چی دەزانی لەبارەی سندوقی گەشەپێدانی ئۆپێكەوە؟

11:15 - 2024-06-25
ئابووری
114 جار خوێندراوەتەوە
ئەندامانی یانەكە قەرز و یارمەتی بەو وڵاتانەش دەبەخشن كە ئەندامی ئۆپێك نین

ل: ئابووری

ئەمڕۆ خولی سێیەمی یانەی سندوقی گەشەپێدانی ئۆپێك لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا دەست پێدەكات و جێی خۆیەتی بپرسین چی لەبارەی سندوقی گەشەپێدانی ئۆپێكەوە دەزانین كە بە (OPEC Fund) ناسراوە؟
ئەم سندوقە دامەزراوەیەكی تایبەت بە گەشەپێدانە و تاكە دامەزراوەی لەو شێوەیەیە كە یارمەتی دارایی لە ئەندامەكانی وەردەگرێت و پێشكەشی ئەو وڵاتانەی دەكات كە ئەندامی ئەو رێكخراوە نین، بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی خاوەنی داهاتی نزم و مامناوەندن لە سەرتاسەری جیهاندا.

كۆی گشتی هاوكارییەكانی سندوقی گەشەپێدانی ئۆپیكیش تا ئێستا 27 ملیار دۆلار بووە، كە 125 وڵات سوودیان لێوەرگرتووە

پێویستییە بنەڕەتییەكان
سندوقی گەشەپێدانی ئۆپێك ساڵی 1976 لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ئۆپێكەوە دامەزرا، بە ئامانجی بەهێزكردنی هەوڵەكانی گەشەی ئابووری و گەشەكردنی كۆمەڵگە و گەلانی وڵاتە جیاجیاكان، ئەویش لە رێگەی گرنگیدان و پێشكەش كردنی یارمەتی دارایی بۆ ئەو پرۆژانەی پێویستییە بنەڕەتییەكانی وەك خۆراك و وزە و ژێرخانی وڵاتان دابین دەكات، هەروەها گرنگی بە پرۆژەكانی بواری ئاو و ئاوەڕۆ و تەندروستی پەروەردە دەدات لە هەر وڵاتێكدا كە لەو بوارانەدا پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە.

دابەشبوونی جوگرافیا
لە ساڵانی رابردوودا ئەم سندوقە تا رادەیەكی باش ئامانجەكەی خۆی پێكاوە، بە تایبەتیش لە ساڵی 2023دا كە %42ی یارمەتییەكانی بۆ وڵاتانی ئەفریقا بووە و %20ی یارمەتییەكانیشی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە، لە ئاسیا و ناوچەی دەریای كاریبیش بە رێژەی %18 یارمەتی پێشكەش بە وڵاتانی ناوچەكە كردووە، جۆری یارمەتییەكانیش هەندێك جار لە شێوەی پێدانی قەرز بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی و هەندێك جاریش تەنیا لە شێوەی یارمەتیدا بووە.
كۆی گشتی هاوكارییەكانی سندوقی گەشەپێدانی ئۆپیكیش تا ئێستا 27 ملیار دۆلار بووە، كە 125 وڵات سوودیان لێوەرگرتووە. بەهۆی چالاكییەكانیشییەوە ئەم سندوقە توانیویەتی متمانەی دامەزراوە جیهانییەكانی وەك (فیچ) و ستاندارد ئەند پۆرز بە دەست بهێنێت و پلەی (AA+) وەرگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان