی خانەخوێ و دەبێتە هۆکارێکی باش بۆ دەستەبەرکردن و ئاڵوگۆڕکردنی دراو و بنیاتنانی کار و پیشەی نوێ و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر.

ئیمارات یەکەمە
ئێستا لەسەر ئاستی دنیا ئیمارات زۆرترین خاوەنکار و ملیۆنێر رووی تێدەکەن و ساڵانە ژمارەیان زیاد دەکات، بەهۆی کارئاسانی و رەخساندنی کەش و ژینگەی لەبار بۆ سەرمایەداران و کەمکردن و بەخشینیان لەباج.
بە پێی راپۆرتی کۆمپانیای (هینلی ئاند بارتنرز)  بۆ کۆچکردنی ملیۆنێرەکان کە ساڵانە بڵاودەبێتەوە، ریزبەندی وڵاتان بە شێوەیەکە ئیمارات لوتکەی گرتووە و تەنیا ساڵی 2024 زیاتر لە شەش هەزار و 700 ملیۆنێر روویان تێکردووە، لە دوای ئەویش ئەمریکا بە سێ هەزار و 800 و سەنگافورە بە سێ هەزار و 500 و کەنەدا بە سێ هەزار و 200 ملیۆنێر بە پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم دێن. 

چین و بەریتانیاشی تێدایە
ساڵی 2024 چین لوتکەی ریزبەندی ئەو وڵاتانەی گرتووە کە زۆرترین ملیۆنێر سەرمایەکانیان گواستەوە و کۆچیان بۆ وڵاتانی تر کردوو. تەنیا لەم ساڵدا چین 15 هەزار و 200 ملیۆنێر ئەو وڵاتەیان جێهێشووە، بەدوای ئەویشدا بەریتانیا بە نۆ هەزار و 500 و هیندستان بە چوار هەزار و 300 و کۆریای باشوور هەزار و 200 و روسیا بە هەزار ملیۆنێر، بە پلەی دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێن. دیارترین هۆکاریش بۆ کۆچکردنەکە سەپاندنی باجی زۆر و  هەڵئاوسانی ئابووری و شەڕە.

کوردستان
ئەگەرچی ئامار و داتایەکی تەواو بەردەست نییە کە ژمارە و سەرمایەی سەرمایەداران لە کوردستان نیشان بدات، بەڵام ئەوەی هەیە ناوی کۆمپانیاکان دەبرێن. ماوەی چەند ساڵێکە  بە هۆکاری قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و بێپلانی، رۆژ بە رۆژ ژمارەی کۆمپانیا دەرەکی و ناوخۆییەکان کەمدەکات.
ئێستا کۆمپانیا و کارگەکانی کوردستان روو لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دەکەن، بە هۆکاری رەخساندنی ژینگەی گونجاو و پێدانی زەوی و قەرزی بانکی و بەخشینیان لە باج لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر ئابووری کوردستان و کەمبوونەوەی هەلی کار و بەگوندبوونی شارەکانی کوردستان لە دوورمەودادا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان