پێنج رێگای نوێ بۆ پەیداكردنی پارە

11:17 - 2024-06-25
ئابووری
202 جار خوێندراوەتەوە
#لە ماڵی خۆت دانیشە و لە رێگەی زیرەكیی دەستكردەوە پارە پەیدا بكە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
رەنگە زۆر كەس پێی وابێت لەگەڵ سەرهەڵدانی زیرەكیی دەستكرددا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كارەكانیان لەدەست دەدەن، بەڵام لەمەودوا زیرەكیی دەستكرد یارمەتیدەر دەبێت بۆ مرۆڤ كە هەر لە ماڵەوە و بە ماندوبوونێكی كەم بتوانێت پارە پەیدا بكات. پسپۆڕانی گۆڤاری فۆرێبس پێنج رێگایان دەستنیشان كردووە بۆ پارە پەیداكردن لە رێگەی تەكنەلۆجیای نوێ و زیرەكیی دەستكردەوە:

تۆ تەنیا دەقی بەرنامەكە ئامادە بكە و بە دەنگی خۆت تۆماری بكە، ئامادەكردنی دیمەنەكان لێگەڕێ بۆ زیرەكیی دەستكرد

شۆڕشی دروستكردنی ڤیدیۆ
لە رێگەی زیرەكیی دەستكرد و بە بەكارهێنانی (chat GPT) دەتوانیت ڤیدیۆی سەرنجڕاكێش دروست بكەیت و لە یوتیوبدا بڵاوی بكەیتەوە، بۆ نموونە دەتوانی بەرنامەی فێركاری ئامادە بكەیت و لە كەناڵی یوتیوبەكەی خۆتەوە بڵاوی بكەیتەوە، تۆ تەنیا دەقی بەرنامەكە ئامادە بكە و بە دەنگی خۆت تۆماری بكە، ئامادەكردنی وێنە و دیمەنە سەرنجڕاكێشەكان لێگەڕێ بۆ زیرەكیی دەستكرد.
داهێنان لە جیهانی چاپدا
زیرەكیی دەستكرد دەتوانێ ماڵەكەت بۆ بكات بە كارگەیەك و سەنتەرێكی بازرگانی گرنگ، ئەویش لە رێگەی چاپەوە، بۆ نموونە دروشمێكی جوان، دێڕە هۆنراوەیەك، وتەیەكی پڕبایەخ، یان هەر نەخش و دیزاینێكی سەرنجڕاكێش، كە كڕیار هەبێت، دەتونیت لەسەر كوپی قاوە و چا و لەسەر جانتا و تەنانەت كراس و هەر كاڵایەك كە بەكاربردنی رۆژانەی هەبێت چاپیان بكەیت و هەر لە رێگەی ئینتەرنێتیشەوە بیانخەیتە بازاڕەوە.
هونەری دیجیتاڵی
یەكێك لە ئامرازەكانی زیرەكیی دەستكرد كە بە (Midjourney) ناسراوە، ئاسۆیەكی نوێ بە رووی جیهانی هونەردا دەكاتەوە، چونكە داهێنان دەكات لە بواری وێنە و نیگاری زۆر سەرنجڕاكێش تا رادەی ئەفسوناوی، ئەم بەرهەمە دیجیتاڵیانە دواتر لە سایتەكانی وەك (Etsy)، وەك ئەنتیكەیەكی هونەریی دیجیتاڵی نمایش دەكرێن و بینەرێكی زۆریان دەبێت.
جیهانی ریكلام
ئەگەر تۆ لە بواری نووسینی دەقی ریكلامدا كار دەكەیت و دەتەوێ توانا و لێهاتوویت بەرز بكەیتەوە و بەرهەمیشت زیاد بكەیت، ئەوا زیرەكیی دەستكرد یارمەتیدەرێكی زۆر باش دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی ریكلامەكانت، هەروەها وەك ریكلامنووسێكی سەربەخۆ دەتوانی سوود لە ئامرازەكانی زیرەكیی دەستكرد وەربگریت بۆ داهێنانی ناونیشانی نوێ و سەرنجڕاكێش و داڕشتنی زۆر سەركەوتوانەی ئەو دەقانەی پەیوەندییان بە ساغكردنەوەی كاڵاوە هەیە.
پێشكەش كردنی هەواڵ
زیرەكیی دەستكرد دەتوانێت یارمەتیت بدات لە پەرەپێدانی توانای داڕشتنی هەواڵ و شێوازی پێشكەشكردن، بە جۆرێك سەرنجڕاكێش بێت و بینەری هەبێت، دوای زیادبوونی بینەر دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ پارە پەیداكردن، بە وەرگرتنی ئابوونە لە بینەرەكانت، یان بە راكێشانی ریكلام بۆ بڵاوكردنەوەی لە پەیجەكەتدا بەرامبەر بە یارەیەكی دیاریكراو.
سەرچاوە: پرۆجێكت سەندیكەیت

بابەتە پەیوەندیدارەکان