ناڵە ناڵی هاڕینی دەنگ

01:38 - 2024-06-27
ئەدەب و هونەر
179 جار خوێندراوەتەوە
تەیب جەبار

-1-
حەز دەکەم بزانن،
ئێمە بە ئاوی بەرد..
خۆمان دەشۆین.
جل وبەرگی شوێنەوار..
دەپۆشین.
ساڵەهایە،
لە پێناوی کۆکردنەوەی..
بەروبووم بۆ جانەوەر،
تێدەکۆشین.
-2-
وەک وتم،
ئێمە بەرهەیوان و باخچەی ماڵەوە،
بە دڕکاو.. ئاوپرژێن دەکەین.
چوار وەرزە خەم و خەفەت،
لە خەزنە..
وەک پاشەکەوت دەخەین.
بۆ ژمێرەی کۆتایی ساڵ،
پشت بە خۆمان دەبەستین،
پەنا دەبەینە بەر خشتەی..
کۆبوونەوەی نەزۆک و بەتاڵ.

-3-
بۆ ئاگاداریتان،
ئێمە مەیلی ئەملا و ئەولامان نییە.
ئاگامان لە کانە بەرد و دار بڕینە،
بێ دەسەڵاتین بەرامبەر..
هاتنە ژوورەوە و دەزگای فڕین.
پتەوین..
وەک دار بەڕوو،
پاکژین..
وەک بەفری کوێستان،
سازگارین..
وەک کانیاوی ئەوین.
-4-
بەڵام بە داخەوە،
تازە زانیومانە،
هەندێ لە برادەران،
ساڵانە، چەند دۆنمێک..
لە هاوین وشک دەکەنەوە.
زستان، ئاوی گەرمی پیادەکەن و..
دەیخۆن.
دەست و پلیان..
بە سابونی (سەروەری) 
دەشۆن.

-5-
خۆتان باش دەزانن،
هەویری ئەم بەزمە..
ئاو زۆر دەکێشێ.
خۆمان ئامادە دەکەین،
بۆ شێلانی ناوشانی شاخ.
دادەبەزینە ناو خەڵک،
قۆڵ و باسکی شەقام..
نەرم دەکەینەوە.
دەست دەکەین بە پینە و پەڕۆی..
قسەی بێ کەڵک.
لەوسەرەوە بە کۆمەڵێ..
دەستکەوتی کون کونەوە..
دەگەڕێینەوە.

-6-
گەر وایە!!
ئێمە دەتوانین،
ئاسانکاری بکەین..
بۆ هەنگاونان بەرەو دواوە.
شیلەی خوێ بەکاربێنین..
بۆ برینی دواڕۆژ.
ئێمە دەتوانین،
شەقامێک هان بدەین..
سەری خۆی هەڵبگرێ.
ڕوبارێک قەناعەت پێ بکەین..
بۆ سەر شاخ سەرکەوێ.
ئێمە دەتوانین.

-7-
لێتان ناشارمەوە،
هەندێ وردە شت ماوە..
بۆتان باس بکەم.
وەکو، مێرولە چۆن دەچێ..
بەگژ قولەی قافا.
بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبین،
نابێ هەموو شتێک..
هەڵواسین بە تەنافا.
دەبێ قایمکار بین،
ئەستێرە کۆبکەینەوە،
بە تولەڕێدا ئاودیوی بکەین.
بۆ ئەوەی..
ئایندەی نەتەوە مسۆگەر بێ
وا باشە،
بە گەدەی بەتاڵەوە،
کێوماڵی دۆزەخ بکەین.
وریا بین،
خۆمان لادەین،
لە هەر خەونێک خەتەر بێ.
  
سلێمانی/ شوباتی 2024

بابەتە پەیوەندیدارەکان