هه‌ر جاره‌ی تێكۆشه‌رێك

سه‌باح مه‌رگه‌یی پێشمه‌رگه‌ی دێرین

11:59 - 2024-06-24
کوردستان
307 جار خوێندراوەتەوە

ئاماده‌كردنی: ئالان محه‌مه‌د جه‌زا




ساڵی 1976 په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندام له‌ لوتكه‌ی گرنگی پێداندا بوو، بۆ به‌شداریكردن له‌ ئه‌ڵقه‌ی رۆشنبیریدا به‌ هاوڕێیه‌كیان سپاردم كه‌ له‌ رووی زانستی مێژوویی و فه‌لسه‌فییه‌وه‌ زۆر شاره‌زابوو . قۆناغه‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌ی پێ ده‌وتین، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی، كۆیلایه‌تی، ده‌ره‌به‌گایه‌تی، سه‌رمایه‌داری، كۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی و دوا تریش كۆمه‌ڵگه‌ی كۆمۆنیستی، دواتر  كتێب و نامیلكه‌ی مێژوویی و سیاسی و فكری و شۆڕشگێرانه‌ی (گه‌لانی ژێر ده‌سته‌ی دنیا)یان پێده‌داین.
مه‌ترسییه‌كانیش له‌سه‌ر كه‌سانی سه‌ر به‌ رێكخستن زۆر بوو به‌هۆی زۆریی سیخوڕه‌كانی به‌عسه‌وه‌، بۆیه‌ زۆرجار دوو دوو به‌ده‌م رێگه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌مان ده‌كرد و بابه‌ته‌كانمان باس ئه‌كرد.
مانگی 10/1980 چوومه‌ زه‌ڵێ و بووم به‌ پێشمه‌رگه‌.
سته‌م و زۆرداریی رژێم به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان وایكرد كه‌ خه‌ڵكێكی زۆرر رووبكه‌نه‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی به‌ گشتی و كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران به‌تایبه‌تی، زیاتریش له‌و رووه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كێتی له‌ دوای ئاشبه‌تاڵه‌وه‌ تاكه‌ هێزبوو به‌گژ رژێمدا چۆوه‌ و شۆڕشی هه‌ڵگیرسانده‌وه‌.
پێشمه‌رگه‌ خاوه‌ن بیرو باوه‌ڕی پۆڵاینی خه‌بات بوو ، په‌روه‌رده‌ی رێكخستنی سه‌ربازی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ گرنگیی زۆری پێ ئه‌درا، بۆیه‌ له‌ شه‌ڕه‌كاندا ئاماده‌ی هه‌ڵمه‌ت و گیانبه‌ختكردن بوو، په‌لاماری مۆڵگه‌كانی رژێمی ده‌دا و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌شی به ‌ده‌ست ده‌هێنا.
وه‌ك خۆم هاوڕێكانم له‌و شوێنانه‌ی پێكه‌وه‌بووین شاهیدن كه‌ له‌چه‌ن شوێن و شه‌ڕگه‌دا به‌شداربووم، له‌كاتێكدا كادر بووم و كاری من رێكخستنی جه‌ماوه‌ری بوو، یه‌كه‌م شه‌ڕیش كه‌ به‌شدار بووبم، كاره‌ساتی جه‌لكان پیرانه‌ڕه‌شه‌بوو كه‌ هێلیكۆپته‌ر لێی داین و بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی نۆ پێشمه‌رگه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ شه‌هید جه‌میل ره‌نجبه‌ری كادر و شاعیر بوو، 13 پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون، كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لیش یه‌كێكی تر بوو لە بریندارەکان.
له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ستم به‌ ترسێكی زۆركرد، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قاڵبووه‌وه‌ و گۆشكراوی ناو رێكخستنه‌كانی شاربووم، دوایی لام ئاسایی بۆوه‌.
خه‌باتگێڕان قۆناغێكی زۆر سه‌ختیان تێپه‌ڕاند، به‌داخه‌وه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ ئه‌و مێژووه‌ی خۆڕاگرییمان بیرده‌چێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ڕای من خه‌باتگێڕانی دێرین، سه‌ركرده‌كانی ئه‌وكاته‌ و فه‌رمانده‌ باڵاكان و كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كان كه‌ رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه‌، ئێستا كاری باشیان بۆكراوه‌ و له‌ رووی ژیانه‌وه‌ گرفتیان نییه‌، پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی ئێستا و فه‌رمانده‌ نوێیه‌كان پرسوڕاوێژیان پێبكه‌ن.
فه‌رمانده‌ و كادره‌كانی خواره‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌كانی تریش كه‌ به‌شێكیان وه‌ك ئه‌و دوو ده‌سته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ روی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ كاری باشیان بۆ كراوه‌ و ژیانیان باشه‌، زۆربه‌یان وه‌ك پێویست كاریان بۆ نه‌كراوه‌ و كه‌موكوڕیی زۆر هه‌یه‌ له‌ گوزه‌ران و ژیانیان، ئاوڕی ته‌واو له‌ ئه‌وانیش بدرێته‌وه‌ و بۆ هه‌ر بابه‌تێكی پێویست راوبۆچوونیان وه‌ربگیرێت.
له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ تێكه‌ڵكردنی خه‌ڵكانی تر له‌گه‌ڵ كه‌سانی شۆڕشگێڕ، گه‌نده‌ڵی و واسیته‌ و ...هتد، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو كرا و به‌رده‌وامیشه‌، بۆته‌ نه‌خۆشییه‌كی به‌ربڵاو له‌م هه‌رێمه‌دا و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ره‌.

پڕۆفایل :
سه‌باح محه‌مه‌د مه‌لا ساڵح مه‌رگه‌یی ناسراو به‌ سه‌باح مه‌رگه‌یی، له‌ دایكبووی ساڵی 1954ی گه‌ڕه‌كی كانێسكانی سلێمانیه‌.
ساڵی 1976 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی 1980 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، كادر و فه‌رمانده‌ی كه‌رت بووه‌.
ساڵی 2006 خانه‌نشینكراوه‌ و له‌ شاری رانیه‌ نیشته‌جێیه‌.  

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان