هانا وایت: لەندەن چیتر وەك سەنتەری دارایی جیهان سەیر ناكرێت

11:31 - 2024-06-24
ئابووری
122 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


راپۆرتە داراییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەم ساڵ ژمارەی سەرمایەدارە هەڵاتووەكان لە بەریتانیا زیاد دەكات و لە ساڵی 2023 زیاتر دەبێت كە ژمارەیان هەشت هەزار سەرمایەداری هەڵاتوو بوو.
هانا وایت بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پەیمانگای هزری حكومیی بەریتانی، لەو بارەیەوە رایگەیاند: تا ئێستاش كاریگەریی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا واتە بریكزێت لەسەر بەریتانیاوە ماوە و چیتر وا سەیری لەندەن ناكرێت، كە سەنتەری دارایی جیهان بێت. هانا كە بەشدارە لەو راپۆرتەی دامەزراوەی (هینلی ئاند بارتنەرز) سەبارەت بە كۆچی سەرمایەداران ئامادەی كردووە وتی: لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیادا قەیرانی هەڵاتنی خاوەن سەرمایەكان تا دێت خراپتر دەبێت.

 

تا ئێستاش كاریگەریی دەرچوونی بەریتانیا
لە یەكێتیی ئەوروپا واتە بریكزێت
لەسەر بەریتانیا ماوە و لە داهاتووشدا کاریگەریی لەسەر ئابوورییەکەی دەبێت

بەڕێوەبەرەكان دەگرێتەوە
راپۆرتەكە پشتی بەستووە بە كۆكردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر 150 هەزار كەسی خاوەن سەرمایە، وەك دامەزرێنەری كۆمپانیا، سەرۆكی كۆمپانیا، بەڕێوەبەری جێبەجێكار و هاوبەشەكان لە بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكاندا و سەبارەت بە دۆخی ساڵانی رابردووش ئاماژە بەوە دەكات، كە لە ساڵان (2017 تا 2023) كۆچی بە كۆمەڵی سەرمایەداران لە بەریتانیاوە بەرەو وڵاتانی دیكە گەیشتۆتە نزیكەی 16 هەزار و 500 سەرمایەدار.
پرۆسەی بریكزێت یەكێكە لەو هۆكارانەی وەبەرهێنەران كەمتر روو بكەنە بەریتانیا، چونكە ئەو ئازادیی هاتوچۆیەی پێش دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا بۆ وەبەرهێن و بازرگانان دەستەبەر بوو، ئێستا نەماوە و جەنگ و نائارامیش بە شێوەیەكی گشتی كاریگەریی بەرچاوی لەسەر ئابووری ئەوروپا و بەریتانیاش هەیە، بە تایبەتیش جەنگی ئۆكرانیا و روسیا، دوای هەڵایسانی جەنگیش بەرزبوونەوەی نرخی وزە هاتە ئاراوە و هەموو ئەمانەش وەك تارمایی باڵیان بەسەر دۆخی ئابووری ئەوروپا و بەریتانیادا كێشا.

بەڵێنەكانی پارتی كرێكاران
مەترسییەكی دیكەی سەرمایەداران ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنی گشتیدا پارتی كرێكاران بەریتانیا سەر بكەوێت، چونكە ئەگەری هەیە ئەو پارتە رێژەی باج لەسەر سەرمایە زیاد بكات، پارتی كرێكاران بە سەركردایەتی كیێر ستارمەر بەڵێنی داوە لە دوای سەركەوتنی سەقامگیریی ئابووری بەدی بهێنێ و گەشەی ئابووری زیاد بكات و ئاسانكاریی زیاتر بكات بۆ هاتنی خاوەنكار و وەبەرهێنەری بیانی، ستراتیجی ئەو حزبە بەردەوام بەو ئاراستەیە بووە كە باج لەسەر سەرمایەداران زیاد بكات.
سەرچاوە: ئیندیپێندنت

بابەتە پەیوەندیدارەکان